رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی لاتڤیا بڕیاریداوە هەر شۆفێرێک لە کاتی شۆفێریکردن خواردنەوەی کحولی خواردبێتەوە و ئۆتۆمبێلەکەی دەستی بەسەردا گیرابێت، ئەوا بۆ ئۆکراینا دەنێرێت
لە گەراجێکی گەورەی (ریگا)ـی پایتەختی لاتڤیا، نزیکەی 100 ئۆتۆمبێل هەن، کە خاوەنەکانیان ئەو شۆفێرانەن، کە بە سەرخۆشی لێیان خوڕیون. حکومەتی لاتڤیا ئۆتۆمبێلەکان چاکدەکاتەوە و بۆ سوپای ئۆکراینایان دەنێرێت. بەمجۆرە لاتڤیا هەم دەیەوێت دیاردەی لێخوڕین لەژێر کاریگەری کحول کەم بکاتەوە و هەمیش یارمەتیی ئۆکراینا بدات.
رۆژی چوارشەممە 05-06-2024 رێنیس پۆزناکس، سەرۆکی رێکخراوی ئاجێندەم گوتی: "هەموو هەفتەیەک نزیکەی 30 بۆ 40 ئۆتۆمبێل لە لاتڤیاوە دەگوازینەوە ئۆکراینا."
ئاجێندەم ئەو رێکخراوەیە کە حکومەتی لاتڤیا رایسپاردووە ئۆتۆمبێلە دەست بەسەرداگیراوەکان بگەیێنێتە سەر سنووری ئۆکراینا.
بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان، بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکان گوللـەنەبڕ و هەندێکیشیان بۆ گواستنەوەی بریندار و تەرم گونجاون.
لە ساڵی 2022ـوەوە حکومەتی لاتڤیا لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی لەژێر کاریگەریی کحول بە تاوان ناساندووە و سزاکەشی بەندکردنە. لە بڕیارێکی نوێشدا، هەر شۆفێرێک بە سەرخۆشی بگیرێت، ئۆتۆمبێلەکەی لێدەسەندرێتەوە.
تاوەکو ئێستا ئۆکراینا زیاتر لە هەزار و 500 ئۆتۆمبێلی لە لاتڤیا وەرگرتووە.
کارمەندێکی فریاگوزاریی لاتڤیا کە لەسەر سنووری ئۆکراینا یارمەتیی سەربازانی ئەو وڵاتە دەدات، دەڵێت: "پێویستییەکی زۆرمان بە ئۆتۆمبێل هەیە، پێشتر داوای ئۆتۆمبێلی بەرز و ئۆفرۆدمان دەکرد، بەڵام ئێستا هەر جۆرێک بگاتە دەستمان کێشەمان نییە، گرنگ ئەوەیە بریندارەکانی پێ بگوازینەوە."
لاتڤیا کە ئەندامی ناتۆیە رێککەوتنێکی ئاسایشی 10 ساڵەی لەگەڵ کیێڤ واژۆکردووە و دەستپێشخەریی ناردنی هەزاران درۆنی بۆ ئۆکراینا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ