رووداو دیجیتاڵ
خۆشیان چاوەڕێیان نەدەکرد ئەم ئەنجامە بەدەستبێنن. چەپڵە بۆ سەرکەوتنی هاوپەیمانیی چەپڕۆی بەرەی نوێی گەل لێدەدەن، کە سۆسیالیستەکان، سەوزەکان، کۆمۆنیست و چەپە توندئاژۆکان لەخۆدەگرێت.
ژۆن لوک میلۆنشۆی سەرکردەی پارتی چەپی فەرەنسای خۆنەچەمێن، داوایەک لە ماکرۆنی سەرۆککۆمار دەکات.
ژۆن لوک میلانشۆ، سەرکردەی پارتی فەرەنسای خۆنەچەمێن دەڵێت: "پێویستە سەرۆک یان بڕوات، یانیش سەرۆکوەزیرانێک لە ریزەکانی ئێمە هەڵبژێرێت."
جەماوەرەکەش پێکەوە دروشمی "دەستلەکاربکێشەوە ماکرۆن" دەڵێنەوە. ئێرەش هەر پاریسە، بەڵام بێ فیکە و چەپڵە. ئەمە ماری لوپێنە، سەرکردەی پارتی راستڕۆی توندڕۆ لە نێو لایەنگرانیدا. نیگەرانی دایگرتوون.
بۆ ئەوان نەک هەر چاوەڕواننەکراو، بەڵکو ئەنجامەکە بێهیواکەریشبوو.
گەڕی یەکەمی دەنگدانەکەیان بە جیاوازی گەورە بردبووەوە و چاویان لەوە بوو یەکەم بن.
بەڵام لە گەڕی دووەمدا، لە زیاتر لە 200 بازنە، چەپەکان و میانڕۆکان گەلەکۆمەکێیان لەسەر کردن، بەربژێرەکانی خۆیان کەمکردنەوە بۆ ئەوەی بەربژێرەکانی دیکەیان زۆترین دەنگ لە دژی پارتە راستڕۆ توندڕۆکە بەدەستبێنن.
لە ئەنجامدا، چەپەکان یەکەم، میانڕۆکان بە سەرکردایەتیی ماکرۆن دووەم و راسترۆ توندڕۆکان سێیەم بوون.
ماری لوپێن، سەرکردەی پارتی بەرەی نیشتمانی دەڵێت: "جێگەی داخە. ساڵێکی دیکەشمان لەدەستدەچێت، ساڵێکی دیکەی پڕ لە کۆچبەری نایاساییمان دەبێت، ساڵێکی پڕ لە زیانی کڕینی کارەبا، ساڵێکی دیکەی تەقینەوەی نائارامی لە وڵاتەکەماندا دەبێت."
هیواکانی ئەم گەنجە تەمەن 28 ساڵەش بۆ بوون بە سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا، بوون بە هەڵم.
جۆردن باردێلا، سەرکردە لە پارتی بەرەی نیشتمانی باس لەوە دەکات: "بەداخەوە، هاوپەیمانییە شەرمەزارەکە و رێککەوتنە مەترسیدارەکانی ئیمانوێل ماکرۆن و گابریێل ئاتال لەگەڵ چەپە توندئاژۆکان، فەرەنسییەکان لەو سیاسەتانە بێبەش دەکەن کە دەیانتوانی فەرەنسا چاکبکەنەوە."
هاوپەیمانە میانڕۆکەی ماکرۆن وێڕای ئەوەی چەند دەرزنە کورسییەکەی لەدەستدا، ئەنجامەکەی هێندە خراپ نەبوو کە پێشبینی دەکرا.
گابریێل ئاتال کە سەربە بەرەکەی ئەوە، رایگەیاند دەست لە پۆستی سەرۆکوەزیران دەکێشێتەوە.
گابریێل ئاتال، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا دەڵێت: "وەک دڵسۆزیێک بۆ نەریتەکانی کۆمار و راستەوانەی بنەماکانم، دەستلەکارکێشانەوەی خۆم پێشكێش بە سەرۆک دەکەم."
بە گوێرەی ئەنجامی بەرایی، چەپەکان 182 کورسی، میانڕۆکان 163 کورسی، راسترۆ توندڕۆکان 143 کورسییان بەدەستهێناوە.
واتە هیچ بەرەیەک نەیتوانیوە لە کۆی 577 کورسی، 289 کورسیی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەت بەدەستبێنێت، بۆیە چاوەڕواندەکرێت، کابینەی نوێ زوو پێکنەهێنرێت. یەکێک لە ئەگەرەکانیش، بەردەوامبوونی میانڕۆکانە لە بەڕێوەبردنی حکومەتی کاربەڕێکەر، هیچ نەبێت تا دوای یارییە ئۆڵۆمپییەکانی پاریس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ