رووداو دیجیتاڵ
دوای هەشت کۆنفرانسی برۆکسل لەبارەی پشتیوانیکردنی سووریا، هێشتا ئاسۆیەکی روون بۆ چارەسەری ململانێی خوێناویی وڵاتەکە دیار نییە. بەشداربووانی کۆنفرانسەکە بۆ رووداویان دووپاتکردەوە کە جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 2254ی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاکە دەرەچەیە بۆ کردنەوەی گرێکوێرەی ململانێیەکە.
کۆنفرانسە ساڵانەییەکە لە 30ی نیسان بە گفتوگۆی کۆمەڵگەی سڤیل لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا دەستیپێکرد.
زنار شینۆ، نێردراوی رووداو چووە هۆڵی سەرەکیی پەرلەمانەکە کە کورسییەکانی پڕبوون لە نوێنەرانی کۆمەڵگەی سڤیل و ئەو وڵاتانەی خۆیان بە دۆستی خەڵکی سووریا دەزانن.
شتیفان شنێک، نێردەی تایبەتی ئەڵمانیا بۆ سووریا بە زنار شینۆی گوت، حکومەتی وڵاتەکەی "ساڵانە بایی یەک ملیار دۆلار یارمەتیی راستەوخۆ بە خەڵکی سووریا دەدات"؛ گوتیشی، سیاسەتی بەرلین بۆ چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی سووریا خۆی لە جێبەجێکردنی بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایش و گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی بە خەڵکی وڵاتەکەدا دەبینێتەوە.
بڕیارەکە نەخشەڕێگەی چارەسەری سیاسی و ئاشتیانەی ململانێی سووریایە کە کۆتایی ساڵی 2015 لە لایەن ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسندکرا.
بە گوێرەی بڕیارەکە سەرەتا دەبێت شەڕ بوەستێنرێت و خەڵکی سڤیل بپارێزرێن، دواتر دانوستاندنی نێوان لایەنەکانی سووریا بە پشتیوانیی نەتەوە یەگکرتووەکان دەستپێبکات و دەستوورێکی نوێ بنووسرێتەوە، رێگە بە گەیشتنی یارمەتییەکان بە سەرانسەری وڵاتەکە بدرێت، متمانە لەنێو لایەنەکاندا دروستبکرێت، لە نێویاندا لە رێگەی ئازادکردنی بەندکراوان و دیلەکانی جەنگ تاوەکو دەگاتە پێکهێنانی حکومەتێکی کاربەڕێکەر بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پاکوبێگەرد و رێگەدان بە گەڕانەوەی تەواوی ئاوارە و پەنابەرەکان، بەڵام بڕیارەکە تاوەکو ئێستا بە تەواوی جێبەجێنەکراوە.
دوای نزیکەی پێنج ساڵ لە پێکهێنانی لیژنەیەک کە حکومەت، ئۆپۆزیسیۆن و کۆمەڵگەی سڤیل تێیدا بەشدارن بۆ ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا، هیچ سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەستنەهێناوە.
حکومەتی سووریا بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد، زۆربەی هەرە زۆری ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵکردووەتەوە کە پێشتر لە لایەن گرووپە چەکدارەکان لەژێر دەستی دەرهێنرابوون؛ هەورەها زۆربەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبیش هەنگاوی بەرچاویان ناوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق و هاوینی پار کۆمکاری عەرەبی بە فەرمیی سووریای وەک ئەندام وەرگرتەوە، کە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی وڵاتەکە لە ساڵی 2011 کورسیەکەی لێ سەندرابووەیەوە؛ شەڕێک کە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 500 هەزار کەس و دەربەدەربوونی نیوەی دانیشتووانی پێش جەنگی وڵاتەکە.
شنێک جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتیی ئەورووپا سوورە لەسەر ئەوەی کە پێش جێبەجێکردنی بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیری لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق، بونیادنانەوەی سووریا یان هەڵگرتنی سزاکان لەسەر ئەو وڵاتە ناکەن.
لە ساڵی 2022ـەوە دانوستاندنەکانی لیژنەی دەستووری سووریا لە جنێڤ چەقیان بەستووە. گیێر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە سەرپەرشتی ئەو دانوستاندنانە دەکات، ئاداری ئەمساڵ گوتی، گفتوگۆی سیاسی "بە ئاراستەی هەڵەدا دەڕوات" و لیژنەکەش تاوەکو ئێستا "سەرکەوتنێکی کەمی بەدەستهێناوە."
نەجات روشدی، جێگرەکەی پیدەرسن لە کۆنفرانسەکەی برۆکسل بە رووداوی راگەیاند کە پێیانوایە لایەنەکانی ململانێی سووریا ویستی سیاسی و ئامادەیی سازشکردنیان نییە.
ئەو خانمە گوتی: "بۆ ئێمە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، هیچ چارەسەرێک نییە جگە لە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاساییش. بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاساییش روونە و هەموو هەلومەرج و بنەماکانی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی تێدایە،" بەڵام گوتیشی: "پێویستە سەرەتا هەموو لایەنەکانی ململانێیەکە ویستی سیاسییان هەبێت کە هەموویان بە هەندێ شتی پەیوەست بە چارەسەری سیاسی رازین و هەندێکی دیکەش رەتدەکەنەوە؛ هەروەها پێویستە ئامادە بن سازش بکەن."
روشدی جەختیشی کردەوە کە "لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ چارەسەرێک بێ سازش دروست نەبووە؛ پێویستە هەموو لایەنەکان سازش بکەن. بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاساییش تاکە بڕیارە کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی و لە سووریاش رێککەوتنی لەسەر کرابێت."
گفتوگۆکانی لیژنە دەستوورییەکە دوای ئەوە وەستان کە دیمەشقی هاوپەیمانی مۆسکۆ رەتیکردەوە لە سویسرا درێژە بە گفتوگۆکان بدات و داوای کرد شوێنی کۆبوونەوەکان بگۆڕدرێت، ئەوەش دوای ئەوەی کە بێرن لە بەرامبەر هێرشی سەر ئۆکراینا، سزای بەسەر رووسیادا سەپاند.
لە کۆنفرانسەکەی برۆکسلدا، یەکێتیی ئەورووپا ئەو رێکخراوە ناحکومییانەی بانگهێشت کرد کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریا، سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا کاردەکەن.
لامع محەممەد، بەڕێوەبەری هەرێمیی رێکخراوی مرۆیی بەهار، یەکێک لەو بەشداربووانە بوو کە لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کاردەکات و "لە بواری تەندروستی، خواردن و یارمەتیی [دارایی] راستەوخۆوە هاوکاریی خەڵکەکە دەکەن و لە دانانی پڕۆژەدا یارمەتییان دەدەن بۆ ئەوەی بتوانن بەرهەمێکیان هەبێت. هەروەها لە بواری ئاو و پاکوخاوێنیشدا یارمەتیی دەگەیێنین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ