رووداو دیجیتاڵ
لە ساڵیادی هەڵکوتانەسەر کۆنگرێس لە لایەن لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپەوە، جۆ بایدن گوتارێکی پێشکێشکرد و تێیدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکای بە "درۆکردن" و هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی 2020 تۆمەتبارکرد، بەڵێنیشیدا رێگە بە هیچ کەسێک نەدات "خەنجەر بخاتە سەر قوڕگی دیموکراسی."
لە گوتارێکی توونددا، بایدن باسی لە هەوڵەکانی ترەمپ بۆ "فێڵکردن" کرد و هێرشی تووندی کردە سەر ئەو لایەنگرانەی کە بۆ شکستپێهێنانی پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، هێرشیان کردە سەر کۆنگرێس.
بایدن لە کۆنگرێسەوە گوتی: "ئەوە یاخیبوونێکی چەکداری بوو و.. بۆ یەکەمجار لە مێژووماندا، سەرۆکێک نەک تەنیا هەڵبژاردنی نەبردەوە، بەڵکو هەوڵیدا رێگە لە دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات بگرێت."
سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی لایەنگرانی ترەمپیش ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوان بە توڕەیی هاتنە ئێرە" و "خەنجەریان دانایە سەر قوڕگی ئەمریکا، رێگە بە هیچ کەس نادەم خەنجەر بخاتە سەر قوڕگی دیموکراسی."
لە کاتی باسکردنی ئەو مەترسییانەی کە رووبەڕووی ئەمریکا بوونەوە کە خۆی بە رێبەری جیهانیی ئازاد و دیموکراسی دەزانێت، بایدن پرسی: "ئایا ئێوە دەتانەوێ ببنە وڵاتێک کە تووندوتیژیی سیاسی وەکو نەریت قبووڵ بکات؟ ئایا دەتانەوێت ببنە وڵاتێک کە رێگە بە بەرپرسە حیزبییەکانی هەڵبژاردن بدات خواستی یاسایی دەربڕاوی خەڵک بنپێ بخات؟"
بایدن وەڵامی خۆی دایەوە و گوتی، "ئێمە ناتوانین رێگە بە خۆمان بدەین ببینە وڵاتێکی لەو جۆرە."
ئەگەر چی بایدن ناوی ترەمپی نەهێنا، بەڵام بە وێناکردنی پیاوێک کە بە گوتەی خۆی هەوڵیداوە بە فێڵکردن خۆی لە شکستی هەڵبژاردن بدزێتەوە، روونیکردەوە کە مەبەستی کێیە.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تۆڕێکی درۆی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی 2020 دروستکرد و بڵاویکردەوە. ئەو هێز لە سەرووی بنەماکانەوە دەبینێت."
بایدن ئەوەشی باسکرد کە لە ماوەی هێرشی سەر کۆنگرێس، ترەمپ "لە ژووری تایبەتی نانخواردنی نووسینگەی سەرۆکایەتی لە کۆشکی سپی دانیشتبوو و لە تەلەڤزیۆن تەماشای هەمووی دەکرد و بۆ ماوەی چەندین کاژێر هیچی لە بارەیەوە نەکرد." لە راگەیێندراوێکدا کە راستەوخۆ دوای گوتارەکەی بایدن بڵاوکرایەوە، ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای بە هەوڵدان بۆ "دابەشکردنی زیاتری ئەمریکا" تۆمەتبارکرد.
لە راگەیێندراوەکەی ترەمپدا هاتووە "ئەم شانۆ سیاسییە تەنیا بۆ بەلاڕێدابردنی ئەو راستییەیە کە بایدن بە تەواوی شکستیهێناوە."
پێشکێشکردنی گوتارێک لە لایەن نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و سازکردنی رێوڕەسمێکی نزاکردن لە بەر دەرگەی کۆنگرێس، لەنێو خشتەی چالاکییەکانی یادکردنەوەی رووداوەکانی 6ی کانوونی دووەمی 2021 بوو.
دابەشبوونی کۆماری و دیموکراتەکان لەسەر ئەو رووداوە بە جۆرێکە، کە دوای دوازدە مانگ، ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆری بەرپرسە باڵاکانی کۆمارییەکان ئامادەی چالاکییەکان نەبوون.
مچ مکۆنێڵ، سیناتۆری ناسراوی کۆمارییەکان، سەرکردایەتیی شاندێکی کرد بۆ پرسەی سیناتۆرێک لە شاری ئەتلانتا لە ویلایەتی جۆرجیا، کە نزیکەی 965 کیلۆمەتر لە کۆنگرێسەوە دوورە.
لە راگەیێندراوێکدا، مچ مکۆنێڵ گوتی 6ـی کانوونی دووەم "رۆژێکی رەش" بوو، بەڵام گوتیشی "جێگەی سەرسوڕمانە کە دەبینین هەندێ لە دیموکراتەکانی واشنتن هەوڵ دەدەن ئەم ساڵیادە خراپ بقۆزنەوە." رۆژی چوارشەممە، تۆماس مانجەر، سەرۆکی پۆلیسی کۆنگرێس گوتی، پاسەوانەکانیان هەرگیز جارێکی دیکە وەکو ساڵی رابردوو بێ ئامادەکاری نابیندرێن.
رۆژی چوارشەممە، مێریک گارلاند، داواکاری گشتی گوتی، تاوەکو ئێستا نزیکەی 725 کەسی پەیوەندیدار بەو رووداوانەوە دەستگیرکراون، داوای ئارامگریشی کرد تاوەکو هۆکارە ریشەییەکانی رووداوەکە دەدۆزنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ