رووداو دیجیتاڵ
نۆزدەیەمین راپۆرتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، تەنیا لە دوو مانگی ئەم ساڵدا، داعش توانیویەتی "بەشێوەیەکی کاتی" لە عێراق جموجوڵەکانی زیادبکات، لە سووریاش بە درێژایی ئەم ساڵ هێرشەکانی زیاتربوون. لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش دا داوا کرا تراژیدیای بەرامبەر کوردانی ئێزدی "لەبیر نەکرێت و دووبارە نەبێتەوە".
هەڕەشە هەرە گەورەکەی لەسەر وڵاتانی ئەفریقایە کە بە گوێرەی راپۆرتەکە، مەترسیی دەکرێت ناوچەیەکی بەرفراوان لە مالییەوە تا نایجیریا کۆنترۆڵ بکات. وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوا دەکەن، ئەو کارەساتەی داعش بەسەر کوردانی ئێزدیدا هێنای، لەبیرنەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڤیلادمیر ڤۆرۆنکۆڤ، بەڕێوەبەری نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، نۆزدەیەمین راپۆرتی سکرتێری گشتیی رێکخراوەکەی لەبارەی هەڕەشەکانی داعش پێشكێش بە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد.
ڤۆرۆنکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، لە مانگەکانی کانوونی دووەم و ئادار، جموجۆڵەکانی داعش لە عێراق، "بەشێوەیەکی کاتی زیادبوون، کە پێشتر لەوێ جموجۆڵەکانی تا رادەیەکی زۆر، وەستێنرابوون."
لە سووریاش، داعش هێرشەکانی زیادکردووە، "بە تایبەتیش لە ناوچەی بیابانی نێوەڕاست" لە پارێزگای حومس، کە کەلێنی ئەمنی هەیە.
ڤۆرۆنکۆڤ گوتیشی: "هەوڵی بەردەوامی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پێویست دەبن بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت داعش دەستکەوتەکانی زیاد بکات."
43 هەزار کەس لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان ماون
هاوکات بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرانی ژمارەیەک وڵات داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، هاووڵاتییانیان لە کەمپەکانی هۆل و رۆژ لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بگەڕێننەوە، کە پێکدێن لە چەکدارانی داعش و کەسوکاریان.
ڤۆرۆنکۆڤ رایگەیاند: "هەوڵی زیاتر پێویستە بۆ چارەسەرکردنی دۆخی خراپی ئەمنی، مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ لە کەمپەکان و ناوەندەکانی دیکەی دەستبەسەرداگرتن لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا" کە مەبەست لێی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایتیی خۆسەرە.
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان "بەردەوامە لە بانگەوازەکانی بۆ وڵاتانی ئەندام کە هاووڵاتییانیان لەو کەمپانەدا گیریان خواردووە، هەوڵەکانیان زیادبکەن و ئاسانکاری بکەن بۆ گەڕانەوەی سەلامەت و شکۆمەندانەی هاووڵاتییەکانیان."
رۆبەرت وود، جێگری باڵیۆزی هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بەوە کرد، لە سێ ساڵی رابردوودا، نزیکەی 11 هەزار کەس لەو کەمپانە گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکانیان، "لە نێویاندا 5 هەزار لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا."
ستایشی عێراق دەکرێت
وود، بە دیاریکراوی ستایشی عێراقی کرد لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی لەو کەمپانە.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، لە دوای کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش، عەلی جیهانگیری، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا 11 هەزار هاووڵاتیی عێراقییان لەو کەمپانە گەڕاندووەتەوە، کە 9 هەزاریان لە کەمپی جەدعە لە نەینەوا نیشتەجێکراون.
بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە "هێشتاش دۆخی کەمپەکانی هۆڵ و رۆژ لە سووریا ئاڵەنگارییەکی مرۆیی، مافی مرۆڤ و ئەمنییە. زیاتر لە 43 هەزار کەس لەو کەمپانەدان کە زۆربەیان منداڵن. پێویستە وڵاتەکانیان کاری زیاتر و خێراتر بکەن بۆ ئەوەی هاووڵاتییانیان لە باکووری سووری بگەڕێننەوە."
بە گوتەی وود، هێشتا 43 هەزار کەس لە کەمپەکانی حەسەکە و گرتووخانەکانی دیکەدای ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دا ماون. 22 هەزار لەوانە، بە گوتەی جیهانگیری، 22 هەزار لەوانە خەڵکی عێراقن.
وود بە ئەنجوومەنی ئاسایشی گوت: "گەڕانەوەی ئەو کەسانە بۆ کۆمەڵگە بنەڕەتەکانیان، لەگەڵ مسۆگەرکردنی بەزاندنی بەردەوامی داعش پێکەوە بەستراونەتەوە،" داواشی کرد، "وڵاتەکانیان کاری زیاتر و خێراتر بکەن بۆ ئەوەی هاووڵاتییانیان لە باکووری سووریا بگەڕێننەوە."
دوای ئەوەی لە ساڵی 2011 شەڕی نێوخۆی سووریا لە ئەنجامی سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی دژی بەشار ئەسەدی سەرۆککۆماری وڵاتەکە دەستیپێکرد، رێکخراوە پەڕگیرەکان، لە نێویاندا داعش دەستیان بە کۆکردنەوەی هێزکرد. تاوەکو لە ساڵی 2014 شاڵاوێکی خوێناویی کردە سەر سووریا و عێراق، رووبەرێکی بەرفراوانی داگیرکرد و خەلافەتی راگەیاند.
ساڵی 2017 لە عێراق و باشووری کوردستان و ساڵی 2019 لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بەزاندنی خەلافەتەکە راگەیێندرا، بەڵام شانە نووستووەکانی هێشتا لە ناوچە دوورەپەرێزەکان بەردەوامن لە هێرشی ناوبەناوی پارتیزانی.
راپۆرتەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەگوێرەی بڕیارنامەی ژمارە 2253ی ساڵی 2015 هەر چوار مانگ جارێک دەدرایە ئەنجوومەنی ئاسایش، بەڵام لە ساڵی 2021ـەوە، بەپێی بڕیارنامەی ژمارە 2610، هەر شەش مانگ جارێک پێشكێشدەکرێت.
پێشكێشكردنی راپۆرتەکەی ئەمجارە، هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕینی 10 ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی لە قەزای شنگالی باشووری کوردستان لەلایەن داعشەوە، کاتێک لە ئابی 2014ـدا، 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی بە دەستی چەکدارانی رێکخراوەکە بە تیرۆرست پۆڵێنکراوەکە رفێندران، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران.
'تراژیدیای کوردانی ئێزدی لەبیرنەکرێت'
جێس جامبێرت گرەی، رێکخەری کاروباری سیاسیی بەریتانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش گوتی: "لە کاتێکدا کە 10 ساڵ بەسەر جینۆسایدی داعش دژی خەڵکی ئێزدیدا تێدەپەڕێت، ناتوانین چاومان لەسەر شەڕی دژی داعش لاببەین لە کاتێکدا بۆ هەندێ شوێنی نوێ تەشەنە دەکات."
هەروەها شینۆ میتسوکۆ، جێگری باڵیۆزی هەمیشەیی ژاپۆن بە ئەنجوومەنەکەی گوت: "با ئەو تووندوتیژییە سێکسییەی 10 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن داعشەوە بەرامبەر بە خەڵکی ئێزدی کرا، لە یادمان نەچێت. ئەوانەی کردەوەی لەو جۆرەیان کرد، پێویستە رووبەڕووی لێپرسینەوە بکرێنەوە. پێویستە رێگە نەدەین هەمان تراژیدی لە هیچ شوێنێکی جیهان دروستبێتەوە."
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2800 کوردی ئێزدی رفێندراو لەلایەن ئەو رێکخراوە پەڕگیرەوە بێسەروشوێنن.
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، لەو کوردە ئێزدییانەی رفێندران، تاوەکو ئەمڕۆ 3576 کەسیان رزگارکراون و 2841 کەسیان بێسەروشوێنن.
گەورەترین مەترسیی لەسەر کیشوەری ئەفریقایە
لە راپۆرتەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا باس لەوە کراوە کە رێکخراوە پەڕگیرەکان، لە نێویاندا رێکخراوی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی کە جگە لە سووریا و عێراق لە چەندین وڵاتی دیکەش لقی هەیە، لە ناوچەی ساحلی ئەفریقا هێرشەکانیان بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان، خەڵکی سڤیل و ژێرخانی شارەکان زیادکردووە و "تیرۆر" لە ناوچەکە بڵاودەکەنەوە.
هێرشی ئەو گرووپە پەڕگیرانە بوونەتە هۆی دەربەدەربوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵک و دروستبوونی قەیرانی مرۆیی.
ڤۆرۆنکۆڤ گوتی: "هەڕەشەی تیرۆر لە رۆژئاوای ئەفریقا و ناوچەی ساحل خراپتر دەبێت. گرووپە پەڕگیرەکان، لەنێویاندا دارودەستەکانی داعش، رووبەڕێکی فراوانتری ناوچەکە دەخەنە ژێر چەپۆکی خۆیان و هەڕەشە لە سەقامگیریی ژمارەیەک وڵات دەکەن."
ڤۆرۆنکۆڤ هۆشداری دا و گوتی: "شارەزایان دەترسن کە ئەگەر رێکاری دەستبەجێ نەگیرێتەبەر، ئەوا ئەم گرووپانە دەتوانن رووبەرێکی فراوان لە مالییەوە تا نایجێریا کۆنترۆڵ بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ