جیهان
هاووڵاتییانی فەرەنسا لەکاتی دەرچوونی ئەنجامە بەراییەکانی دووەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا لە پاریس، وێنە: Emmanuel Dunand / AFP
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی چەپڕۆکانی فەرەنسا شکستیان بە راستڕۆ تووندڕۆیەکان و هاوپەیمانییە میانڕۆکەی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆککۆماریش هێنا، ئەوەش لە هەڵبژاردنێکی پەرلەمانیی پێشوەختدا، بەڵام هیچ فراکسیۆنێک نەیتوانی زۆرینەی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەت بەدەستبێنێت، بەوەش فەرەنسا کەوتە بەردەم داهاتوویەکی سیاسیی ناڕوونەوە.
پارتی بەرەی نیشتمانیی راستڕۆی تووندڕۆ کە مارین لوپێن سەرکردایەتیی دەکات، وێڕای ئەوەی ژمارەی کورسییەکانی بۆ بەرزترین ئاستی مێژووی خۆی زیادکرد، کۆستە هەرە گەورەکەی هەڵبژاردنەکەی بەرکەوت، لەبەرئەوەی لە گەڕی یەکەمی دەنگدانەکە لە 30ـی حوزەیران، بە جیاوازیی زۆر بە یەکەم دەرچوو و چاوی لەوە بوو لە گەڕی دووەمیشدا کە رۆژی یەکشەممە کرا، زۆترین کورسی بەدەستبێنێت، بەڵام دووەمیش نەبوو، بەڵکو سێیەم بوو.
ئەنجامی بەرایی کورسیی لایەنە سەرەکییەکان بەم شێوەیەیە:
هاوپەیمانیی بەرەی نوێی گەلی چەپڕۆ کە 38 پارتی سۆسیالیست، سەوز، کۆمیونیست و چەپە تووندئاژۆکان لەخۆدەگرێت، 182 کورسیی بەدەستهێنا؛ بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشتر، 51 کورسی زیادکردووە.
هاوپەیمانیی (پێکەوەبوون)ـی ئیمانوێل ماکرۆن، کە هەشت پارتی میانڕۆ لەخۆدەگرێت، 163 کورسی بەدەستهێنا، واتە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشتر 84 کورسی لەدەستدا، بەڵام ئەم ئەنجامە هێشتا باشترە لەوەی پێشبینیی دەکرا.
پارتی بەرەی نیشتمانی 143 کورسی بردەوە، واتە 54 کورسی زیادکرد بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشتر؛ زۆر کەمتر لەوەی کە پێشبینی دەکرا.
پارتی کۆماری 67 کورسی بەدەستهێنا.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی فەرەنسا لە 577 کورسی پێکدێت. پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە 289 کورسییە.
گابریێل ئاتال، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا گوتی، ئەمڕۆ (دووشەممە) دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشكێش بە ماکرۆن دەکات، بەڵام ئامادەیە وەک کاربەڕێکەر "تا ئەو کاتەی پێویست بێت." لە ئەرکەکەیدا بمێنێتەوە، هۆکاری ئەوەش نزیکبوونەوەی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادە.
هاوپەیمانیی بەرەی نوێی گەل، مانگی رابردوو پێکهات، دوای ئەوەی ماکرۆن هەڵبژاردنی پێشوەختی راگەیاند.
پارتەکانی نێو هاوپەیمانییەکە، ناکۆکییە قووڵەکانیان بەلاوەنا بۆ ئەوەی یەک بەرە دژی راستڕۆ تووندڕۆکان پێکبهێنن. بەهێزترینیان، پارتەکەی ژان لووک میلانشۆیە بە ناوی فەرەنسای خۆنەچەمێن.
ئێستا، روون نییە چۆن حکومەت پێکدەهێنرێت، ماکرۆن بە کەسە نزیکەکانی گوتووە، پێویستە ئەنجامەکان شرۆڤە بکرێن و بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
بۆنەیەکی مێژوویی
میلانشۆ داوایکرد رێگە بە چەپەکان بدرێت حکومەت پێکبهێنن.
میلانشۆ شەوی رابردوو گوتی "پارتە ئەندامەکانی هاوپەیمانییەکەمان خۆیان لە ئاست بۆنە مێژووییەکەدا سەلماندووە و بە شێوازی تایبەتی خۆیان ئەو تەڵەیەیان پووچەڵکردەوە، کە بۆ وڵات دانرابوو".
هەر هەفتەیەک لەمەوبەر بوو، کە هەندێ راپرسی پیشانیاندەدا بەرەی نیشتمانی زۆرینەی کورسییەکان دەباتەوە و جۆردان باردێلای تەمەن 28 ساڵ دەبێتە سەرۆکوەزیران، بەڵام ئەوە رووینەدا.
باردێلا رێککەوتنی نێوان چەپەکان و میانڕۆیەکان بۆ رێگریکردن لە زۆرینەبوونی بەرەی نیشتمانی لە پەرلەمان بە "هاوپەیمانیی شەرمەزاری" ناوبرد.
باردێلا پێیوایە، ئەو رێککەوتنە "فەرەنسای فڕێداوەتە ئامێزی چەپە تووندئاژۆکەی ژان میلانشۆوە."
لوپێن کە بەنیازە بۆ چوارەم جار خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسا لە 2027 بەربژێر بکات، گوتی "شەپۆلەکە لە بەرزبوونەوەدایە. ئەم جارە وەک پێویست بەرزنەبووەوە، بەڵام بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە، بۆیە سەرکەوتنەکەمان تەنیا دواخراوە."
هەفتەی رابردوو، چەپەکان و میانڕۆیەکان لە زیاتر لە 200 بازنە بە تەکتیک بەشێک لە بەربژێرەکانیان کشاندەوە بۆ ئەوەی چانسی بردنەوەی بەربژێرەکانی دیکەی سەر بە ئەوان دژی بەربژێرانی راستڕۆی تووندڕۆ زیاتر بێت.
ئەم سەرکەوتنەی بەرەی چەپڕۆ، هاوشێوەی گەڕانەوەی "بەرەی کۆماری"یە کە ساڵی 2002 بۆ رێگریکردن لە دەرچوونی ژان ماریی باوکی لوپێن بەرامبەر جاک شیراک پێکهێنرا.
لایەنەکانی دیکە دەترسان بەهێزبوونی بەرەی نیشتمانی ببێتە هۆی ئەوەی فەرەنسا پشت لە ئۆکراینا بکات.
دۆناڵد تەسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا گوتی، ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی فەرەنسا لە رووسیا "بێئومێدی" و، لە ئۆکرایناش "حەسانەوە"ـی لێ دەکەوێتەوە. هەروەها پێدرۆ سانچێزی سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا پێشوازی لە ئەنجامەکە کرد و بە "رەتکردنەوەی راستڕۆ تووندڕۆکان" داینا.
هەڵمەتێکی تەنگژەدار
هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن کە کورتترینی مێژووی فەرەنسا بوو، لە گرانەتایەکی نیشتمانی دەچوو. لە زۆر ناوچەی جیاجیای وڵاتەکە، هەڕەشە و تووندوتیژی زەق هەبوو و دەیان بەربژێر و چالاکڤان هێرشیان کرایە سەر و لێیاندرا.
نزیکەی 30 هەزار پۆلیس خرابوونەوە ئەرکەوە بۆ ئەوەی ئارامی بپارێزن، زۆر لە دەنگدەرانیش دەترسان لە هەندێ شار لە دوای راگەیاندنی ئەنجام، پشێوی و ئاڵۆزی دروستبێت.
رێژەی بەشداریکردن لە گەڕی دووەم 66.63٪ بوو؛ بەربژێرانی چەپڕۆ و میانڕۆکان داوایان لە لایەنگرانیان کرد بەرگری لە "بەها دیموکراسییەکان" و، "سەروەریی یاسا" بکەن، لە کاتێکدا راستڕۆ تووندڕۆکان چاویان بڕیبوە حکومەت.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە؛ پەرلەمانی فەرەنسا چۆن دەتوانێت هاوپەیمانییەک لە هەردوو بەرەی میانڕۆ و چەپڕۆ دروستبکات بۆ ئەوەی حکومەتێکی پتەو پێکبێنن، لە کاتێکدا بەرەی نیشتمانی وەک ئۆپۆزسیۆنێکی سەرسەخت بە سەرکردایەتیی مارین لوپێن چاوی لەسەر هەموو هەنگاوێکی دەبێت، چڕتر لە هەموو جارێک، چونکە لوپێن خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2027 ئامادە دەکات.
ئێدوارد فیلیپ، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری فەرەنسا و هاوپەیمانی ماکرۆن دەڵێت "بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، لە بری ئەوەی وەک بڕیاربوو ناڕوونییەکان بڕەوێنێتەوە، بووە هۆی ناڕوونی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ