رووداو دیجیتاڵ
هەنتەر، کوڕی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا دانی بە خۆدزینەوە لە باجدا نا.
رۆژی پێنجشەممە لەکاتی دادگاییکردنیدا، هەنتەر دانی بە 9 سەرپێچی دا نا کە پەیوەندیدارن بە خۆدزینەوە لە پێدانی 1.4 ملیۆن دۆلار باج لە 10 ساڵی رابردوودا.
داواکارانی گشتیی ئەمریکا دەڵێن، کوڕەکەی بایدن ئەو پارەیەی لە رابواردن، لەشفرۆش و مادەی هۆشبەردا خەرجکردووە.
ئەم دۆسیەیە وەکو رووگیربوونێک بۆ سەرۆکی ئەمریکا لێکدەدرێتەوە.
دانپێدانانی هەنتەر چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە داوای کردبوو رێککەوتن لەگەڵ دادگە بکات بۆئەوەی لە بەرامبەر دانپێدانان لە سزای زیندانیکردن بپارێزرێت، بەڵام دادوەر داواکەی رەتکردەوە.
مارک سکارسی، دادوەری دادگەی هەرێمیی ئەمریکا بڕیاریداوە لە 16ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ سزاکەی بۆ دەربکات، کە دەکرێت تاوەکو 17 ساڵ بەندکردن و یەک ملیۆن دۆلار پێبژاردن بڕوات.
ئەگەر هەنتەر دانی بە سەرپێچییەکانیدا نەنابا، چاوەڕوان دەکرا دانیشتنێکی دوور و درێژی دادگە وردەکارییە زبرەکانی ژیانی هەنتەر بێنێتە سەر بەڕە.
هەنتەر لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "خێزانەکەم تووشی ئازاری زیاتر، تێکدانی تایبەتمەندی و رووگیربوونی ناپێویست ناکەم. داواکارەکان خەمی دادوەرییان نەبوو، بەڵکو زیاتر سەرنجیان لەسەر شکاندنی من بوو لە بەرامبەر ئەو کارانەی لە ماوەی ئالوودەبوونمدا کردوونم."
هەنتەر کاتێکی زۆری ئەم ساڵی لە دادگە بەسەربردووە، بە تایبەتیش دوای ئەوەی لە بەرامبەر شاردنەوەی راستییەکان لەبارەی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان لە کاتی کڕینی دەمانچەیەکدا، لە دێلاوێر بە تاوانبار ناسێنرا.
هێشتا سزای ئەو تاوانەشی بۆ دەرنەکراوە، کە دەکرێت تاوەکو 25 ساڵ بەندکردن بڕوات.
جۆ بایدن، وەک سەرۆک، دەسەڵاتی دەرکردنی لێخۆشبوونی بۆ کوڕەکەی هەیە، بەڵام گوتوویەتی ئەو کارە ناکات.
کارین ژۆن پیێر، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی رۆژی پێنجشەممە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، هەڵوێستی بایدن وەک خۆی ماوەتەوە.
شەڕی سیاسی
پارێزەرانی هەنتەر دەڵێن، هۆکاری ئەو دۆسیانەی دژی کراونەتەوە، تەنیا ئەوەیە کە کوڕی جۆ بایدنی سەرۆکە.
مارک گرەیگس، پارێزەری هەنتەر لە دانیشتنێکی مانگی ئابی دادگەدا، داواکارەکانی تۆمەتبارکرد بەوەی دەیانەوێت کەسایەتیی هەنتەر بکوژن؛ هەروەها گوتی، "دەیانەوێت لەکەداری بکەن، هەموو مەبەستەکەیان هەر ئەوەیە."
تیمی پارێزەرانی هەنتەر جەخت لەوە دەکەنەوە، نەدانی ئەو باجانە سەرپێچییەکی بە مەبەست نەبووە، بەڵکو کوڕەکەی سەرۆک لەو کاتەدا بەهۆی ئالوودەبوونی بە مادە هۆشبەرەکان و خەمی لە دەستدانی بیووی برای لە ساڵی 2015، بە ژیانێکی سەختدا دەربازبووە.
دوای کردنەوەی دۆسیە دژی، هەنتەر باجەکەی گەڕاندووەتەوە و ئەو پێبژاردنەشی داوە کە بەسەریدا سەپێنرابوو.
هەنتەر پێشتر هەوڵیدابوو لەگەڵ دادگە رێکبکەوێت بۆ ئەوەی نەچێتە زیندان، بەڵام لە دوا ساتەکاندا رێککەوتنەکە هەڵوەشایەوە.
رازیبوونی داواکارەکان بەو رێککەوتنە زەحمەتە، بە تایبەتی کە ئەم ساڵ بە هۆی هەڵبژاردن لە ژێر چاودێریی چڕی کۆمارییەکاندان.
کۆمارییەکان دەڵێن، کوڕەکەی بایدنی دیموکرات لە دادگە کارئاسانی بۆ دەکرێت و مامەڵەیەکی نەرمی لەگەڵ دەکرێت.
هەنتەر بایدن ماوەی چەندین ساڵە بووەتە دڕکی دەستی نەیارانی باوکی، ئەوانەی کە هەوڵیان داوە خێزانەکەی بایدن وەک کۆمەڵە تاوانکارێک نیشانبدەن و دەڵێن، بایدن لە رێگەی پۆستە حکومییەکانییەوە سامانی گەورەی کۆکردووەتەوە، بەڵام بۆ ئەم تۆمەتانە، هیچ بەڵگەیەکیان نەخستووەتەڕوو.
کشانەوەی جۆ بایدن لە کێبڕکێی هەڵبژاردن و رادەستکردنی مەشخەڵەکە بە کامالا هاریس، بووەتە هۆی دامرکانەوەی هێرشی کۆمارییەکان بۆ سەر هەنتەر.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، پێناچێت داواکارەکان ئامادە بن چاوپۆشی لێ بکەن.
داواکار لیۆ وایز بە دادگەی راگەیاند، "هەنتەر بایدن بێتاوان نییە؛ تاوانبارە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ