شارەزایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان: ئێران هیوادارە کامالا هاریس ببێتە سەرۆکی ئەمریکا

05-11-2024
رووداو @Rudawkurdish
دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس، بەربژێرانی کۆماری و دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا. وێنە: Saul Loeb/AFP
دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس، بەربژێرانی کۆماری و دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا. وێنە: Saul Loeb/AFP
نیشانەکردن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کێ سەرۆکی ئەمریکا بێت، بۆ هەموو جیهان گرنگە؛ بەتایبەت بۆ وڵاتێکی وەکو ئێران کە 45 ساڵە کێشەیان پێکەوە هەیە و ئەمریکا سەرۆکایەتیی کەمپینی گوشارە نێودەوڵەتییەکان دژی ئێران دەکات؛ بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، بۆ تاران گرنگ نییە 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بێت یان کامالا هاریس.
 
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، "هەڵبژاردنی ئەمریکا پەیوەندیی بە خەڵکی خودی ئەمریکاوە هەیە. بۆ ئێمە کردەوە گرنگە. ئێمە سەرنجی کردەوەی ئەمریکا دەدەین و لەسەر ئەو بنەمایە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین، بەڵام رابردووی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات و شێوازی هەڵسوکەوتی ئەمریکا لەگەڵ ئێران پێشانی داوە، جیاوازیی زۆر لەنێوان کابینە جیاوازەکاندا نەبووە و کەم تا زۆر، دژایەتیکردنی ئێران لە هەموو کابینەکاندا هەبووە."
 
ئەمە سیاسەتێکی فەرمییە، بەڵام شارەزایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ئێران دەڵێن، سیاسەتی نافەرمیی حکومەتی ئێستای تاران جیاوازە لەوە و هیوادارە بەربژێری دیموکراتەکان دەنگ بهێنێتەوە.
 
ئارام حەسەنزاد، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمریکا بۆ داهاتووی ئابووری، دۆخی ئەمنی و کاریگەریی ناوچەیی ئێران گرنگیی چارەنووسسازی هەیە. دەشڵێت، ترەمپ ئەگەر دەنگ بهێنێتەوە، دەگەڕێتەوە سەر کەمپینی ئەوپەڕی گوشار دژی ئێران، بەڵام هاریس پردەکانی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران نۆژەن دەکاتەوە.
 
نەریتخوازانی تووندڕۆ کە دژی دانوستاندنن لەگەڵ ئەمریکا، دژی ئەو بۆچوونەن و پێیانوایە دەتوانن بە رووکردنە رۆژهەڵات، گەمارۆکانی رۆژئاوا ناکاریگەر بکەن.
 
رەحیم زارع، ئەندامی لیژنەی پلاندانان و بودجەی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، دیموکرات و کۆمارییەکان بۆ دژایەتیی ئێران وەکو یەکترن و هەڵبژاردنی ئەمریکا کاریگەریی لەسەر دۆخی ئابووریی ئێران نابێت. بە گوتەی زارع، زیاتربوونی فرۆشتنی نەوت لەم سێ ساڵەدا کە قورسترین گەمارۆ خراوەتە سەر ئێران، نیشانەی سەرکەوتنی ئەو وڵاتەیە بەسەر گەمارۆکانی ئەمریکادا.
 
ئەمریکا لەدوای هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامییەوە گەمارۆی خستووەتە سەر ئێران، بەڵام لە 2006ـەوە کە یەکەم پاکێجی گەمارۆ ئابوورییەکانی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند، دۆخی ئابووریی وڵاتەکە ساڵ بە ساڵ خراپتر دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە