رووداو دیجیتاڵ
یێڤگنی پریگۆژین، خاوەنی کۆمپانیای سەربازیی تایبەتی رووسیی ڤاگنەر، رۆژی هەینی هەڕەشەی کشاندنەوەی هێزەکانی ڤاگنەری لە شاری باخمووتی ئۆکرانیا کرد و فەرماندەیی سەربازیی رووسیای تۆمەتبار کرد بە بێبەشکردنی گرووپەکەی لە چەک.
لە راگەیێندراوێکدا کە لە رێگەی گوتەبێژەکەیەوە بڵاویکردەوە، پریگۆژین باس لەوە دەکات، بڕیار بووە ڤاگنەر تاوەکو 9ـی ئایار دەستبەسەر باخمووتدا بگرێت، کە ئەو رۆژە ساڵیادی سەرکەوتنی رووسیایە بەسەر ئەڵمانیای نازییدا لە جەنگی جیهانی دووەمدا، بەڵام بە گوتەی پریگۆژین، ڤاگنەر لە لایەن فەرماندە سەربازییەکانی سوپای رووسیا لە چەک بێبەشکراوە، بۆیە گرووپەکە ناتوانێت باخمووت تاوەکو ئەو رۆژە کۆنترۆڵبکات.
پریگۆژین گوتی، رێگەنادات چەکدارەکانی "بەبێ تەقەمەنی لە باخمووت تووشی زیانێکی بێسوود و ناڕەوا" بن. ئاماژەی بەوەشکرد، ڤاگنەر لە 10ـی ئایاردا ناچار دەبێت لە باخمووت بکشێتەوە.
ئەمە یەکەمجار نییە پریگۆژین گلەیی لە کەمیی تەقەمەنی دەکات و سوپای رووسیا بە تاوانبار دەزانێت کە لەگەڵیدا ململانێیەکی درێژخایەنی هەیە، بەڵام پێشتر هەرگیز هەڕەشەی کشانەوەی چەکدارەکانی لە ئۆکرانیا نەکردبوو.
هاوکات گوتەبێژی پریگۆژین گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە پریگۆژین تێیدا داوای تەقەمەنی لە سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگریی رووسیا و ڤالێری گێراسیمۆڤ، سوپاسالاری وڵاتەکە دەکات. لە ڤیدیۆکەدا، پریگۆژین لەبەردەم چەندین تەرم وەستاوە کە لەسەر زەوی کەوتوون، دەڵێت، ئەوانە تەرمی چەکدارانی ڤاگنەرن کە هەموویان رۆژی پێنجشەممە گیانیان لەدەستداوە.
پریگۆژین بە دەنگێکی بەرز قسە دەکات و بە شێوەیەکی تووند سوێند دەخوات. پریگۆژین دەڵێت: "ئەمانە باوکی کەسێک و کوڕی کەسێکن. کورتهێنانی چەک و تەقەمەنیمان 70٪یە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ