رووداو دیجیتاڵ
کۆریای باکوور یاسایەک دەردەکات کە رێگە بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات و کیم جۆنگ ئونیش دەڵێت "هەرگیز" دەستبەرداری چەکی ئەتۆم نابن.
رۆژی هەینی 9ـی ئەیلوولی 2022، میدیای فەرمیی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە کە یاساکە رێگە بە وڵاتەکە دەدات بەشێوەیەکی "ئۆتۆماتیکی و دەمودەست هێزەکانی دوژمن تێکبشکێنێت" کاتێک وەکو خۆی دەڵێت، وڵاتێکی دیکە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەری.
هاوکات، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور چووە بەردەم بەرپرسانی سەربازیی وڵاتەکەی و رووی دەمی کردە ئەمریکا و رایگەیاند، تەنانەت ئەگەر 100 ساڵیش سزایان بەسەردا بسەپێنن، ئەوان هەرگیز دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی نابن.
کیم جۆنگ ئون جەختیشی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی هەرگیز لە وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمەوە پاشگەز نابێتەوە. هاوکات راشیگەیاند کە وڵاتەکەی ئامادەیە "لە هەر جەنگێکدا لەگەڵ ئەمریکا و کۆریای باشوور توانا ئەتۆمییەکانی بەکاربخات."
کیم ئەمریکاشی بەوە تۆمەتبارکرد کە لە هەر ساتێکدا بێت، "دەیەوێت حکومەتەکەمان" هەرەس پێبێنێت.
دانوستاندنەکانی ئەتۆم و سیاسەتی نێوان واشنتن و پیۆنگیانگ لە ساڵی 2019ـەوە لە رێڕەوی خۆیان دەرچوون. ئامانجی دانوستاندنەکانیش کەمکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا بوو بۆ سەر کۆریای باکوور و لە بەرامبەریشدا پیۆنگیانگ چالاکییە ئەتۆمییەکانی کەمدەکردەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی ئەمساڵدا، کۆریای باکوور زنجیرەیەک تاقیکردنەوەی مووشەکیی کردووە، لەنێویاندا تاقیکردنەوەی مووشەکیی کیشوەربڕ کە بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2017 تاقیکردەوە.
لە مانگی رابردووشدا، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی وڵاتەکە رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ بەکارهێنانی توانا ئەتۆمییەکانی لە هەر پێکدادانێکی سەربازیدا لەگەڵ ئەمریکا و کۆریای باشوور ئامادەیە، ئەگەر پێویست بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ