رووداو دیجیتاڵ
کۆچبەرێکی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، 55 کەسن لە نێو یەختێکدا لە سنووری ئاویی یۆنان گیریان خواردووە کە بەشێکیان کوردن، 10یان ژنن و هەموویان باشن، تەنیا ئەوەیە ژنەکان کەمێک دۆخیان خراپە.
رۆژی هەینی 2022/09/02 دوا پەیوەندیی بەو یەختەوە کراوە و یەکێک لە کۆچبەرەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت راگەیاند، "دۆخیان باشە" و ئاماژەی بەوە کرد کە لەو 55 کەسە تەنیا هەشت کەسیان کوردن و ئەوانەی دیکە ئەفغانین.
ئەو کۆچبەرە ئەوەشی خستەڕوو کە کوردەکان شەش کەسیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن؛ چواریان خەڵکی هەورامان، یەکێکیان خەڵکی سەردەشت و یەکێکیش خەڵکی شنۆیە، هەروەها دووانەکەی دیکەیشیان خەڵکی قەڵادزێی باشووری کوردستانن.
پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا بۆ کوردستان بە رووداوی گوت: "رۆژی هەینی کاژێر 03:30 خولەکی دواینیوەڕۆ ئاگادارکراونەتەوە کە یەختێکی کۆچبەران لە رۆژئاوای دەریای ئیجەدا داوای هاوکاری دەکەن و ئێمەش هێزی سەربازیی دەریاوانیی کەناراوەکانی یۆنانمان ئاگادارکردووەتەوە."
وەک پێشڕەو عەبدوڵا دەڵێت، تاوەکو ئێستا کۆچبەرەکان رزگار نەکراون و لەنێو ئاودا ماونەتەوە.
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا بۆ کوردستان، باسی لەوەیش کرد، زانیارییان پێگەیشتووە کە لەنێو یەختەکەدا دەمەقاڵێ و شەڕ لەنێوان کۆچبەراندا دروستبووە و چەند کەسێکیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ