رووداو دیجیتاڵ
دوای ناکۆکییەکی زۆری تیمەکانیان لەسەر کات و شوێنی دیبەیت، دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس رازی بوون کە لە مانگی ئەیلوولدا سێ دیبەیت بکەن.
کەناڵی ئەی بی سی نیوزی ئەمریکی رایگەیاند، دیبەیتی سەرۆکایەتی لەنێوان ترەمپ و هاریس لە 10-09-2024 لە کەناڵەکەیان بەڕێوەدەچێت. ترەمپ داوای دوو دیبەیتی دیکەشی کردووە.
پێش راگەیێندراوی ئەو کەناڵە، دۆناڵد ترەمپ لە ویلایەتی فلۆریدا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا پشتڕاستیکردەوە کە لە 10ـی ئەیلوول دیبەیت لەگەڵ هاریس دەکات. ئەو هەروەها داوای کرد دیبەیتێک 04ـی ئەیلوول و دیبەیتێکی دیکە لە 25ـی هەمان مانگ لە کەناڵەکانی فۆکس و ئێن بی سی بەڕێوەبچن، بەڵام هێشتا ئەوان پشتڕاست نەکراونەتەوە.
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا ترەمپ گوتی: "زۆر گرنگە دیبەیت بکەین." ترەمپ هەروەها هێرشی کردە سەر هاریس و گوتی: "ئەو ئاستی ئەوەی نییە دیبەیت بکات، تاوەکو ئێستا هیچ چاوپێکەوتنێکی نەکردووە."
تاوەکو ئێستا بڕیار لەوە نەدراوە دیبەیتەکەی 10ـی مانگی داهاتوو لە کام شاری ئەمریکا دەکرێت و ئاخۆ جەماوەر لە ستۆدیۆ ئامادە دەبن یان نا.
ئەمە یەکەم دیبەیتی نێوان ترەمپ و هاریسە، پێشتر ترەمپ بڕیاری دابوو رووبەڕووی نەبێتەوە، بەڵام هاریسی 59 ساڵ رایگەیاند: "ئەو لە دیبەیت دەترسێت."
رۆژی 03-08-2024 ترەمپ لە ویلایەتی جۆرجیا بوو، باسی لەوە کرد کەناڵی فۆکس نیوز لە 04-09-2024 دیبەیتێک لە ویلایەتی پێنسلڤانیا رێکدەخات، ترەمپ ئەوکات رایگەیاند لە دیبەیتەکەی کەناڵی ABC نیوز بەشدار نابێت. هەروەها پێشنیازی کرد جەماوەر لە هۆڵی دیبەیتەکەدا ئامادەبن.
تیمەکەی هاریس لە وەڵامی نامەی فەرمیی فۆکس نیوزدا رایانگەیاندووە، پێش ئەوەی هیچ بڕیارێک بدەن بۆ بەشداریی هاریس لە دیبەیتێک کە لە تەلەڤزیۆنەکە بکرێت، پێویستە ترەمپ بەشداریی دیبەیتەکەی ABC بکات.
یەکەم دیبەیتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە 2024 لە نێوان ترەمپ و بایدن لە 28-06-2024 بەڕێوەچوو. دیبەیتەکە لەلایەن کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکییەوە کرا و هیچ کەسێک لە ستۆدیۆ ئامادە نەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ