جیهان
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمە ئەڵمانییەکە، لە ساڵی 2023ـدا هەزار و 137 کەس و لە 2022ـیشدا 916 کەس دیپۆرت کراونەتەوە. وێنە: AFP/ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا دەڵێت، لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2024ـدا 1399 کەسیان دیپۆرت کردووەتەوە، ئەو ژمارەیەش 24% بەراورد بە 6 مانگی سەرەتای ساڵی 2023 زیاترە. زۆربەی دیپۆرتکراوەکان بۆ عێراق، مۆڵدۆڤا، تورکیا و نایجیریا بوون و 40%ی ئەوانەش نێردراونەتەوە پێشینەی تاوانیان هەبووە.
رۆژی هەینی 09-08-2024 یواکیم هێرمان، وەزیری ناوخۆی هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆی باڤاریا لە 6 مانگی سەرەتای ساڵی 2024ـدا هەزار و 399 پەناخوازی دیپۆرت کردووەتەوە، ئەوەش 24% لە هەمان ماوەی 2023 و 52% لە هەمان ماوەی ساڵی 2022 زیاترە.
باڤاریا هەرێمێکی ئەڵمانیایە و دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە. باڤاریا لە رووی رووبەرەوە گەورەترین هەرێمی ئەڵمانیایە و 13 ملیۆن و 369 هەزار و 393 کەسی تێدا دەژیت؛ نزیکەی 2.4 ملیۆن دانیشتووی ئەو هەرێمە پەناخواز و پەنابەرن یان لە دایک و باوکێکی پەنابەر لەدایکبوون. شاری میونخ پایتەختی هەرێمەکەیە و خاوەنی پەرلەمانی خۆیەتی بەناوی (لاندتاگ).
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمە ئەڵمانییەکە، لە ساڵی 2023ـدا هەزار و 137 کەس و لە 2022ـیشدا 916 کەس دیپۆرت کراونەتەوە.
هێرمان لە باسی رەچەڵەکی ئەوانەی دیپۆرتکراونەتەوە گوتی، "زۆربەی دیپۆرتکردنەوەکان بۆ عێراق، مۆڵدۆڤا، تورکیا و نایجیریا بوون، 40٪ـیان تاوانبار بوون"؛ هەروەها گوتی، "پێویستە سەرنجەکە لەسەر ئەو کەسانە بێت رێز لە سیستمیی یاساییمان ناگرن."
ئەو وەزارەتەی باڤاریا لەبارەی ئەو کەسانەی بە رەزامەندیی خۆیان گەڕاونەتەوە وڵاتانی خۆیان گوتی، ژمارەکە زیادی کردووە بە جۆرێک لە نیوەی یەکەمی 2023ـدا پێنج هەزار و 739 کەس، بەڵام لە نیوەی یەکەمی 2024ـدا حەوت هەزار و 539 کەس بە رەزامەندیی خۆیان چوونەوە وڵاتانی خۆیان.
یواکیم هێرمان کە جگە لە پۆستی وەزیری ناوخۆ، جێگری سەرۆکی هەرێمەکەیە، گوتی، "پێویستە بەردەوام بین لە زیادکردنی ژمارەی دیپۆرتکردنەوەی تاوانبارەکانی خەڵکی ئەفغانستان و سووریا. پێویستمان بە گۆڕانکارییە لە شێوازی کۆنترۆڵکردنی کۆچکردن بۆ ئەڵمانیا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ