ئەڵمانیا بەنیازە چاکسازی لە بواری وڵاتینامەدا بکات

03-12-2022
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
هەڤپەیڤینی ئاڵا شاڵی لەگەڵ عەلی ئەرتان تۆپراک، سەرۆکی کۆمەڵەی رەوەندی کورد لە ئەڵمانیا
هەڤپەیڤینی ئاڵا شاڵی لەگەڵ عەلی ئەرتان تۆپراک، سەرۆکی کۆمەڵەی رەوەندی کورد لە ئەڵمانیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمەڵەی رەوەندی کوردی لە ئەڵمانیا دەڵێت، حکومەتی ئەو وڵاتە پلانی هەیە کە چاکسازی لە پێدانی وڵاتینامە بە کۆچبەران بدات. دەشڵێت، لەسەر ئەو بابەتە "راستەوخۆ لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیای فیدرال گفتوگۆمان کرد."
 
عەلی ئەرتان تۆپراک، سەرۆکی کۆمەڵەی رەوەندی کوردی لە ئەڵمانیا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لەگەڵی ئەنجامی دا و لە بەرنامەی دیاسپۆرای رۆژی هەینی، 02-12-2022ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هێمن عەبدوڵڵا پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار کورد لە ئەڵمانیا دەژین و "کورد یەکێکن لە گرووپە گرنگەکانی ئەڵمانیا کە رێز لە یاسا و بنەماکانی ئەم وڵاتە دەگرن."
 
هەڤپەیڤینی ئاڵا شاڵی لەگەڵ عەلی ئەرتان تۆپراک، سەرۆکی کۆمەڵەی رەوەندی کورد لە ئەڵمانیا:
 
عەلی ئەرتان تۆپراک، سەرۆکی کۆمەڵەی رەوەندی کوردە لە ئەڵمانیا. بەڕێز تۆپراک لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ ئۆلاف شۆڵتس، راوێژکاری ئەڵمانیا کۆبووەتەوە. لەم هەڤپەیڤینە تایبەتەدا دەمەوێت گفتوگۆ بکەین لەسەر کۆبوونەوەکەی لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا کە راوێژی پێکردووە سەبارەت بە چۆنیەتی ئاسانکاریی پێدانی وڵاتینامە بە پەناران هەروەها چەندین پرسی دیکەی تایبەت بە کۆچبەران و پەنابەران لە ئەڵمانیا.
 
رووداو: کاك عەلی دەمەوێت سەرەتا بزانم بۆچی راوێژکاری ئەڵمانیا پێی گرنگ بوو دیداری لەگەڵتان هەبێ و چیتان لەبارەی کوردی دانیشتووی ئەڵمانیاوە باسکرد؟
 
عەلی ئەرتان تۆپراک: کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو، حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا پلانی چاکسازی لە یاسای رەگەزنامەدا دەکات، هەروەها یاسای بیانییەکانیش چاکسازی تێدا بکرێت هەر ئەمەش وایکرد حکومەتی فیدراڵی ئۆلاف شۆڵز بانگهێشتی گرنگترین رێکخراو و پێکهاتەکانی کۆچبەران و نوێنەرەکانیان بۆ بەرلین بکات، بۆ ئەوەی قسەمان لەگەڵدا بکات سەبارەت بەم چاکسازییە و منیش لەوێ بووم وەک نوێنەری کۆمەڵەی رەوەندی کورد لە ئەڵمانیا. 
 
رووداو: ئێوە بە چ پەیام و ئەجێندایەکەوە چووبوونە کۆبوونەوەکە؟ 
 
عەلی ئەرتان تۆپراک: بێگومان ئێمە سەرەتا ویستمان گوێ لە پێشنیازەکانی چاکسازی حکومەتی فیدراڵی بگرین بۆ ئەوەی بتوانین قسە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بکەین و بێگومان بە خۆشحاڵییەوە راستەوخۆ لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیای فیدراڵ گفتوگۆمان کرد، پێمانوایە گرنگە هەموو بەربەستەکان، ئەگەر هەبن لەم بوارەدا هەڵبوەشێنرێنەوە، بەڵام ئەوەش گرنگە مرۆڤ هەست بەوە بکات کە کۆمەڵگەیەکی گەورەی کوردیش لێرە لە ئەڵمانیا هەیە و زۆربەمان وڵاتینامەی ئەڵمانیمان هەیە و زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار کەسی بە رەچەڵەک کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە لە ئەڵمانیا دەژین. داوای ئێمە ئەوەیە لە حکومەتی ئەڵمانیا کە کوردەکانی ئەڵمانیاش لە لایەن حکومەتی فیدرالی و کاربەدەستانی ئەڵمانیاوە هەستیان پێبکرێت. 
 
رووداو: مەسەلەی کورتکردنەوەی ماوەی وەرگرتنی وڵاتینامە (پاسپۆرت) گەرمە، رای ئێوە لەسەر ئەمە چییە و لەگەڵ شۆلتز چۆن باستانکرد؟
 
عەلی ئەرتان تۆپراک: بەڵێ بێگومان ئێمەش توانیمان بەشداریی گفتوگۆکە بین دوای ئەوەی راوێژکاری ئەڵمانیا و وەزیرە بەرپرسەکان و وەزیری ناوخۆی فیسەر و وەزیری دەوڵەت بۆ نیشتەجێبون ریم عەلەبالی رادۆڤان پلانەکانیان خستەڕوو، ئێمەش دەرفەتی ئەوەمان بۆ رەخسا وەک نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆچبەران بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەندامانی حکومەت و ئەوە یەکێک بوو لە گفتوگۆ وردە زۆر سەرنجڕاکێشەکان. هەروەها دەرفەتمان هەبوو بێگومان بۆچوونی خۆمان لەسەر ئەمە دەرببڕین.
 
رووداو: بەڵام کرستیان دیموکراتەکان دژی ئەو یاسایەن؟
 
عەلی ئەرتان تۆپراک: نەخێر ئەوە هەڵەیە ئەگەر بڵێین CDU دژی ئەم یاسایەیە. CDU لەگەڵ چاکسازی دایە و باس لە باشترکردن دەکات، بەڵام CDU ئەو بڕوایەی هەیە کە حکومەت دەیەوێت رەگەزنامەی ئەڵمانی بداتە کۆچبەران لە سەرەتای پرۆسەی خۆگونجاندن و CDU دەڵێت: دەبێت لە کۆتایی پرۆسەی خۆگونجاندا کۆچبەران وڵاتینامەی ئەڵمانیا وەرگرن و دەبێت خۆیانی بۆ ماندوو بکەن. 5.7 ملیۆن کەس کە بە رەچەڵەک بیانین لە ئەڵمانیان، کە زیاتر لە 10 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژین و ئەمان دەرفەتیان هەبوو ببنە ئەڵمانی، پێشتر ئەم دەرفەتەیان هەبووە بۆ ئەوەی ببنە ئەڵمانی، واتا بەپێی یاسای ئێستا دەتوانیت دوای هەشت ساڵ داوای وڵاتینامەی ئەڵمانی بکەیت، بەڵام زۆربەیان ئەو کارە ناکەن، بۆیە لێرەدا ئێستا بۆ زۆر کەس دەکرێت و حکومەت پێیوایە ئەگەر دوو وڵاتینامە بکەیتە مومکین ئەوا زۆربەیان دواتر وڵاتینامەی ئەڵمانی قبوڵ دەکەن. CDU وەک گوتم، پێیوایە ئەو کەسانەی دەیانەوێت وڵاتینامەی ئەڵمانی بەدەستبهێنن، پێویستە خۆیان لەگەڵ ئەم وڵاتە و بەهاکانی و لەگەڵ زمان و کولتوورێکدا بگونجێنن. 
 
رووداو: باشە دەمەوێت باسی بابەتێکی دیکە بکەم ئەویش خۆپشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە مامەڵەی هێزە ئەمنییەکانی بەرامبەر بە خۆپشاندەران. باسی ئەوەتان کرد لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا؟ 
 
عەلی ئەرتان تۆپراک: دوای کۆبونەوەکە دەرفەت هەبوو کەمێک گفتوگۆی دوو قۆڵی بکەین، ئەمەش کەمێک دەرفەتی بۆ رەخساندم کە قسە بکەم هەم لەگەڵ راوێژکار و هەم لەگەڵ وەزیر کە دەرفەتی زۆرترمان هەبوو، هەوڵمدا ئەوە روون بکەمەوە کە خەڵک لە ئێران و هەروەها کوردیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێویستیان بە پشتیوانی هەیە، لە سەرووی هەموو شتێکەوە دەرفەتم هەبوو لەگەڵ وەزیری فیدراڵیدا کەمێک زیاتر قسە بکەم و لە سەرووی هەموو شتێکەوە ئاماژەم بە دۆخی کورد دا کە کورد ئێستا پێویستی بە پشگتیریی نێودەوڵەتییە هەروەها باسی ئەوەم بۆ کرد کە کورد نەک هەر لە وڵاتانی رەسەنی خۆیدا هێرشی دەکرێتە سەر و لەلایەن ئێران تورکیاوە گۆشەگیری، جیاکاری و هێرشی دەکرێتەسەر، بەڵکو لێرەش لە ئەڵمانیاشدا و دواجار دەبێت جیاکاری و ( discrimination) دژی کورد بوەستێت. هەروەها پێمگوت کە کورد یەکێکن لە گرووپە گرنگەکانی ئەڵمانیا کە رێز لە یاسا و بنەماکانی ئەم وڵاتە دەگرن و گرووپێکی گرنگن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەروەها هاوبەشی بەهاکانی رۆژئاوان و هەر بۆیەش کورد بەتەواوی پێویستیان بە پاڵپشتیی سیاسیی نێودەوڵەتی هەیە، ئەوەی منی نیگەران کردووە ئەوەیە کە ئێران بەردەوام هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان، لە لایەک بێگومان بۆ سەرقاڵکردنی لە کێشەکانی نێوخۆ ئێرانە و لە لایەکی دیکەشەوە کورد دەکرێتە بەرپرس لەو کەشانە، بۆیە بەڕاستی داوای پشتیوانیم لە کاربەدەستانی حکومەت بۆ کورد.
 
رووداو: باشە حکومەتی ئەڵمانیا سیاسەتێکی راشکاوی سەبارەت بە رووداوەکانی پاش گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، لەگەڵ شۆلتز لەسەر ئەو مژارە قسەتانکرد؟
 
عەلی ئەرتان تۆپراک: حکومەتی فیدراڵیش لەم گوتووێژانەدا زۆر دیپلۆماتیکن و دەڵێن ئاگاداری دۆخەکەن، بەتایبەتی دۆخی کورد و بێگومان لە دانوستاندنە دوو قۆڵییەکان لەگەڵ ئێران و تورکیادا وەزیرانی ناوخۆی فیدراڵی لە تورکیا بوو لەم دواییانەدا باسی پرسی کوردیان کردبوو، بەڵام بێگومان وردەکارییەکانی بەو شێوەیە نادەن بە دەستەوە، ئەوان لەسەر ئەو بۆچوونەن کە پرسی کوردیش دەبێت بە شێوەیەکی ئاشتیانە بە رێگەی دیموکراسی چارەسەر بکرێت، بەڵام پێموایە حکومەتی فیدراڵی دەتوانێت کاری زیاتر بکات. 
 
رووداو: وەک جڤاکی کوردی لە ئەڵمانیا لەلایەن کوردی رۆژهەڵاتەوە رەخنەی ئەوەتان لێدەگیرێ کە چالاکیی گەورە و کاریگەرتان بۆ پشتیوانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان نەکردووە، وەڵامی ئێوە چییە؟ 
 
عەلی ئەرتان تۆپراک: ئەوە راست نییە، چونکە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لەگەڵ نوێنەرانی کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووین لە فەرمانگەی دەرەوەی فیدراڵی، چاوپێکەتنمان هەبوو و لەوێ گفتوگۆی چڕوپڕمان لەگەڵ بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئێران کرد. هەروەها وێنە و زانیاریمان لەسەر دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان رادەستی فەرمانگەی دەرەوەی فیدراڵی کرد و بە تایبەتی تەرکیزمان کرد لەسەر بارودۆخی کورد لە ئێران و هەروەها ئەوەی کە هەرێمی کوردستان بێگومان چەندینجار لەلایەن هەردوو میلیشیای شیعە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لە لایەن ئێرانەوە هێرش دەکرێتە سەر. لە هەمانکاتدا داوامان لە فەرمانگەی دەرەوەی فیدراڵیش کرد کە ناڕەزایەتییەک پێشکێش بە حکومەتی ئێران بکات. جگە لەمانە لە شاری کۆڵنیش خۆپێشاندانێک هەبوو کە ئێمە وەک جڤاکی کوردی لە ئەڵمانیا پشتیوانیمان لێکرد، بۆیە ئێمە هاوسۆزین لەگەڵ کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەردەوام لە گفتوگۆ داین و ئێستا ماوەی دوو رۆژە ئێمەش بانگەوازێکمان کردووە بۆ بەخشین وەک کۆمەڵگەیەکی کوردی لە ئەڵمانیا بۆ خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان و هەروەها بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ئێستا هەڵهاتوون بۆ باشووری کوردستان. 
 
رووداو: ئێستا باسی ئەوە دەکرێ کە تورکیا هێرشدەکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان، لەوبارەیەوە قسەتان لەگەڵ کاربەدەستانی ئەڵمانیا کردووە؟ رای ئەوان چییە؟ 
 
عەلی ئەرتان تۆپراک: بەڵێ، بەڵێ، بێگومان لە هەموو گفتوگۆکانماندا باسی ئەو پرسە لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی ئەڵمانیا دەکەین، ئێمەش نیگەرانی گەورەی خۆمان گەیاندووە کە تورکیا دۆخی ئۆکراینا و ئێران دەقۆزێتەوە، بێگومان بۆ ئەوەی خەڵک لە کێشە ناوخۆییەکان سەرقاڵ بکات، و جارێکی دیکە هێرش بکاتە سەر کورد، ئێمە وەک کۆمەڵەی رەوەندی کورد بێگومان زۆر هەستیارین و هەوڵدەدەن تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت لە هەموو گفتگۆکانماندا لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا باسی ئەو کێشانە بکەین. 
 
رووداو: باشە ئەی ئەوان وەڵامیان چییە؟ 
 
عەلی ئەرتان تۆپراک: بەڵێ دەڵێن کە ئەوان وەک حکومەتی فیدراڵی هەمیشە ئاماژە بە رۆڵی کورد دەکەن لە گفتوگۆکان لەگەڵ تورکیا و ئێران و هەروەها سەرکۆنە و رەخنە لە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەگرن، بەڵام من پێموانییە ئەوە بەس نییە و تەنیا لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە باسی بکەین دەوڵەتەکان هێرش دەکەنە سەر کورد و بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان. ئەوانیش دەبێت حیساب بۆ دەرئەنجامەکانی بکەن و بە رای من بەسە هەمیشە بڵێین بەڵێ باسی دەکەین، رەخنە دەگرین، بەڵام ئێمە هەمیشە وەک کۆمەڵەی رەوەندی کورد لە ئەڵمانیا باسی کێشەکان دەکەین و پەنجە دەخەینە سەر پرسە هەستیارەکان. ئێمە چەندینجار قسە لەسەر ئەوە دەکەین و هەروەها ئەوە روون دەکەینەوە کە ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ چارەسەرکردنی پرسی کورد مەحاڵە. گرنگ نییە لە چ ململانێیەکدا ئێستا ئێران، سووریا، تورکیا، کورد تێوەگلاوە و کورد ئەو نەتەوەییەیە، وەک من گوتم، بۆ دیموکراسی و بۆ بەها لیبڕاڵەکانن و هەروەها ئازادی و ئاشتی دەخوازن لەگەڵ دراوسێکانتان دەیانەوێت پێکەوە بژین و کە دواجار دەبێت لەلایەن کۆمەڵگەی رۆژئاواییەوە بناسرێت هەروەها لەلایەن کۆمەڵگەی جیهانیشەوە.
 
رووداو: وەک کەسێکی شارەزا لە ناوەندی میدیایی و سیاسیی ئەڵمانیا، پێتانوایە پێویستە کوردی پارچەکانی کوردستان کە لە ئەڵمانیان چۆن بەشێوەی کاریگەرتر دەنگی کورد بگەیەننە کۆمەڵگەی ئەڵمانی؟
 
عەلی ئەرتان تۆپراک: گرنگە لە هەموو بۆنە گرنگەکاندا و خۆپێشاندان و گردبوونەوەکاندا هەموو کوردێک ئامادەبێت و گرنگە لە سەرووی هەموو شتێکەوە پشتیوانی لەم بابەتە بکرێت، هەروەها گرنگە کوردی هەر چوار پارچە کوردستان پێکەوە بن یەکگرتووانە نەک تەنیا کاتێک خۆپێشاندانی کوردانی تورکیایە بەس کوردی باکوور لەوێبن یاخود کوردی باشوور بەس بۆ پرسی باشوور، دەبێت هەموومان پێکەوە بەشداربین لە هەموو بۆنەکاندا پێکەوە مامەڵە بکەین و پێموایە ئەگەر 40 ملیۆن کورد و نوێنەرەکانیان یەکدەنگ و پێکەوە کۆببنەوە ئەوا بێگومان جیاواز هەستمان پێدەکرێت لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە. پێموایە ئەوە گرنگە شەرمەزارییە کە ئێمە وەک کورد هێشتا ناتوانین بە یەک زمان بە یەکدەنگ قسە بکەین و رێکبکەوین. 
 
رووداو: ئەنجامی ئەو دیدارە چی دەبێت؟
 
عەلی ئەرتان تۆپراک: پێموابێ کە حکومەتی فیدراڵی دەیەوێت پڕۆژەی چاکسازییەکەیان جێبەجێ بکات، پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا یاساکە هێشتا لەلایەن ئەنجوومەنی فیدراڵی دانوستاندنی لەسەر دەکرێت؟ ئەوکات رەنگە CDU رێگری لێبکات ئەگەر بە تەواوی لەگەڵ ئەم چاکسازییە نەبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە چاکسازی لە یاسای وڵاتینامە دەکرێت. ئینجا من بەڕاستی چاوەڕێ دەکەم بزانم ئایا ئەو کاتە کۆچبەرانی زیاتر وڵاتینامەی ئەڵمانی قبوڵ دەکەن، چونکە ئەوە هیوای حکومەتی فیدراڵییە و تەنانەت بەهیوان کە کارئاسانی بێت بۆ هاتنی هێزی کار لە دەرەوەی وڵات ، هیوادارە کرێکاری لێهاتوو زیاتر بێنە ئەڵمانیا بزانین چۆن دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا