رووداو دیجیتاڵ
بیڵ بێرنز، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) و ریچارد موور، بەڕێوەبەری هەواڵگری بەریتانیا رۆژی شەممە هۆشدارییان دا لەوەی سیستمی جیهانی "بە جۆرێک لە ژێر هەڕەشەدایە، کە لەوەتەی جەنگی ساردەوە بەو شێوەیە نەبووە."
دوو بەرپرسە هەواڵگرییە رۆژئاواییەکە لە گوتارێکی هاوبەشدا نووسیویانە "چیدیکە ئێمە هاوپەیمانی لە خۆمان متمانەپێکراوتر و سەنگینتر بۆ یەکدیمان نییە،" هەروەها باس لەوە دەکەن، هاوبەشیی نێوان وڵاتانیان زۆر گرنگ دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی "ژمارەیەک هەڕەشەی جۆراوجۆری بێوێنە،" کە بە گوتەی خۆیان، بەشێوەیەکی سەرەکی لە رووسیا، چین و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دروستبوون.
سەرۆکی دەزگا سیخوڕییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکەن، جەنگی غەززە بە دیاریکراوی جێگەی نیگەرانییە.
جیا لە گوتارەکە، بێرنز لە کۆنفرانسێکی لەندەن باسی لەوە کردووە، "کۆڵنەدەرانە" لەگەڵ نێوەندگیرە میسری و قەتەرییەکان کاردەکات بۆ ئەوەی پێشنیازی رێککەوتن بۆ وەستاندنی جەنگی غەززە، بەشێوەیەکی باشتر دابڕێژنەوە.
بێرنز گوتی "پێشنیازێکی پڕ وردەکاریتر ئامادە دەکەین، هیوادارم لە چەند رۆژی داهاتوودا بتوانین ئەوە بکەین."
هەروەها ئەمریکا و بەریتانیا سەرکردایەتیی ئەو وڵاتانە دەکەن، کە لە رووی دارایی و سەربازییەوە پشتیوانی لە ئۆکراینا دەکەن، کە لە شوباتی 2022ـەوە لەگەڵ رووسیا لە شەڕدایە.
بێرنز و موور لە گوتارەکەیاندا نووسیویانە "مانەوەمان لەسەر ئەم رێچکەیە، لە هەر کاتێکی پێشوو گرنگترە."
هەردوو بەرپرسە هەواڵگرییەکە هەروەها روونیان کردووەتەوە، چۆن ژیریی دەستکردی پێشکەوتوو و تەکنەلۆجیای دیکە بۆ سوودوەرگرتن لەو زانیاریانە بەکاردێنن، کە کۆیانکردوونەتەوە.
بڵاوکردنەوەی گوتارە هاوبەشەکە چەند رۆژێکی کەم پێش سەردانی کەیر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ واشنتن دێت، کە بڕیارە 13ـی ئەیلوول لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆبێتەوە.
کۆشکی سپی رۆژی هەینی گوتی، ئەوان باسی پشتیوانیکردن لە ئۆکراینا، ئاگربەستی غەززە و چەند پرسێکی دیکە دەکەن.
کۆبوونەوەکان لە کاتێکدان هەڵوێستی دوو هاوپەیمانەکە بەرامبەر ئیسرائیل خەریکە لەیەکدی جیاواز دەبن.
لەندەن رایگەیاندووە، ناردنی هەندێ چەک بۆ ئیسرائیل دەوەستێنێت، لەبەرئەوەی مەترسیی هەیە یاسای نێودەوڵەتییان پێ پێشێل بکرێت و بۆ هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیل لە غەززە بەکاربهێنرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ