رووداو دیجیتاڵ
کوردێک کە ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیایە، داوا لە رەوەندی کوردی دەکات لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بەشداربن و، دەنگ بدەن بۆ ئەوەی پارتە راستڕۆ تووندڕۆ و پۆپۆلیستەکان، بەهێز نەبن.
لەم چوار رۆژەدا، یەکێتیی ئەورووپا پەرلەمانێکی نوێ هەڵدەبژێرێت، کە سیاسەتی پێنج ساڵی داهاتووی یەکێتییەکە دیاریدەکات. راپرسییەکان دەریدەخەن، پارتە راستڕۆ تووندڕۆ دژەکۆچبەرەکان دەنگیان زیاددەکات.
سەیران پاپۆ، پەرلەمانتاری پارتی کریستیان دیموکرات (CDU) لە پەرلەمانی هەرێمی شڵێسڤیگ هۆڵشتاین، داوا لە "کورد و هەموو خەڵکی" ئەڵمانیا دەکات، "لە ماڵەوە نەمێننەوە و رۆژی یەکشەممە بڕۆن دەنگبدەن، بۆ ئەوەی دەنگی پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا و پۆپۆلیستەکان زیاد نەکات."
سەیران پاپۆ رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ محەممەد ئیبۆ، ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD) میوانی هەڤپەیڤینێکی تایبەتی رووداو بوون کە هێمن عەبدوڵڵا لە دۆسلدۆرفی ئەڵمانیا پێشكێشی کرد.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا رۆژی پێنجشەممە لە هۆڵەنداوە دەستیپێکرد. سەرووی 300 ملیۆن کەس لە سەرانسەری یەکێتییە 27 ئەندامییەکە، مافی دەنگدانیان هەیە بۆ ئەوەی 720 کورسیی پەرلەمان هەڵبژێرن.
سەیران پاپۆ ئاماژەی بەوە کرد، پارتە راستڕۆ میانڕەوەکەیان هیچ بەربژێرێکی کوردی نییە بۆ ئەم هەڵبژاردنە، بەڵام بە گرنگی زانی، رەوەندی کوردی لە ئەڵمانیا، کە بە گوتەی خۆی ژمارەیان دوو ملیۆن کەسە و 80٪یان وڵاتینامەی ئەڵمانیایان هەیە، دەنگ بە پارتە "دیموکراتخوازەکان" بدەن.
خانمە سیاسەتڤانەکە گوتی "ئێمە بڕیارمانداوە ناخوازین لە پەرلەمانی ئەورووپا، لە پەرلەمانی هەرێمیی بەرلین و فیدڕالیشدا لەگەڵ پارتە توندڕۆکان هاوپەیمان بین."
بە گوێرەی بەدواداچوونی زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە برۆکسل، حەوت بەربژێری هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی ئەورووپا کوردن. یەکێک لەوانە بە ناوی ئوزلەم ئالاف دەمیراڵە کە سەر بە پارتی دیلینکەی چەپە و لە پێنج ساڵی رابردووشدا ئەندامی پەرلەمانەکە بووە. چوار کوردی دیکە لە دانیمارک، و دووی دیکە لە سوێدن.
سەیران پاپۆ هۆکاری نەبوونی هیچ بەربژێرێکی کورد لە نێو پارتی CDUـدا، گەڕاندنەوە بۆ ئەوەی "ئێمەی کورد زۆر رێکخراو نین."
محەممەد ئیبۆ، کە خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە و 9 ساڵە ئەندامی پارتی SPDـی فەرمانڕەوایە، پێیوایە هۆکاری نەبوونی هیچ کوردێک لەنێو بەربژێرانی پارتەکەیدا ئەوەیە؛ "گەنجانمان سەرقاڵی خوێندن و زانکۆن و خۆیان بۆ ژیان ئامادە دەکەن،" بەڵام گوتیشی "بڕوام وایە لە چەند ساڵی داهاتوودا کورد لە پرۆسەی سیاسیدا زۆر دەبن."
هەردوو میوانەکەی رووداو هاوڕابوون کە بۆ بەهێزبوونی نوێنەرایەتیی رەوەندی کوردی لە ئەڵمانیا، مەرج نییە تەنیا لە پەرلەمانەکاندا ئەندامیان هەبێت.
محەمەد ئیبۆ پیێوایە، گەنجانی کورد دەتوانن لەنێو رێکخراو و دەزگاکانی پارتەکانیشدا کاریگەرییان هەبێت. بە گوتەی خۆی، هەشتا هەزار ئەندامی گەنجیان هەیە، کە 25٪ـی کۆی گشتیی ئەندامانی پارتەکەیان پێکدێنن. گوتیشی "گەنجانی پارتەکەمان زۆر دۆستی دۆزی کوردن و پشتیوانی لە بەربژێرانی کورد دەکەن."
سەیران پاپۆ دەڵێت "پێویستە لۆبیمان وەک کورد لە ئەڵمانیا و ئەورووپا بەهێز بکەین،" داواش دەکات کورد لە هەموو پارتەکان و پەرلەمانتاری زیاتری هەبێت. دەشڵێت "پێویستە نموونەمان هەبێت لە هەموو بوارەکاندا، نەک تەنیا سیاسەت."
وێڕای ئەوەی هیچ بەربژێرێکی کوردیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە نییە، سەیران پاپۆ دەڵێت "هەموو کاندیدەکانمان دۆستی کوردن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ