رووداو دیجیتاڵ
شتێکی ئاساییە سەرت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا دەرنەچێت. ئەوروپییەکان بە زیاتر لە 20 زمان دەنگدەدەن؛ لە هەر ناوچەیەکیش، لەسەر بنەمای بەدەستهێنانی ئامانجێک.
لێرەدا باس لەو شوێنە سەرەکییانە دەکەین کە تووندترین رکابەرییان تێدا دەکرێت.
هەنگاریا:
هەنگارییەکان ئەمڕۆ (یەکشەممە) دەنگ دەدەن.
ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا 15 ساڵە لەسەریەک سەرکەوتنی گەورەی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بەدەستهێناوە و چاوەڕێ دەکرێت ئەمجارەشیان بە ئاسانی زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەمڕۆ دۆستێکی دوێنێی، لێ بووەتە نەیار.
لە سێ هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، پارتی فیدێز کە ئۆربان سەرکردایەتیی دەکات، زیاتر لە 50٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. ئاماژەکان بەرەو ئەوەن؛ لەم هەڵبژاردنەشدا زۆربەی دەنگەکانی هەنگاریا دەباتەوە.
بەڵام هێزێکی نوێی ئۆپۆزیسیۆن دروستبووە؛ سەرکردەیەکی پێشووی فیدێز سەرکردایەتی دەکات کە ئێستا رەخنەگرێکی سەرسەختی ئۆربانە.
پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکە لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا بووەتە گەورەترین ئۆپۆزیسیۆنی هەنگاریا و رەنگە کورسیێکی فیدێز لە پەرلەمانی ئەورووپا بۆ خۆی ببات.
پیتەر ماگیار، پارێزەری تەمەن 43 ساڵ، لە شوباتی ئەمساڵ، بە تۆمەتبارکردنی حکومەتەکەی ئۆربان بە گەندەڵی و رەخنەگرتن لێی، ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە.
پارتەکەی ماگیار کە ناوی "رێزگرتن و ئازادی"ـیە، خۆی وەک پارتێکی میانڕەو و جێگرەوەیەک بۆ پارتە پۆپۆلیستە راستڕۆکەی ئۆربان پێشانداوە و چاوەڕوان دەکرێت، ژمارەیەک کورسی لە پەرلەمانی ئەورووپا بەدەستبهێنێت. پارتەکە قەیرانی ئابووری بۆ کۆکردنەوەی دەنگ قۆستووەتەوە و توانیویەتی پشتیوانیی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکە کە خەڵکی هەنگاریا لێیان رازی نین، بۆ خۆی ببات.
هاوپەیمانیی دیموکراسی، پارتێکی سۆسیال دیموکراتە، هەروەها پارتی لیبراڵی مۆمێنتەم، هێشتا ئومێدی ئەوەیان هەیە هەندێ کورسییان لە پەرلەمانەکە لەدەستدا بمێنێتەوە. چاوەڕێ دەکرێت پارتی "نیشتمانمان" کە راستڕۆی تووندڕۆیە، بۆ یەکەمین جار ببێتە خاوەن کورسی.
ئۆربان ئەم هەڵبژاردنەی بە ململانێی نێوان جەنگ و ئاشتی داناوە و بە دەنگدەرەکانی گوتووە، ئەگەر دەنگ بە ئۆپۆزیسیۆن بدەن، هەنگاریا راستەوخۆ دەخزێنرێتە نێو جەنگی ئۆکراینای دراوسێ و سەرەنجام جەنگێکی جیهانی. ئۆربان لە 2010ـەوە لە ترۆپکی دەسەڵاتی هەنگاریادایە.
ئیتاڵیا
پێشبینی دەکرێت "برایانی ئیتاڵیا" پارتە راستڕۆیە تووندڕۆکەی جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، ژمارەی کورسییەکانی لە پەرلەمانی ئەورووپا زیاد بکات، بەوەش هەژموونی خۆی لەنێو یەکێتیی ئەورووپا زیاتر دەکات.
پارتەکە ئێستا حەوت کورسیی هەیە.
خانمە سەرۆکوەزیرانەکە بە گرتنەبەری هەندێ سیاسەت لە بەرژەوەندیی ئۆکراینا و ئیسرائیل، توانیویەتی دڵی هاوپەیمانە میانڕەوە ئەمریکی و ئەورووپییەکانی رابگرێت، بەڵام لە نێوخۆی وڵاتەکەیدا، سەرکردایەتیی هەڵمەتێک بۆ چەسپاندنی کولتووری راستڕۆیی دەکات.
هەرچەندە چاوەڕوان دەکرێت میلۆنی دەنگی ئەو پارتانە بۆی خۆی ببات کە لە هاوپەیمانیی حکومەتدا لەگەڵی بەشدارن، پێشبینی ناکرێت هەڵبژاردنەکە هیچ کێشەیەک بۆ حکومەتەکەی دروستبکات.
پارتی "لێگا"ـی راستڕۆی دژەکۆچبەر، بە سەرکردایەتیی ماتیو سالڤینی و پارتی راستڕۆی میانڕۆی "فۆرزا ئیتالیا" بە سەرکردایەتیی ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوە، لە هاوپەیمانییەکەیدان.
راپرسییەکان دەریدەخەن "برایانی ئیتاڵیا" چارەگێکی دەنگەکانی ئیتاڵیا دەبنەوە، هاوشێوەی هەڵبژاردنی گشتیی ساڵی 2022ـی وڵاتەکە.
چاوەڕوان دەکرێت "پارتی دیموکرات"ـی چەپی میانڕەو ببێتە دووەم و، پارتی "5 ئەستێرە"ـی ئۆپۆزسیۆنیش سێیەم.
رۆژی شەممە، دەنگدان لە ئیتاڵیا دەستیپێکرد و یەکشەممەش بەردەوام دەبێت.
ئەو کەسانەی تەمەنیان 18 ساڵ و زیاترە، دەتوانن دەنگ بدەن بۆ ئەوەی 76 کورسیی وڵاتەکە لە پەرلەمانی ئەورووپا هەڵبژێرن.
فەرەنسا
راپرسییەکان دەریدەخەن مارین لۆپێن بە هزرە دژەکۆچبەر و نەتەوە پەرەستەکانییەوە، سەرکەوتنێکی گەورە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا بەدەستدەهێنێت.
چاوەڕواندەکرێت "بەرەی نیشتمانی" واتە پارتەکەی لۆپێن، زۆربەی 81 کورسییەکەی فەرەنسا بباتەوە و بە مەودایەکی زۆر لە پێش پارتە میانڕۆیەکەی سەرۆککۆمار، ئیمانوێل ماکرۆنەوە بێت.
جۆردان باردێلا، بەربژێر و سەرۆکی لیستی "بەرەی نیشتمانی" بۆ پەرلەمانی ئەورووپا، بەڵێنی بە فەرەنسییەکان داوە، هاتووچۆی کۆچبەران لەنێو سنوورە واڵاکانی یەکێتیی ئەورووپادا کۆتوبەند بکات و ئەو رێکارانەش هەڵبووەشێنێتەوە کە یەکێتیی ئەورووپا بۆ پاراستنی کەشوهەوا گرتوونەتییەبەر.
پارتەکە چیدیکە نایەوێت فەرەنسا لە ناوچەی یۆرۆ یان یەکێتیی ئەورووپا بباتە دەرەوە، بەڵام نایشارێتەوە کە دەیەوێت لە نێوخۆیەوە لاوازی بکات.
زۆر لە فەرەنسییەکان لەم هەڵبژاردنەدا، وەک راپرسییەکان پێشانی دەدەن، بە دەنگدان لە دژی ماکرۆن، ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر دۆخی ئابووری، یاساکانی کشتوکاڵ و ئاساییش، لەسەر سندووقی دەنگدان دەردەبڕن. دەکرێت ئەوەش زیانێکی بەرچاو بە ماکرۆن بگەیێنێت، لە کاتێکدا هەوڵدەدات وەک سەرکردەی ئەورووپا پشتیوانی لە ئۆکراینا بکات و بەرگریی و پیشەسازیی یەکێتیی ئەورووپاش بەهێز بکات.
ئەڵمانیا
لە ئەڵمانیا کە خاوەن زۆرترین ژمارەی کورسیی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپایە (96 کورسی)، چاوەڕوان دەکرێت سێ پارتە چەپە میانڕەوەکانی نێو هاوپەیمانیی حکومەتەکەی ئۆلاف شۆڵتز، دەنگی زۆر لەدەستبدەن، ئەوەش بەهۆی ناڕەزایی خەڵک لە ئابووریی لاوازی وڵاتەکەیان.
پارتی راستڕۆی میانڕەوەی ئۆپۆزیسیۆن چاوی لەوەیە؛ قازانج بکات و وەک بەهێزترین پارتی ئەڵمانی لە برۆکسل پێگەی خۆی بهێڵێتەوە.
بەڵام سەرنجە سەرەکییەکە لەسەر پارتی راستڕۆی تووندڕۆی "ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا" دەبێت، کە لەماوەی ساڵێکدا توانیویەتی پشتیوانیێکی بەهێز بەدەستبهێنێت، بەڵام ژمارەیەک نسکۆشکی بەرکەوتووە، لەنێویاندا دوو ئابڕووچوون کە یەخەی دووی بەربژێریی سەرەکیی پارتەکەی گرتووەتەوە.
پێشبینی دەکرێت پارتەکە بەراورد بە هەڵبژاردنەکەی 2019، دەنگەکانی زیاد بکات، بەڵام زۆر نا.
یەکشەممەی سوپەر
لە دوایین رۆژی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا، کە بە یەکشەممەی سوپەر ناسراوە، دانیشتووانی 21 وڵاتی ئەو کیشوەرە دەچنە سەر سندووقی دەنگدان و لەنێویشیان وڵاتانی زلهێزی ئەورووپا وەکو؛ ئەڵمانیا، فەرەنسا، پۆڵەندا و ئیسپانیا.
بەگوێرەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەورووپا، بنکەکانی دەنگدان تاوەکو کاژێر 8:30ـی ئێوارە کراوە دەبن و چاوەڕێش دەکرێت لەکاژێر 11ی شەو بە کاتی هەولێر، ئەنجامە بەراییەکانی ژمارەیەک لە وڵاتەکان رابگەیێندرێن.
بەگوێرەی راپرسییەکان، چاوەڕێ دەکرێت نزیکەی لەسەدا 60٪ـی ئەو دەنگدەرانەی مافی دەنگدانیان هەیە، بەشداری هەڵبژاردن بکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە، لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا، رێژەی بەشداری 50٪ بوو.
هەروەها بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی لەو شەش وڵاتە ئەورووپیەی تائێستا هەڵبژاردنیان تێدا کراوە، رێژەی دەنگەکانی پارتە راستڕۆکان، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
دەنگدەرانی ئەورووپا، لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی جەنگی ئەورووپا، قەیرانی کۆچبەران و گرانبوونی تێچوو، لە دەسەڵاتدارانی ئەورووپا توڕەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ