شەش مانگە بەشێکی کۆچبەران لە شەقامەکانی بەلجیکا دەژین

04-03-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
مانەوەی کۆچبەران لە شەقامێکی برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا
مانەوەی کۆچبەران لە شەقامێکی برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەک کۆچبەر نزیکەی شەش مانگە لەنێو چادردا لە شەقامێکی برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا دەژین کە بە پایتەختی ئەوروپا ناسراوە.
 
پەناخوازان کە زۆربەیان لە ئەفریقا، فەلەستین، رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە بۆ دەستگەیشتن بە ژیانێکی شایستە روویان لە ئەوروپا کردووە، دەڵێن، لە چوونیان بۆ ئەوروپا چاوەڕوانی ئەمە نەبوون؛ چەند مانگێکە نەیانتوانیوە خۆیان بشۆن یان ژەمە خۆراکی پێویست دەستبخەن.
 
مووسا، پەناخوازێکی سیێرالیۆنییە و دەڵێت، "ئیستا زۆر سەختە روونی بکەمەوە، چونکە چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد بێم و لە شەقامەکان بخەوم. تەنیا هۆکاری ئەمە ئەوەیە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە جگە لە قبووڵکردنی دۆخەکە. داوا لە حکومەت دەکەین یارمەتیمان بدات و شوێنێکمان بۆ دابین بکات کە شیاومان بێت."
 
رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور کە تەوالێت و دەستشۆری بۆ پەناخوازەکان دابینکردووە، دەڵێت، پشتگوێخستنییان لەلایەن حکومەتی بەلجیکاوە جێگەی "شەرمەزارییە." 
 
دەیڤد ڤۆگل، پزیشکی بێسنوور گوتی، "پێشتر، خەڵک یەک یان دوو رۆژ لە شەقامەکان دەمانەوە، پێش ئەوەی جێگەیەکیان بدرێتێ بۆ مانەوە، بەڵام ئێستا شەش مانگ دەمێننەوە. ئێمەش بێ دەسەڵاتین، چونکە هەر چەندێک کار بۆ پەناخوازەکان دەکەین، هەستدەکەین هەوڵێکی سیاسی نییە بۆ ئەوەی ئەم قەیرانە چارەسەر بکات." 
 
بەلجیکا لای بەشێکی زۆری پەناخوازان، بە خەمسارد لە ئاست کێشەکانیان دادەنرێت؛ ژمارەی ئەوانەی لە 2022 داوای مافی پەنابەرییان لەو وڵاتە کردووە 37 هەزار کەس بووە، لەکاتێکدا ژمارەکە لە 2021دا 11 هەزار کەس بووە. هەمان کێشە بەرۆکی وڵاتانی دیکەی ئەوروپاشی گرتووەتەوە. 
 
تەنیا لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 17 هەزار و 897 کەس پەنایان بۆ ئەوروپا بردووە و 345 کەسیش لە رێگەی چوونیان گیانیان لەدەستداوە. لە 2022دا 189 هەزار و 620 پەناخواز گەیشتبوونە ئەوروپا و دوو هەزار و 346 کەسیش لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستدابوو. ئەوە لەکاتێکدایە 151 هەزار و 417 کەس لە 2021دا گەیشتبوونە ئەوروپا و سێ هەزار و 188 کەس گیانیان لەدەستدابوو.
 
زۆربوونی ژمارەی پەناخوازان لای بەرپرسانی ئەوروپا بۆ ئەو گرژییانە دەگەڕێتەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی باکووری ئەفریقادا هەیە. بەشێکی زۆری ئەو وڵاتانەش بانگەواز بۆ گرتنەبەری رێکاری تووند دەکەن بۆ رێگەگرتن لەو لێشاوە و چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش، لە زۆر وڵاتی ئەوروپادا مژاری سەرەکی بانگەشەکانی هەڵبژاردنە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە