حکومەتی ئەڵمانیا هاووڵاتییە داعشەکانی دەباتەوە

04-07-2020
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین قوربانیی شەڕی داعشی لە خۆ گرتووە
ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین قوربانیی شەڕی داعشی لە خۆ گرتووە
نیشانەکردن ئەڵمانیا داعش
A+ A-
 

رووداو - ئەڵمانیا

لە ئەڵمانیا نووسینگەی هاوئاهەنگی دانراوە کە تایبەتە بە گەڕانەوەی کۆنە چەکدارانی داعش و ژنەکانیان بۆ ناو ئەڵمانیا. حکومەت لەگەڵ ئاسایش و شارەوانیی شارەکان کاردەکات تاوەکو ئەو ژن و چەکدارانەی داعش بدۆزێتەوە کە بە دزییەوە یان بە هەر رێگەیەک گەڕاونەتەوە ئەو وڵاتە.
 
مەترسیی داعشە ئەوروپییەکان و هاوژین و منداڵانیان هەرەشەی سەرەکیی دوای نەمانی داعشە بۆ ئەوروپا. ئەوەیش بابەتێک بوو کە ئەڵمانیای ناچارکرد "نووسینگەی هاوئاهەنگیی گەڕانەوە" دابمەزرێنێت و لەو رێگەیەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنیان بدات.
 
بورکارد فرایەر، سەرۆکی دەزگای پاراستنی دەستوورە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەوانەی دەگەڕێنەوە زۆر تووندئاژۆن و ئامادەن تووندتیژی بەکاربهێنن. شارەزاییان لە بەکارهێنانی چەکدا هەیە، چ ژن بن چ پیاو. ئامادەن منداڵ و خێزانەکانیان تووندئاژۆ بکەن. نووسینگەی هاوئاهەنگیی گەڕانەوەمان دامەزراند کە پردێکە لەنێوان دەزگا ئەمنییەکان و فەرمانگەی شارەوانییەکان و هەروەها رێکخراوە سیڤیلییەکان. ئامانجمان ئەوەیە هەموو زانیارییەکان لە یەک شوێندا کۆبکەینەوە  و دەزگاکانی ئاسایش ئاگادار بکرێنەوە و بەرنامەیەک بۆ دەستگیرکردنیان دابڕێژین".
 
لە کۆی نزیکەی 70 هەزار چەکدار و هاوژین ومنداڵی داعش کە لە زیندان و کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستانن کە 11 هەزاریان بیانین. بەهۆی مەترسیی تووندئاژۆییان وڵاتەکانیان زۆر بە کەمی و بە خاوی هاوڵاتییە داعشەکانیان وەردەگرنەوە. ئەڵمانیا تاوەکو ئێستا 360 هاووڵاتیی خۆی وەرگرتووەتەوە.
 
سەرۆکی دەزگای پاراستنی دەستوور ئاماژە بەوە دەکات، "لەبارەی ئەوانەی دەگەڕێنەوە بەرنامەیەکی قۆناخیمان هەیە کە زۆر بە وردی چاودێری دەکەین بزانین وەرگرتنەوەیان لە چ رێگەیەکەوە دەبێت، چونکە ئەوان بۆ سەر ئاسایش وڵاتەکەمان مەترسین. یەکەم هەنگاو کە زۆر گرنگە دەست بە لێکۆڵینەوەی تاوانەکان دەکەین. هەر کە زانیاریمان لەبارەی کەسەکە و هۆکاری چوونی بۆ سوریا و هەروەها چۆنیەتیی رەگاژۆبوون و چالاکییەکانی لەو ناوچانە دەست دەخەین. دەستبەجێ هەوڵی یاداشتنامەی راگرتن دەدەین بۆ ئەوەی یەکسەر لە فڕۆکەخانە دەستگیری بکەین. ئەگەر زانیاریی پێوستمان لە بەردەست نەبێت، ئەوا لەو کاتەدا قۆناخی بەرزی رووبەڕووبوونەوەی مەترسی دەست پێدەکات. ئەوە مانای ئەوەیە کە دەزگای پاراستنی دەستوور و دەزگاکانی هەواڵگری و هەروەها  پۆلیس  چاودێریی وردی دەکەن کە کەی گەڕاوەتەوە و بۆ کوێ گەڕاوەتەوە و پەیوەندیی لەگەڵ کێ هەیە". 
 
لە کۆی 360 ئەندام و بنەماڵە گەڕاوەکانی داعش، ئەڵمانیا تەنیا 50 کەسیانی دەستگیر کردووە و تاوەکو ئێستا تەنیا یەکێکیان دادگایی کراوە. 310 هاوژین و منداڵە گەڕاوەکانی دیکەی داعش لەژێر چاودێریی توونددان و سەرقاڵی خۆگونجاندنەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەڵمانین.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ئێستا زیاتر لە 350 منداڵی ژێر تەمەن 18 ساڵی ئەڵمانی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریان کە 150یان لەوێ لەدایکبوون. بەپێچەوانەی کەمینەیەکی دژبەر، زۆرینەی ئەڵمانییەکان لەگەڵ گەڕانەوەی منداڵەکانیانن. 
 
ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین قوربانیی شەڕی داعشی لە خۆ گرتووە، بەتایبەت کوردانی ئێزدی و پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان. هەروەها  لە جیهاندا بە یەکەمین وڵاتیش دادەنرێت کە ئەندامێکی داعشی بە تۆمەتی جینۆسیادی کوردانی ئێزدی دادگایی کردبێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە