لە هێرشێکی هێزی وەڵامدانەوەی خێرای سوودان بۆ سەر فرۆشگەیەک 54 کەس کوژران

02-02-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دامودەزگە تەندروستییەکانی سوودان رایانگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی هێزی وەڵامدانەوەی خێرا بۆ سەر فرۆشگەیەک لە شاری ئوم دورمان، لانیکەم 54 کەس کوژراون و 158ی دیکەش بریندار بوون. 
 
هێزی وەڵامدانەوەی خێرا، کە لە نیسانی 2023ـەوە لە سوپای سوودان هەڵگەڕاوەتەوە، هیچ قسەیەکی لەسەر هێرشەکە نەکردووە. 
 
خالد عەلی ئەعیسیر، وەزیری رۆشنبیری و گوتەبێژی حکومەت، سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند، ژمارەیەک ژن و منداڵ لە نێو کوژراو و برینداراندان. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکە وێرانکاریی گەورەی لێکەوتووەتەوە. 
 
ئەعیسیر لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەم تاوانە دەچێتە سەر پاشخانی خوێناویی ئەم میلیشیایە. ئەمە پێشێلکارییەکی بێشەرمانەی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆییە." 
 
سەندیکای پزیشکانی سوودانیش گوتی، گولـلـە بە مەودای چەند مەترێکی کەم بەر نزیک ئەو نەخۆشخانەیە کەوتووە کە بریندار و تەرمی کوژراوەکانی فرۆشگەکەی وەرگرتبوو. بە گوتەی سەندیکاکە، زۆربەی تەرمەکان، ژن و منداڵ بوون، هەروەها باس لەوە دەکات، نەخۆشخانەکە بە دەست کەمیی چارەسەر و پێداویستییە پزیشکییەکانەوە دەناڵێنێت. 
 
کریس لۆکیەر، سکرتێری گشتیی رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور لە کاتی وەرگرتنی تەرمەکان، لە نەخۆشخانەکە بوو. 
 
ئەو دەڵێت: "دەیان و دەیان کەس برینی سەختیان هەیە. تەرمخانەکە پڕە لە تەرم. ئەوەی لە پێش چاوم دەبینم، دیمەنی کوشتارگەیەکی گەورەیە."
 
درەنگی شەوی شەممە، سوپای سوودان رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە لە ناوچەکانی ریفاعە، تەمبول، هیلالییە و حەشیشە لە جەزیرە، "پاشماوەکانی هێزی وەڵامدانەوەی خێرا وەدەرنێن."
 
هەفتەی رابردوو، کە شاری ئابلووقەدراوی فاشر لە هەرێمی دارفوور، نزیکەی 70 کەس لە هێرشێکی هێزی وەڵامدانەوەی خێرا بۆ سەر نەخۆشخانەیەک کوژران.
 
شەڕەکە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 28 هەزار کەس و دەربەدەربوونی ملیۆنانی دیکە. هەژاری و قاتوقڕی بەجۆرێک بڵاوبووەتەوە، هەندێ خێزان بۆ زیندوومانەوەی خۆیان، گژ و گیا دەخۆن. 
 
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مافپەروەرەکان، لە شەڕەکەدا پێشێلکاری و تاوانی گەورە کراون، لە نێویاندا دەستدرێژیی سێکسی و کوشتن لەسەر بنەمای هۆزگەری. 
 
دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە ئەگەری تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی دەکات. ئەمریکاش هێزی وەڵامدانەوەی خێرای بە جینۆساید تۆمەتبارکردووە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە