جیهان
هێزە ئەمنییەکان لەکاتی هەڵگرتنەوەی تەرمەکان، وێنە: کۆمەڵەی غەوسی جەزائیری بۆ گەڕان و بەهاناوەچوون
رووداو دیجیتاڵ
12 کۆچبەری خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێگەیان بەرەو ئەورووپا، لە بیابانێکی جەزائیر لە تینوویێتیدا گیانیان لەدەستدا.
کۆمەڵەی غەوسی جەزائیری بۆ گەڕان و بەهاناوەچوون رایگەیاند، دوو هاووڵاتی جەزائیریش کە یەكێکیان شوفێر و ئەوەی دیکە یاوەری بووە، لەگەڵ 12 کۆچبەرەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
کۆمەڵەکە باسی لەوە کردووە، ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتای رەنگ سپی و ژمارەیەک تەرم لە نزیکی، لە ناوچەی بیابانی حاسی بەلفەبۆر لە رۆژهەڵاتی جەزائیر دۆزراونەتەوە.
بە گوتەی رێکخراوە مرۆییەکە، ئۆتۆمبێلەکە لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە بێسەروشوێن ببوو و دوێنێ (یەکشەممە) دوای چەند کاژێرێک لە گەڕان، تەرمەکان دۆزراونەتەوە.
بەپێی لیستی ناو و زانیاری لەبارەی کۆچبەرەکان کە رێکخراوەکە بڵاویکردووەتەوە، سێ لەو کۆچبەرانە خەڵکی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانن، سێیان خەڵکی رەققەن، 5ـی دیکەیان خەڵکی حەلەب و ئەوەی دیکەشی خەڵکی دیمەشقە.
رێکخراوەکە وێنەی شوێنی تەرمەکانی بڵاوکردووەتەوە کە پێشانیدەدەن بە کیسەی سپی، پۆشراون و بۆنیتی ئۆتۆمبێلەکەیان کراوەتەوە.
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، سێ کەسەکەی پارێزگەی رەقەی سووریا، بران و تەمەنیان 10، 18 و 23 ساڵن.
ساڵی رابردوو 212 هەزار و 100 کۆچبەر چوونەتە هەر سێ وڵاتی لیبیا، توونس و جەزائیر و بە دەریای نێوەڕاستدا پەڕیونەتەوە ئەورووپا.
هەر ساڵی رابردوو 3105 کۆچبەر لە رێگەی چوون بۆ ئەورووپا لە دەریای نێوەڕاست گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ