لێکۆڵینەوەیەک: درێژەدان بە خوێندن تەمەنی مرۆڤ درێژتر دەکات و پیری دوادەخات

07-04-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەگەر ماستەر یان دکتۆرا ماندوو و بێزاری کردوویت، ئەم لێکۆڵینەوەیە مژدەیەکی خۆشی هەیە بۆت و دەڵێت، ئەوانەی زیاتر دەخوێنن، نەک هەر زیاتر فێردەبن، بەڵکو زیاتریش دەژین و درەنگتر پیردەبن. ئەمە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکە کە لە سەر سێ هەزار و 101 کەسی سێ نەوەی یەک لە دوای یەک کراوە.
 
ئەگەر ئاسانتری بکەین، لێکۆڵینەوەکە دەڵێت، زیاتر بخوێنە، زیاتر بژی. 
 
لێکۆڵینڤانانی ئەمریکا، نەرویج و بەریتانیا هەوڵیان داوە لە پەیوەندیی نێوان خوێندن و تەندروستی وردببنەوە. 
 
لای هەموو کەسێک روونە، کە ئەگەر بڕوانامەی بەرزترت هەبێت، کاری باشترت دەستدەکەوێت و پارەی زیاتر کۆدەکەیتەوە، ئەوەش رێگەت پێ دەدات چارەسەر و خزمەتگوزاریی تەندروستیی باشترت دەستبکەوێت و دۆخی ژیانت خۆشتر بێت، بەڵام ئەم لێکۆڵینەوەیە باس لەوە ناکات، بەڵکو سەرنجی خستووەتە سەر کاریگەریی خوێندن لەسەر ئاستی خانەکانی لەش. 
 
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە؛ خوێندنی زیاتر کاریگەریی باشی لەسەر خانەکانمان هەیە و پیربوون هێواش دەکات. 
 
دانیێل بێلسکی، پەتاناسی زانکۆی کۆلۆمبیا دەڵێت، "لەمێژە دەزانین؛ ئەو کەسانەی ئاستی خوێندنیان بەرزترە، زیاتر دەژین. بەڵام زانینی ئەوەی کە ئەم شتە چۆن روودەدات، ژمارەیەک زەحمەتیی لە پێشە."
 
لێکۆڵینەوەکە دەریدەخات؛ ئەگەر مرۆڤ دوو ساڵ زیاتر بخوێنێت، پیربوونی بە رێژەی 2٪ تا 3٪ خاوتر دەبێتەوە. 
 
داتاکان لە پڕۆژەیەک وەرگیراون کە لە ساڵی 1948ـەوە زانیاری لەسەر ژمارەیەکی گەورەی دانیشتووان، منداڵەکانیان و دواتریش نەوەکانیان کۆکردووەتەوە. 
 
لێکۆڵینڤانەکان لۆگاریتمێکی پێوانەکردنی تەمەنی خانەکانیان بەکارهێناوە، کە پشت بە شیکاریی بایۆکیمیایی دی ئێن ئەی دەبەستێت. 
 
زاناکان سەرەتا ئەو تایبەتمەندییە هاوبەشانەی بەشێوەی بۆماوەیی لەنێوان خوشک و براکاندا و لەنێوان منداڵ و باوانەکانیاندا هەن، دیاریکردووە بۆ ئەوەی دواتر بە جیا سەرنج بخەنە سەر ئەو کاریگەرییەی کە خوێندن لەسەر بۆماوەی خانەکانیان جێیهێشتووە و بزانن لەیەکدییان جیابکەنەوە. 
 
ئەمە یەکەمین جارە خوێندن و پیربوون بەمشێوەیە پێکەوە دەبەسترێنەوە. 
 
گلۆریا گراف، پەتاناسی زانکۆی کۆلۆمبیا دەڵێت، "گەیشتینە ئەو ئەنجامەی؛ بەردەوامبوونی خوێندن پەیوەندیی بە خاوبوونەوەی پیربوون و کەمبوونەوەی مەترسیی مردنەوە هەیە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە