رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای مێتای خاوەنی فەیسبووک و ئینستاگرام، رۆژی سێشەممە داوای لێبووردنی کرد لە بەرامبەر لابردنی هەندێ لەو پۆستانەی کە ئەنوەر ئیبراهیم، سەرۆکوەزیرانی مالیزیا لەسەر ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس کردبوونی.
داوای لێبووردنەکە رۆژێک دوای ئەوە هات کە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی مالیزیا نوێنەرانی کۆمپانیای مێتایان بانگکردن بۆ ئەوەی روونکردنەوە لەسەر هۆکاری لابردنی پۆستەکانی فەیسبووک و ئینستاگرامی ئەنوەر لەسەر مردنی هەنییە بدەن.
مێتا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ئێمە داوای لێبووردن دەکەین لە بەرامبەر دروستبوونی هەڵەیەک کە ببووە هۆی لابردنی بابەتەکانی پەیجەکانی سەرۆکوەزیران لەسەر فەیسبووک و ئینستاگرام."
کۆمپانیا ئەمریکییەکە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، پۆستە سڕدراوەکانی گەڕاندووەتەوە.
هەنییە رۆژی چوارشەممەی رابردوو، لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا. ئیسرائیل بە کوشتنی تۆمەتباردەکرێت، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل نە دانیپێدادەنێن و نە رەتیشیدەکەنەوە.
یەکێک لەو پۆستەکانی ئەنوەر کە سڕدرابوونەوە، ڤیدیۆیەکی خۆی بوو کە تێیدا دەردەکەوێت پەیوەندیی تەلەفۆنی بە سەرکردەیەکی حەماسەوە دەکات بۆ ئەوەی سەرەخۆشیی لێ بکات.
ئینستاگرام هۆکاری سڕینەوەی پۆستەکانی ئەنوەری گەڕاندبووەوە بۆ ئەوەی کە گوایە پەیوەندیی بە "کەسایەتی و رێکخراوی مەترسیدارەوە هەیە."
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی مالیزیا رایگەیاندبوو، لابردنی ئەو پۆستانە لە لایەن مێتاوە، "کپکردنێکی زەقی ئازادیی راگەیاندنە" و داوایکردبوو کۆمپانیاکە داوای لێبووردن بکات.
هەفتەی رابردوو، ئەنوەر کۆمپانیای مێتای بە "ترسنۆک" ناوبرد.
ئیسرائیل، ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا حەماس بە رێکخراوێکی تیرۆرستی هەژماردەکەن.
ئەنوەر پێشتر رایگەیاندبوو کە پەیوەندیی لەگەڵ باڵی سیاسیی حەماسدا هەیە، نەک سەربازی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ