رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سوێد لە راپۆرتێکیدا لەبارەی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی هۆشداری لە مەترسیی بەکارهێنانی کۆچبەران بۆ نانەوەی پشێوی دەدات.
ئۆلف کریستەرسۆن، سەرۆکوەزیران و هێنریک لاندەرهۆلم، راوێژکاری ئاساییشی نیشتمانیی سوێد ستراتیجێکی نوێیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشە ئەمنییەکان خستەڕوو.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی حکومەت، "لە دۆخی ئەمنیی ئێستادا، هەڕەشەی سەر سوێد گەورە و مەترسیدارە" و چاوەڕوان دەکرێت بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت.
لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە لێشاوی گەورەی کۆچبەران مەترسییە بۆ سەر وڵاتە سکەندەناڤییەکە، چونکە دەکرێت کەسانی "نیازخراپ" لەگەڵ کۆچبەران دزە بکەنە نێو وڵاتەکە.
راپۆرتەکە دەڵێت، مەترسی هەیە کۆچبەران "وەک ئامرازێک بۆ نانەوەی پشێوی یان وەک ئامرازێک بۆ گوشارخستنە سەر سوێد" بەکاربهێنرێن، بۆیە لە ستراتیجییە نوێیەکەدا بە پێویست دەزانرێت "هاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتییە جیاجیاکانی" سوێد دا بکرێت.
ئۆڵف کریستەرسۆن دەڵێت: "ئاسایشی نێوخۆ و دەرەوە بە شێوەیەکی بەهێز پێکەوە بەستراون. هەندێ کەسی خاوەن سەرمایەی گەورە لە سوێد دەژین و هەندێ هێزی بیانی دەیانەوێ سوودیان لێ ببینن."
ئامارە فەرمییەکان پیشانیدەدەن، پار 94 هەزار و 514 کۆچبەر چوونەتە سوێد کە کەمترین ژمارەی ساڵانەی کۆچبەرانە لە ساڵی 2015ـەوە تۆمارکرابێت، جگە لەو ساڵانەی کۆرۆنا هەبوو.
هەڕەشەیەکی دیکەی لە ستراتیجییەکەدا باس کراوە، تاوانی رێکخراو و پەڕگیرییە کە بە مەترسی بۆ سەر دیموکراسی و پێکەوەژیانی کۆمەڵگەی سوێدی دانراون.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، زۆر کەس هەن کە لە دەرەوەی بازانەی ئاساییشی کۆمەڵایەتیدان و لە کەرتی گشتی دابڕاون کە "دەکرێت خۆیان ببنە هەڕەشەیەکی ئەمنی."
بەڵام ستراتیجییەکە رووسیا بە گەورەترین هەڕەشەی سەر ئاساییشی نیشتمانی سوێد دادەنێت. حکومەتی سوێد پێیوایە، وێڕای ئەوەی "رووسیا زیانی گەورەی بەرکەوتووە، هێشتا هێزێکی سەربازیی گەورە هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ