سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی ئەلبانیا داوا لە سەرکردە ئەوروپییەکان دەکات پاڵپشتی لە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە نەکەن

06-12-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
 سالی بێریشا، سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئۆپۆزیسیۆنی ئەلبانیا قسەی بۆ رووداو کرد
سالی بێریشا، سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئۆپۆزیسیۆنی ئەلبانیا قسەی بۆ رووداو کرد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرکردەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی ئەلبانیا ئەمڕۆ لە تیرانای پایتەختی ئەو وڵاتە لەنێو خۆپێشاندانێکی دژی حکومەت هێرشی کرایە سەر و بە بۆکس لێی درا. سیاسەتڤانەکە بە رووداوی گوت، لە لایەن یەکێک لە "چەتەکان کە سەرۆکوەزیران نوێنەرایەتی دەکات" هێرشی کراوەتە سەر.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 6-12-2022، لووتکەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و رۆژئاوای بەڵقان لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا بەڕێوەچوو. رۆژ زاڵە، نێردراوی رووداو گوتی، ئۆپۆزیسیۆنی ئەلبانیا کە سەرۆکوەزیران ئێدی راما بە گەندەڵی تۆمەتباردەکەن، کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ بە کاتی ئەلبانیا، لە نزیک شوێنی بەڕێوەچوونی لووتکەکە خۆپێشاندانیان کرد. 
 
سالی بێریشا، سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای پێشووی ئەلبانیا، سەرکردایەتیی خۆپێشاندانەکەیان کرد، بەڵام پیاوێک لەنێو خۆپێشاندەران هێرشی کردەسەر پیاوە 78 ساڵییەکە و بۆکسێکی لێ دا. 
 
دوای رووداوەکە، سالی بێریشا کە پێشتر لە دوو کاتی جیادا سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا بووە، بە نێردراوی رووداوی گوت، بەرپرسیاریەتیی هێرشەکە دەخاتە ئەستۆی سەرۆکوەزیران، وەزیری نێوخۆ و سەرۆکی ئاساییشی وڵاتەکەی. 
 
کاتێک کە بێریشا لە "گۆڕەپانی شەهیدان" لە نێو خۆپێشاندەران قسەی بۆ رووداو کرد، شوێنەواری لێدان بە گوێی راستییەوە دیاربوو کە سوور هەڵگەڕابوو. 
 
بێریشا گوتی: "ئێدی راما نوێنەرایەتیی چەتەکانی ئەلبانیا دەکات. یەکێک لەوانە لە منی دا بۆ ئەوەی بموەستێنن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ئەوە بکەن. هەرگیز سەرکەوتوو نابن."
 
هێرشکارەکە لە لایەن پاسەوانانی سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنەکە دوورخرابووەوە، بەڵام ناسنامەکەی و پاڵنەری پشت هێرشەکەی نازانرێت. 
 
ئێدی راما "ئەندازیاری چەقبەستن و دزییە"
 
سالی بێریشا بە رووداوی گوت، ئەوان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی ئێدی راما چوونەتە سەر شەقام بۆ ئەوەی بە سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا بڵێن کە "کە ئێدی راما ئەندازیاری چەقبەستنە، ئەندازیاری راستەقینەی دزینی دەنگی ئازادی ئەم خەڵکەیە، ئەندازیاری تاکڕەوییە."
 
ئۆپۆزیسیۆنی ئەلبانیا پێیوایە، "گەندەڵی" کابینەی ئێدی راما بووەتە هۆی هەڵاوسان و کۆچبەربوونی بەکۆمەڵی گەنجانی وڵاتەکە بەرەو رۆژئاوای ئەوروپا. 
 
هەڵاوسان لە ئەلبانیا گەییشتووەتە سەروو 8٪، بە تایبەتیش نرخی خۆراک و سووتەمەنی لە دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا زیادیکردووە. 
 
لەو بارەیەوە، سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئەلبانیا بە رووداوی راگەیاند، لە حەوت ساڵی دەسەڵاتی ئێدی رامادا "بە گوێرەی یۆرۆستات، 745 هەزار کەس ئەلبانیایان جێهێشتووە کە دەکاتە 27٪ی دانیشتووانی، کە زۆر زیاترە لەوانەی بەهۆی شەڕی نێوخۆ سووریایان جێهێشتووە، زۆر لەوانە زیاترە کە ئەفغانستانیان جێهێشتووە."
 
بێریشا گوتی: "من بە سەرکردە ئەوروپییەکان دەڵێم، پشتیوانیکردن لە ئێدی راما بە واتای پشتیوانیکردن لە پیاوێک دێت کە لێرە بووەتە هۆی چەقبەستنی سیاسی؛ پیاوێک کە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی خەڵکی وڵاتەکەی، لەنێوبردنی خەڵکی وڵاتەکەی؛ پیاوێک کە دەنگی خەڵکەکەی دەدزێ؛ پیاوێک کە بودجە و سامانی ئەم وڵاتە دەدزێت. ئەمە پەیامێکە بۆ ئەوان. بێگومان، بڕیارەکە لە دەستی ئەواندایە بۆئەوەی تێبگەن کە ئەمە ئەلبانیای ئەمڕۆیە".
 
بەڵام راما دەڵێت کابینەکەی توانیویەتی هەڵاوسان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی ئەوروپا بە نزمی بهێڵێتەوە، هەروەها باس لەوە دەکات کە حکومەتەکەی توانیویەتی لە دانی پارەی کارەبا پشتگیری خێزان و بازرگانییە بچووکەکان بکات. 
 
پارتەکەی بێریشا تووشی کێشەی نێوخۆیی بووە دوای ئەوەی کە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ساڵی رابردوو گەشتکردن بۆ ئەمریکای لە بێریشا و کەسوکارە نزیکەکانی قەدەخەکرد، ئەوەش بە تۆمەتی "ئەنجامدانی گەندەڵی و پێشێلکردنی دیموکراسی" لە ماوەی پۆستەکەی وەک سەرۆکوەزیران لە ساڵانی 2005 تا 2013.
 
سەرکردەکانی ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاوای بەڵقان لە تیرانان بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان بکەن لە کاتێکدا کە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا هەڕەشەی گۆڕینی هاوسەنگی جیۆسیاسی لە ناوچەکەدا دەکات. 
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رۆژ عەلی زاڵە و سالی بێریشا:
 
رووداو: لەم خۆپێشاندانەدا داوای چی دەکەن؟ دەتانەوێت چی بە سەرکردە ئەوروپییەکان بڵێن؟
 
سالی بێریشا: دەمانەوێت بە سەرکردە ئەوروپییەکان بڵێین کە ئێمە وەکو خەڵکی ئۆپۆزیسیۆن لێرەین؛ وەکو خەڵکی خاوەن بەها ئەوروپییەکان کە زۆر بەلامانەوە گرنگن و ئەم وڵاتە زۆر پێویستی پێیانە. ئێمە لێرەین بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو پیاوەی لە لووتکەکەدا ئامادە دەبێت، کە ئێدی رامایە کە ئەندازیاری چەقبەستنە، ئەندازیاری راستەقینەی دزینی دەنگی ئازادی ئەم خەڵکەیە، ئەندازیاری تاکڕەوییە. پێویستە ئەوروپییەکان بزانن کە ئێدی راما 10٪ی زیاتر لە دوایین دیکتاتۆری ئەلبانیای ساڵی 1991ی لەنێو دەستی خۆیدا قۆڕخکردووە. پێویستە بزانن کە ئێدی راما ئەندازیاری راستەقینەی ئەو جینۆسایدەیە لێرە بەڕێوەدەچێت، چونکە لە حەوت ساڵی دەسەڵاتی ئەودا، بە گوێرەی یۆرۆستات، 745 هەزار کەس ئەلبانیایان جێهێشتووە، کە دەکاتە 27٪ی دانیشتووانی کە زۆر زیاترە لەوانەی بەهۆی شەڕی نێوخۆ سووریایان جێهێشتووە، زۆر لەوانە زیاترە کە ئەفغانستانیان جێهێشتووە. ئێستا ئەمە پەیامی ئێمەیە: ئەمە ئەلبانیای راستەقینەیە و ئێمە لێرەین بۆ داکۆکیکردن لە بەها ئەوروپییەکان. ئێدی راما نوێنەرایەتیی چەتەکانی ئەلبانیا دەکات. یەکێک لەوانە لە منی دا بۆ ئەوەی بموەستێنن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ئەوە بکەن، هەرگیز سەرکەوتوو نابن. ئێمە لێرەوە بە هێزەوە دەوەستین بۆ بەرگریکردن لە بەها و بنەماکانمان کە بڕوامان پێیانە، بۆیە ئەمڕۆ لێرەین. لێرەین بۆ ئەوەی دەنگمان بگاتە رای گشتیی ئەوروپا. ئێوە دەزانن، ئەلبانیا ئەمڕۆ هەناردەکارێکی گەورەی تاوان، مادەی هۆشبەر و پەنابەرە. ئەمە هەمووی بەهۆی سیاسەتەکانی ئێدی راماوەیە.
 
رووداو: بەداخەوە بۆ ئەو شتەی کە بەسەرت هات. تۆ کێ تۆمەتبار دەکەی بە هێرشكردنە سەرت؟
 
سالی بێریشا: راستەوخۆ ئێدی راما، وەزیری نێوخۆ و سەرۆکی ئاساییش. ئەوان وەک خێزانێکن. ئێستا وەزیری نێوخۆ هاوژینی ئێدی رامای لایە وەک هاوبەش. سەرۆکی دەزگای هەواڵگریش کەسێکە راستەوخۆ لە نووسینگەی ئێدی راماوە دانراوە، بەڵام ئێمە بە بەهێزی بەرگری لە بڕواکانمان دەکەین، بە بەهێزی بەرگری لە بەهاکانمان دەکەین.
 
رووداو: پرساری کۆتاییم لەبارەی گەندەڵی. زۆر گوێم لە تۆمەتی گەندەڵی دەبێت لە هەردوولا. پێتوایە سەرکردە ئەوروپییەکان لەگەڵ ئێدی راما هەڵوەستە لەسەر گەندەڵی دەکەن کە ئێستا ئێوە خۆپێشاندان لە دژی دەکەن؟
 
سالی بێریشا: من بە سەرکردە ئەوروپییەکان دەڵێم کە پشتیوانیکردن لە ئێدی راما بە واتای پشتیوانیکردن لە پیاوێک دێت کە لێرە بووەتە هۆی چەقبەستنی سیاسی؛ پیاوێک کە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی خەڵکی وڵاتەکەی، لەنێوبردنی خەڵکی وڵاتەکەی، پیاوێک کە دەنگی خەڵکەکەی دەدزێ، پیاوێک کە بودجە و سامانی ئەم وڵاتە دەدزێت. ئەمە پەیامێکە بۆ ئەوان. بێگومان، بڕیارەکە لە دەستی ئەواندایە بۆ ئەوەی تێبگەن کە ئەمە ئەلبانیای ئەمڕۆیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە تەواوی 50 ویلایەتەکەی ئەمریکا، تەنیا لە ویلایەتەکانی میسیسیپی، نیو هامشایەر و ئالابامە رێگە بە دەنگدانی پێشوەختە نادرێت.

دەنگدانی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا دەستیپێکرد

کەسانی بەساڵاچوو، نەخۆش، ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات کاردەکەن و دەخوێنن، ئەوانەی نایانەوێت لە نۆرە بوەستن یان حەزیان لە کەشوهەوای سارد نییە، دەتوانن زووتر دەنگ بە بەربژێری دڵخوازی خۆیان بدەن.