رووداو - هەولێر
ڤایرۆسی کۆرۆنا گوڵەکانی ئیتاڵیای سیس و ژاکاو کردووە؛ زیانێکی گەورەی لە کەرتی گوڵ لەو وڵاتە داوە و زۆربەی کۆمپانیاکانی گوڵ لە ئیتاڵیا خەریکە مایەپووچ دەبن و چیدیکە ناتوانن گوڵ بەرهەمبهێنن و بیانفرۆشن.
ئەم رووداوە بۆ کرێکار و کارمەندەکانی ئەو کۆمپانیایانە ناخۆش و بە ئازارە؛ میشێل پیزیگال، ئەندازیاری کشتوکاڵ دەڵێ "من هەر لە سەرەتاوە، لەو کاتەی کە روواندوومانن چاودێریی رووەکەکانم کردووە، بەڵام دەبینم لەجیاتی ئەوەی بفرۆشرێن لە کێڵگەکاندا ماونەتەوە، گوڵەکان لێرە ماونەتەوە و زیاد لە پێویست گەشەیان کردووە، ئەمەش دەبێتە هۆکاری وێرانبوونیان و ئازارم دەدات کە هەوڵەکانی ئەم سێ بۆ چوار مانگەمان بەفیڕۆچووە".
ئەم گوڵانە ئێستا هیچ کڕیارێکیان نییە، نە لە نێوخۆی ئیتاڵیا و نە لە دەرەوەی ئەو وڵاتەش. بەپێی خەمڵاندنەکان، زیانەکانی کۆرۆنا بۆسەر ئەو کەرتە، زیاتر لە 70% دەبێت، هۆکاری ئەم زیانە گەورەیەش ئەوەیە کە ئێستا وەرزی گوڵە و کێڵگەکان پڕن لە گوڵ، بەڵام کڕیاریان نییە.
خاوەنی کۆمپانیای گوڵی ساراسینۆ لە ئیتاڵیا دەڵێ، بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 100 هەزار گوڵمان بەرهەمهێناوە و دەبێ گوڵەکان فڕێبدەین؛ ئەلیساندرۆ دی گریگۆری، خاوەنی کۆمپانیاکە دەڵێ "زیانەکانی سەر ئەم کۆمپانیایە، وەکو هەموو کۆمپانیاکانی دیکە لە ناوچەی کشتوکاڵیی پۆنتینا، لە باشووری ناوەڕاستی ئیتاڵیا زیانی گەورەن. تێکڕای زیانەکە لە 70% دەبێت، چونکە بەداخەوە ئەم رووداوە لە خراپترین کاتی ساڵدا هات، ئەگەر لە مانگەکانی تەممووز، ئاب و ئەیلوولدا هاتبا زیانەکان کەمتر دەبوون".
زیانەکانی ڤایرۆسی کۆڤید 19 بۆسەر گوڵەکان لە ئیتاڵیا لەکاتێکدایە کە زیاتر لە 27 هەزار کۆمپانیای تایبەت بە گوڵ لەو وڵاتە هەن، 100 هەزار کرێکار لە کۆمپانیاکانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی گوڵ کاردەکەن و داهاتی ساڵانەیان زیاتر لە 2.5 ملیۆن یۆرۆیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ