رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا، 5 درۆن، مووشەکێکی بالیستیی دژەکەشتی و بەلەمێکی حووسییەکانی تێکشکاندووە.
سێنتکۆم لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئاماژە بەوە دەکات، لە ئاسمانی کەنداوی عەدەن، سێ درۆنیان تێکشکاندووە کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکانەوە هەڵدرابوون، درۆنێکی دیکەیان لەنێو یەمەندا لەنێوبردووە، لە دەریای سووریش بەلەمێک، درۆنێک و مووشەکێکی بالیستیی دژەکەشتیشیان لە ئاسمانەکەی تێکشکاندووە.
هێزە ئەمریکییەکە دەڵێت "ئەم چەکانە هەڕەشەیەکی مسۆگەر و روون بوون بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکانی ناوچەکە."
سێنتکۆم هەروەها رایگەیاند "ئەم رەفتارە سەرەڕۆ و مەترسیدارانەی حووسییەکان کە ئێران پشتیوانییان دەکات، بەردەوام هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی."
دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بەندەری حودەیدەی ژێر کۆنترۆڵیان، حووسییەکان ماوەی دوو هەفتە بوو هێرشەکانیان وەستاندبوو.
بەڵام رۆژی یەکشەممە، بە مووشەک هێرشیانکردەوە سەر کەشتییەکی بارهەڵگر لە کەنداوی عەدەن.
دەستپێکردنەوەی هێرشەکانیان لە دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس هات، کە رووداوەکە گرژییەکانی ناوچەکەی زیاتر کردووە.
حووسییەکان رۆژی یەکشەممە تێکشکاندنی درۆنێکی ئەمریکییان لە جۆری MQ-9 راگەیاند، دواتر دیمەنی پاشماوەی درۆنە سیخوڕییەکەیان بڵاوکردەوە.
حووسییەکان تاوەکو ئێستا زیاتر لە 70 کەشتییان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن کردووەتە ئامانج و چوار کەشتیوانیان کوشتووە. لەو کاتەوە، دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرتووە و دووی دیکەیان نووقمکردووە.
حووسییەکان دەڵێن، لە هێرشەکانیاندا کەشتییەکانی سەر بە ئیسرائیل، ئەمریکا و بەریتانیا دەکەنە ئامانج، وەک گوشارێک بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.
حووسییەکان هەروەها هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر ئیسرائیل، لە نێویاندا هێرشەکەی 19ـی تەممووز بۆ سەر تەلئەڤیڤ کە بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی 10ـی دیکە.
رۆژی دواتر، ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر بەندەری حودەیدە وەڵامی دایەوە، کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ