رووداو دیجیتاڵ
رێبەری کۆریای باکوور سەرپەرشتیی گواستنەوەی 250 سەکۆی هاویشتنی مووشەکی بالیستی کرد بۆ سەنگەرەکانی پێشەوەی سوپای وڵاتەکەی بە درێژایی سنووری کۆریای باشوور.
کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور چەکەکانی بە "شمشێری بەهێز و گرانبەها"ی بەرگریکردن لە سەروەریی وڵاتەکەی ناوبرد.
بە گوێرەی میدیای فەرمیی کۆریای باکوور، گواستنەوەی مووشەکەکان بە رێورەسمێک لە پیۆنگیانگی پایتەخت لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی کیمدا دەستیپێکرد.
کیم لە گوتارێکدا لەو رێوڕەسمەدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو مووشەکهاوێژانە "نوێترین چەکی تەکتیکین" کە بە دەستی خۆی شێوەیانی کێشاوە.
پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو کۆریا لە خراپترین ئاستی چەندین ساڵی رابردوودان، بە جۆرێک کە باکوورییەکان سەرقاڵی بەهێزکردنی کۆگای چەکی خۆیان و باراندنی باڵۆنی زبڵهەڵگرن بەسەر باشوورییەکاندا.
لە وەڵامی ئەوەدا کۆریای باشوور لە رێگەی بڵندگۆیەکانەوە بە درێژایی سنوور دەستی بە بڵاوکردنەوەی بانگەشەی خۆی کردووە دژی پیۆنگیانگ، هەروەها رێککەوتنێکی هەڵپەساردووە کە تایبەتە بە کەمکردنەوەی گرژییە سەربازییەکان.
ئەمساڵ پیۆنگیانگ، کۆریای باشووری بە "دووژمنی سەرەکی"ی خۆی راگەیاند، دەستبەرداری کاری ئەو دامەزراوانە بوو کە لە پێناو یەکگرتنەوەی هەردوو کۆریاکە پێکهێندرابوون و هەڕەشەی کرد کە تەنانەت لەسەر "0.001 میللیمەتر"ی خاکەکەی، جەنگ بەرپادەکات.
کیم لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە نماییشکردنی ئەو چەکانە "خواستی پۆڵایینی" وڵاتەکەی "بۆ بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکان" پێشاندەدات، ئەمە وەک میدیاکە بڵاویکردووەتەوە.
کۆتایی تەممووز، بارانی بەخوڕ بەشێکی کۆریای باکووری گرتەوە. میدیای کۆریای باشوور دەڵێت، لە ئەنجامی باران و لافاو نزیکەی هەزار و 500 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە ئەوەش توڕەیی کیمی لێکەوتەوە.
رێبەری کۆریای باکوور پێیوایە ئەو هەواڵانە "هەڵمەتێکی چەپەڵانەن بۆ شێواندن و پەڵەدارکردنی" وێنەی وڵاتەکەی.
کۆریای باکوور رەتیدەکاتەوە کەس بەهۆی لافاوەوە گیانی لەدەستدابێت و دەڵێت، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکە زیاتر لە 5 هەزار کەسی رزگارکردووە، لەوانەش چو4ار هەزار و 200یان تەنیا لە ماوەی "چەند کاژێرێکی کەمدا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ