رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا داوا لە ئێران دەکات، نێرگز محەممەدیی خاوەن نۆبڵی ئاشتی، بێمەرج ئازاد بکرێت و دەڵێت، "ئەو هەرگیز نەدەبوو بەند بکرێت".
رۆژی پێنجشەممە 05-12-2024، ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "دۆخی نێرگز محەممەدی جێگەی داخە، ئەو هەرگیز نەدەبوو بەند بکرێت. باری تەندروستیی ئەو دەرئەنجامی راستەوخۆی ئەو پێشێلکارییانەیە کە لە ژێر دەستی رژێمی ئێران چەشتوویەتی".
دوێنێ چوارشەممە، مستەفا نیلی، پارێزەری نێرگز محەممەدی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "لەژێر رێنمایی پشکنینەکانی دکتۆر، داواکاری گشتیی سزای زیندانی نێرگز محەممەدی بۆ سێ هەفتە هەڵپەسارد و لە زیندان ئازاد کرا".
پاتێل هەروەها گوتی: "دووبارە داوا دەکەینەوە، نێرگز و بەندکراوە سیاسییەکانی دیکە دەستبەجێ و بێمەرج ئازاد بکرێن".
نێرگزی 52 ساڵ، لە ساڵی 2016 بە 16 ساڵ زیندانیکردن سزا درا. ساڵی 2020 ئازادکرا و ساڵی دواتر دووبارە زیندانی کرایەوە.
ئازادکردنی نێرگز بۆ 21 رۆژ، بۆ چاکبوونەوەیەتی لە نەشتەرگەرییەک کە لە تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بۆ قاچی کرابوو.
نێرگز لە تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، پشکنینی پزیشکی بۆ کرا و دەرکەوت گرێیەکی شیرپەنجەیی لە قاچیدا هەیە. نەشتەرگەریی بۆ کرا و دواتر برایەوە زیندان.
رۆژی 04-12-2024، گوتەبێژێکی ئاژانسی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "گرنگە کە نێرگز محەممەدی بەهۆی خراپی باری تەندروستییەوە ئازادکراوە، بۆ ئەوەی چارەسەری پێویست وەربگرێت".
ئەو گوتەبێژە گوتیشی: "بانگەوازی خۆمان بۆ ئازادکردنی دەستبەجێ و بێمەرجی خاتوو نێرگز محەممەدی دووپات دەکەینەوە. بانگەوازەکەمان بۆ هەموو ژن و پیاوێکی ئێرانییە کە ئێستا بەهۆی مافی رەوای ئازادیی رادەربڕین دەستبەسەرن".
پار نێرگز محەممەدی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بردەوە، ئەمەش لە بەرامبەر ئەو داکۆکی و هەڵمەتەی لە دژی سزای لەسێدارەدان و باڵاپۆشیی زۆرەملێ لە ئێران کردی.
نێرگز لە دایکبووی زنجانی ئێرانە و بۆ زیاتر لە دوو دەیەیە چالاکڤانی مافی مرۆڤە و لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2009ـی ئەو وڵاتە، دوو جار زیندانی کراوە و جاری سێیەم کە لە ساڵی 2021 بوو، خرایە زیندانی ئەڤین و تاوەکو ئێستاش دەستبەسەرە؛ هاوژین و منداڵەکانی محەمەدی لە دەرەوەی ئێران دەژین و زیاتر لە هەشت ساڵە یەکدییان نەبینیوە.
نێرگز محەممەدی پێشتریش خەڵاتی بۆ چالاکییەکانی لەپێناو مافەکانی مرۆڤ وەرگرتووە، لەوانە خەڵاتی ساخارۆڤ لە ساڵی 2018؛ مەدالیای ئازایەتیی پەیامنێرانی بێ سنوور لە ساڵی 2022 و ئەم ساڵیش براوەی هەردوو خەڵاتی ئازادیی رۆژنامەگەریی پێنی ئەمریکا و خەڵاتی ئازادی رۆژنامەگەریی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ