رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان ئێران، ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا لەبارەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی، رۆژی 13ـی کانوونی دووەمی 2025 لە جنێڤ دەستپێدەکاتەوە.
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ کاروبارە یاسایی و نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: "خولی نوێی دانوستاندنەکانی ئێران و سێ وڵاتە ئەورووپییەکە لە 13ـی کانوونی دووەم لە جنێڤ بەڕێوەدەچێت."
غەریب ئابادی گوتی: "ئەم گفتوگۆیانە بۆ مەبەستی راوێژی زیاترە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا بڕیارە دانوستاندن بکرێت یان نا، هەروەها ئەگەر بڕیارە دانوستاندن بکرێت، چوارچێوەکەی چۆن دەبێت و بەپێی کام میتۆد بێت."
پێشتر لە 29-11-2024، مەجید تەخت رەوانچی و کازم غەریب ئابادی، جێگرانی وەزیری دەرەوەی ئێران، لەگەڵ نوێنەرانی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لە جنێڤ کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران.
گفتوگۆکانی نێوان ئێران و هەر سێ وڵاتی ئەورووپی لە کاتێکدایە، رۆژی 21-11-2024، ئەنجوومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بڕیارنامەیەکی لە دژی ئێران پەسند کرد، تێیدا سەرکۆنەی زیادکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە و هاوکارینەکردنی پێویستی تاران لەگەڵ ئاژانسەکە دەکات.
لە کاردانەوەی ئەو بریارنامەیە، کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، کۆمەڵە سانتریفیوجێکی نوێ و پێشکەوتوو بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم دەخاتەگەڕ.
بەڕێوەچوونی گەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی ئێران لەگەڵ ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا لە کاتێکدایە، کەمتر لە سێ هەفتەی دیکە دۆناڵد ترەمپ دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی و تاران بە دووری نازانێت، ئیدارەی نوێی ئەمریکا گوشارەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە زیاتر بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ