سێ مووشەک ئاراستەی سعودیە دەکرێت و وڵاتەکەش حوسییەکان تۆمەتباردەکات

05-09-2021
دڵزار زوبێر
نیشانەکردن حوسییەکانی یەمەن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شانشینی عەرەبیی سعودیە رایگەیاند، رووبەڕووی هێرشێکی مووشەکی بالیستی بووەتەوە "کە لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە ئاراستە کراون". لە هێرشەکەدا لانیکەم 2 منداڵ بریندار بوون. 
 
هەندێک وێنە کە لەلایەن ئاژانسی رۆژنامەڤانیی سعودیە بڵاوکراونەتەوە نیشانی دەدەن کە لە ئەنجامی تەقینەوەی مووشەکدا 14 خانوو زیانیان بەرکەوتووە و تێکشکاون. مووشەکەکان بەر کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون کەوتوون لە نزیک دەممام کە 15 کیلۆمەتر لە کێڵگەی نەوتی سعودیە "ئارامکۆ"وە دوورە. 
 
تورکی ئەلمەلەکی، گوتەبێژی فەرمی هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی رایگەیاند، "حوسییەکان سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو و سێ مووشەکی بالیستییان ئاراستەی سعودیە کردووە." بەڵام حوسییەکانی یەمەن هێشتا بەرپرسیارێتیی هێرشەکەیان لەئەستۆ نەگرتووە. 
 
شانشینی سعودیە لە ساڵی 2015ـوە لە دژی حوسییەکان پاڵپشتی حکومەتی یەمەن دەکات، حوسییەکانیش لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.
 
شەڕی حکومەتی یەمەن و حوسییەکان بە سەرپەرشتیی سعودیە لە مانگی ئاداری ساڵی 2015 دەستیپێکرد. لەم مانگانەی دواییشدا هەڵکشانی بەخۆیەوە بینی کاتێک حوسییەکان هەوڵی گرتنی شاری مەئریب-یان دا.
 
رۆژی سێشەممە 31-8-2021 درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لەنێو فڕۆکەخانەی ئەبها لە پارێزگای عەسیر لە سعودیە تەقییەوە کە بووە هۆی برینداربوونی 8 کەس و تێکشکاندنی فڕۆکەیەک. 
 
هێرشە ئاسمانییەکان و شەڕی زەمینی لە یەمەن تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی 130 هەزار کەس و سەرهەڵدانی "خراپترین" قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە