رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکی رایانگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی شەوی رابردوویاندا، تیمی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە جۆ بایدنی سەرۆکی وڵاتەکەیان گوتووە، هێشتا دیار نییە کەی ئێران و حیزبوڵڵا هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل.
کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، لە کۆبوونەوەکەدا، تیمە ئەمنییەکە بایدن و کامالا هاریسی جێگریان لە دۆخی رۆژهەلاتی نێوەڕاست و دوایین پەرەسەندنەکان ئاگادارکردووەتەوە، لەوانەش هەڕەشەی ئێران و حیزبوڵڵا بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.
پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی رۆژی دووشەممە، لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە،گوایە ئێران لە ماوەی 24 تا 48 کاژێردا هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل، بەڵام پێگەکە لە راپۆرتێکی نوێدا دەڵێت، بەرپرسانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە بایدن و هاریسیان گوتووە: هەواڵگریی ئەمریکا پێشبینی دەکات بە دوو شەپۆڵ، واتە بە دوو جار، هێرش بکرێتە سەر ئیسرائیل، یەکێکیان لەلایەن ئێران و ئەوەی دیکەیان لەلایەن حیزبوڵڵای لوبنانییەوە، بەڵام نازانرێت بە دیاریکراوی کەی و کێ سەرەتا دەست دەوەشێنێت.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، هێشتا ئێران و حیزبوڵڵا "نازانن چی بکەن" و بەردەوامن لە وردبوونەوە لە پلانەکانیان.
هەر لەو کۆبوونەوەیەی دووشەممە لە کۆشکی سپی، بایدن و هاریس لە هێرشە مووشەکییەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنباری رۆژئاوای عێراق ئاگادارکراونەتەوە و باسیان لە بژاردەکانی بەردەم پێنتاگۆن کردووە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکە کە لانیکەم پێنج سەربازی ئەمریکی تێیدا برینداربوون.
دیار نییە هێرشەکە چ پەیوەندییەکی بە هەڕەشەکانی ئێرانەوە هەیە بۆ تۆڵەسندنەوەی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس کە ئەمریکا دەڵێت، دەستیان لە کوشتنیدا نەبووە.
بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت: پێنتاگۆن چاوەڕێ دەکات لەم چەند رۆژ و هەفتەیەی داهاتوودا، هێرشی زیاتری لەو جۆرە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێرانەوە بکرێنە سەر هێزەکانی لە ناوچەکە.
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش رایگەیاند، واشنتن داوای لە وڵاتانی دیکە کردووە، بە رێگەی دیپلۆماسی ئێران رازی بکەن بۆ ئەوەی گرژی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا زیاد نەکات. ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش پێیوایە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە کاتێکی "هەستیاردا" دەڕوات.
بلینکن ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن "لە [هەوڵی] دیپلۆماسیی چڕدایە، 24 کاژێر" بۆ ئەوەی دۆخەکە هێوربکرێتەوە لە کاتێکدا ئێران خۆی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل ئامادە دەکات.
بلینکن لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا ئوسترالییەکەی لە واشنتن گوتی: "پێویستە هەموو لایەنەکان خۆیان لە زیادکردنی گرژییەکان بە دوور بگرن. زیادبوونی گرژی لە بەرژەوەندیی هیچ کەسدا نییە. تەنیا سەردەنێت بۆ ململانێی زیاتر، تووندوتیژیی زیاتر و ناسەقامگیریی زیاتر."
31ی تەممووز، هەنییە لە تارانی پایتەختی ئێران، کوژرا. ئەوەش هەڕەشەی ئێران بۆ تۆڵەکردنەوە و هەروەها مەترسیی فراوانبوونی ململانێی غەززە بۆ جەنگێکی فراوانتری بەدوادا هات.
ئێران کوشتنی هەنییەی خستووەتە ئەستۆی ئیسرائیل. بەرپرسانی ئیسرائیل دانیان پێدا نەناوە بەڵام رەتیشیان نەکردووەتەوە.
هەروەها فوئاد شوکر، کەسی دووەمی حیزبوڵڵای لوبنانی، رۆژی 30ی تەمووز لە باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان بە هێرشێکی ئاسمانی لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژرا.
لە کۆبوونەوەکەی شەوی رابردوودا، هاریس و بایدن لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردن لە سوپای ئیسرائیل لە ئەگەری هێرشدا ئاگادارکراونەتەوە و باس لە دوایین هەوڵەکانی "کەمکردنەوەی گرژییە هەرێمییەکان" و گەیشتن بە ئاگربەست و ئازدکردنی بارمتەکان لە غەززە کراوە.
پێش ئەوە، هەر لە رۆژی دووشەممە، بلینکن بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ شێخ محەممەد بن عەبدولەرەحمان ئالسانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر و بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسردا کردبوو.
لەو بارەیەوە، ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "یەکێک لە مەبەستەکانی ئەو پەیوەندییانە، ئەوەبوو کە داوا لە وڵاتان بکەین پەیام بە ئێران بگەیێنن و بۆی روون بکەنەوە کە زۆر لە دژی بەرژەوەندیی ئەوان دەبێت ئەگەر گرژییەکانی ئەم ململانێیە زیاد بکەن و زۆر لە دژی بەرژەوەندییەکانیان دەبێت ئەگەر هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ