رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەیەکی ئەمریکی جۆری F16 لەکاتی مانۆڕێکی سەربازییدا لە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور تێکدەشکێت، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و مادی نەبووە.
هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بڵاویکردەوە، "فڕۆکەیەکی جەنگی F-16 لە باڵی 8ـەمی [هێزی ئاسمانی ئەمریکا] کاژێر 9:45 خولەکی سەرلەبەیانی لە ناوچەیەکی کشتوکاڵی لە نزیک بنکەی ئاسمانیی ئۆسان" لە هەرێمی چۆنگی لە کۆریای باشوور تێکشکاوە.
فڕۆکەوانەکە پێش کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە خۆی دەرباز کردووە و دواتر گوێزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە؛ باس لەوەشکراوە دەست بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کراوە.
دۆنگ یۆن، پارێزگاری هەرێمی چۆنگی رایگەیاند، راستەوخۆ دوای رووداوەکە تیمی ئاگرکوژێنەوە گەیشتوونەتە سەر فڕۆکەکە و ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە؛ هەروەها هیچ زیانێکی گیانی و ماددی بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەوە رانەگەیێندراوە.
ئەمریکا هاوپەیمانێکی سەرەکیی سەربازیی کۆریای باشوورە و 28 هەزار و 500 سەربازی لەو وڵاتەدا هەیە. سوپای کۆریای باشوور و سوپای ئەمریکا جاروبار مانۆڕی سەربازی هاوبەش دەکەن و ئەمریکا لە ئەرکی راوێژکاری و مەشقکردندا هاوکاریی سوپای کۆریای باشوور دەکات.
کۆریای باشوور دەیەوێت ئەمریکا هاوکاری بکات تاوەکو ئەو خەمەی لە جموجووڵە سەربازی و تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی کۆریای باکوور هەیەتی، بیڕەوێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ