لە فینلاند کاتێک ژنێک منداڵی دەبێت مێردەکەیشی 160 رۆژ مۆڵەتی پێدەدرێت

08-11-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە فینلاند، دوای ئەوەی ژنێک منداڵی دەبێت، دەتوانێت پشووی دایکانە وەرگرێت. ئەو پشووە باوکەکەش دەگرێتەوە. ئاژانسێکی کۆمەڵایەتیی ئەو وڵاتە دەڵێت، ئامانج لە دیاریکردنی ئەو پشووە بۆ دایک و باوک، بۆ ئەوەیە کە یەکسانیی رەگەزی هەبێت.
 
لەو وڵاتەی ئەورووپا، دوای ئەوەی دایکەکە منداڵی دەبێت؛ لەگەڵ باوکی منداڵەکە هەریەکەیان دەتوانن 160 رۆژ پشوو وەربگرن. ئەو ئاژانسە دەڵێت، ئەمە بۆ ئەوەیە دایکان و باوکان بتوانن کاتی زیاتر لەگەڵ خێزانەکانیان بەسەربەرن.
 
هەروەها، هەر یەکێکیان دەتوانێت 63 رۆژ لەو 160 رۆژە بداتە ئەوەکەی دیکە، بۆ نموونە باوکەکە دەتوانێت 63 رۆژ لەو باڵانسەی هەیەتی بیداتە هاوژینەکەی و بە پێچەوانەشەوە.
 
ئاژانسی کێلا کە تایبەتە بە کاروباری کۆمەڵایەتیی فینلاند دەڵێت، دوای ئەوەی ئەو یاسایە لە ساڵی 2022 تێپەڕێنرا، ئێستا باوکان دەتوانن کاتی زیاتر لەگەڵ منداڵە تازە لەدایکبووەکانیان بەسەرببەن و چاودێرییان بکەن.
 
کێلا دەڵێت، لە ساڵی 2021 هەموو باوکێک مافی ئەوەی هەبوو 54 رۆژی پشوو وەربگرێت و چاودێریی هاوژینەکەی بکات. هەروەها لە ساڵی 2022، باوکان تێکڕا 78 رۆژیان وەرگرت. حکومەت ژمارەکەی بۆ 160 رۆژ بەرزکردەوە.
 
لیۆ ڤاینی هاووڵاتییەکی فینلاندییە و دانیشتووی شاری هێلسنکیی پایتەختە، ئەو دەڵێت، دوای تێپەڕاندنی ئەو یاسایە، باوک زیاتر لە ماڵەوە دەمێنێتەوە و کات بەسەر دەبات. 
 
لیۆ ئەو قسانەی لە کتێبخانەی ناوەندیی (ئوودی) کرد کە باوکان لەگەڵ منداڵەکانیان بۆ کات بەسەربردن رووی تێدەکەن. لیۆ منداڵێکی تەمەن یەک ساڵی هەیە و دەڵێت: "دوو مانگە لە ماڵەوەم."
 
ئەمە تەنیا لە فینلاند وانییە، لە سوێد دوای ئەوەی منداڵێک لەدایک دەبێت، دایک و باوکەکە پێکەوە 480 رۆژیان هەیە و دەتوانن لە نێوان خۆیان بەشی بکەن، بەو مەرجەی بەشی هیچ کامیان لە 90 رۆژ کەمتر نەبێت.
 
لە نەرویج دایک و باوک دەتوانن 49 هەفتە پشوو وەرگرن و مووچەی 100٪ وەربگرن، ئەگەر 59 هەفتە پشوو وەرگرن، مووچەکەیان دەبێتە 80٪. دووبارە، لە نەرویج دایک و باوک ئەو ماوەیە لە نێوان خۆیان بەشدەکەن، بەڵام بەو مەرجەی بەشی کەسیان لە 15 هەفتە کەمتر نەبێت. 
 
لە دانیمارک، خێزان 52 هەفتە پشووی هەیە، بەو مەرجەی 18 هەفتە وەک پشووی دوای منداڵ لە دایکبوون بدرێتە دایک و  هەفتەکانی دیکەش لەگەڵ هاوژینەکەی بەش بکات.
 
لە کەنەدا، 40 هەفتە وەکو پشووی دایکانە و باوکانە دیاریکراوە. لە بەریتانیا 39 هەفتە و لە فەرەنسا و ئیسپانیاش 16 هەفتە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە