رووداو دیجیتاڵ
پێنتاگۆن بە رووداوی رایگەیاند، ئێران لە رێگەی هێزە بەوەکالەتەکانییەوە، هەوڵدەدات سیاسەتی دەرەوەی خۆی جێبەجێبکات و ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست "دووربخاتەوە".
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی ئایار، لە بارەگەی سەرەکیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە ئارلینگنتن، دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە ئەمریکا لە پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆنی پرسی، بەپێیی چەند راپۆرتێک "ئێران هەوڵی جیدی دەدات بە زیادکردنی هەژموونی خۆی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بە سوود بینین لە خێڵەکانی ناوچەکە، بەتایبەتیش خێڵە عەرەبەکان بۆ دروستکردنی هێزی بەوەکالەت هاوشێوەی ئەو گرووپانەی لە عێراق هەیانە، ئایا ئێوە لەمە نیگەرانن؟"
رایدەر لە وەڵامدا گوتی: "ئەمە رەفتارێکی نوێی ئێران نییە؛ ئەمە شێوازی کارکردنیانە کە ئەویش راهێنان پێکردنی هێزە بە وەکالەتەکان و سەپاندنی هەژموونە بەسەریاندا بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە سیاسەتی دەرەوەی خۆیان جێبەجێبکەن بۆ دوورخستنەوەی ئەمریکا و هاوبەشەکانی دیکەمان لە ناوچەکە، تاوەکو بتوانن هەرچییەکیان ویست بێ لێپرسینەوە، بیکەن."
مەبەست لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە.
مانگی ئابی پار، کۆمەڵێک هێزی چەکداری عەرەب کە حکومەتی سووریا پشتیوانیان دەکرد، لە هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە هەڵگەڕانەوە. دوای شەڕێکی دوو هەفتەیی و کوژرانی 90 کەس، لە نێویاندا 9 سڤیل و برینداربوونی 104ی دیکە، هەسەدە رایگەیاند کە یاخیبوونەکەی کپکردووە.
هەڵگەڕانەوەکە دوای ئەوە هات کە هەسەدە سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزرۆی لە پۆستەکەی دوورخستەوە و دواتر بە تۆمەتی گەندەڵی و تاوانکاری دەستگیرکرد. ئەو کەسە سەرکردەیەکی دیاری هۆزە عەرەبەکان بوو بە ناوی ئەبو خەولە.
ئەمریکا ئەو کات پشتیوانیی خۆی بۆ هەسەدە لە دژی هێزە یاخیبووەکان نیشاندا.
گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن رۆژی پێنجشەممە، لەبارەی پەیوەندیی ئێران و گرووپە چەکدارەکانەوە بە رووداوی گوت: "بێگومان ئەوە شتێکە کە بەردەوام چاومان لەسەرە.. ئێمە رێز لە سەروەریی ئەو وڵاتانەی ناوچەکە دەگرین کە کاریان لەگەڵدا دەکەین، پێچەوانەی ئەم گرووپە بەوەکالەتانە کە خۆیان لە ناوچەکەدا گیرکردووە."
راپۆرتی چارەکی کۆتایی ساڵی رابردووی پشکنەری گشتیی ئەمریکا پشتڕاستیکردبووەوە کە ئەو هێزە عەرەبانەی لە دژی هەسەدە شەڕدەکەن، لە لایەن تاران و دیمەشقەوە پشتیوانی دەکرێن.
ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەیە، کە زۆربەیان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە جێگیرکراون بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆیان، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیێکی نێودەوڵەتیدا، رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش بکەن.
رایدەر باسی لەوە کرد کە ئەوان لە سووریا، سەرنجیان "بە پلە یەک لەسەر تێکشکاندنی داعشە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بە هۆشیاری دەمێنینەوە لە بەرامبەر هەڕەشە فراوانترەکانی ناوچەکە، لە کاتێکدا کە ئێمە کار لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانانمان دەکەین بۆ ئەوەی چاومان لەسەری بێت و نەهێڵین لە داهاتوودا دۆخێک دروستبێت کە تێیدا هێزەکانمان، هاووڵاتیانمان، هاوبەش یان هاوپەیمانانمان بکەونە ژێر هەڕەشەوە."
لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردەدا لە بارەی ئەگەری بەهێزبوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا، رایدەر گوتی: "بە هیچ شێوەیەک داعش ئەو توانایەی نەماوە کە پێش 10 ساڵ هەیبوو، ئەمەش شتێکی باشە،" بەڵام گوتیشی: "ناتوانین پشوو بدەین؛ پێویستە بەردەوام بین لە پێکەوەکارکردن بۆ ئەوەی رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش لەو ناوچەیە بکەین."
گرووپە پەڕگیرەکە ساڵی 2014 شاڵاوێکی بردە سەر عێراق و سووریا، دوای کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوان بە کوشتوبڕ، خەلافەتێکی راگەیاند.
ساڵی 2017 لە عێراق و ساڵی 2019 لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا تێکشکاندنی خەلافەتەکەی راگەیێندرا، بە گوێرەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، هێشتا گرووپەکە 2,500 چەکداری لە هەردوو وڵات ماون.
رایدەر هەروەها هۆشداری لە بارەی بەندکراوانی داعشدا کە لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستاندا خراونەتە ژێر چاودێرییەوە: "هێشتا هەندێک شوێنی وەکو کەمپی هۆڵ هەن کە چەند هەزار زیندانیی داعشیان تێدایە و پێویستە بگەڕێندرێنەوە وڵاتانی خۆیان. بۆیە بەردەوامین لە کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو بارەیەوە."
زۆربەی نیشتەجێکراوەکانی کەمپەکانی هۆڵ و رۆژ لە حەسەکە، ژن و منداڵن و لە دۆخێکی ناخۆشدا دەژین.
هۆڵ گەورەترین کەمپی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریایە، زیاتر لە 43 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێکراون، کە خەڵکی 47 وڵاتن و زۆربەیان کەسوکاری چەکدارانی داعشن.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، چەندین جار داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بەرپرسیارێتیی خۆیان بەجێبگەیێنن و یارمەتیدەر بن لە دابینکردنی پێداویستییەکانی کەمپەکان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن، کە پێویستیان بە سەرچاوەی دارایی گەورە هەیە، کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نیەتی.
گوتەبێژی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوە کرد کە "لە شوێنەکانی وەک ئەفریقا و ئەفغانستان، دەبینیت کە داعش خەریکە بەهێز دەبێت و ئەمەش لە روانگەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرەوە گرنگە و هەڕەشەیەکە کە پێویستە بەردەوام بە جیدی وەربگرین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ