رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک هاونیشتمانی لە ئەڵمانیا خەریکی خۆشکردنی ئاگری دارن بۆ لێنانی جێشتی جەژن، دەیانەوێت ئەم جەژنە جیاوازبێت، برنج و شلەی فاسۆلیا و بامێ، تەواوی خواردنەکانی دیکەش هەر بە ئاگری دار لێدەنێن. بۆ ئەم جەژنە هاتوونەتە نێو باخ و بە یادی کوردستان بە خواردن و نەریتی کوردەواری جەژنی رەمەزان پیرۆز دەکەن.
شادان ئەمین، کابانی ماڵە و بە رووداوی گوت، "پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان لە هەموو موسڵمانانی جیهان و بە تایبەتی کوردستان دەکەم. بەڕاستی ئەوە ئێمە ماوەی 21 ساڵە لە دەرەوەی کوردستان دەژین، زۆر تامەزرۆی خواردنێکی کوردەواریی بووین، بە تایبەتی لە سەر دار. ئیتر ئەمڕۆ هاتووین لەم باخە بە خۆشی خزم و کەسوکار دانیشین بە دار چێشت لێبنێین. بەڕاستی زۆر تامەزۆری بووین."
لەباری کەشوهەوا وایکردووە ئەو چەند خێزانەی شارەکانی هەڵەبجە، کەرکوک، کۆیە و سلێمانی لەوێ بەیەکەوە لە شاری ئێسنی ئەڵمانیا هاوشێوەی کوردستان کۆببنەوە.
عادل عەبدوڵڵا، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، "ئێمە لەم جەژنە کە لێرە کۆبووینەتەوە بە برایەتی و خۆشەویستی، هیوادارین کورد هەموو لە ناو یەکدا تەبا بێت بۆئەوەی هەموومان بتوانین پێکەوە قورسایی خۆمانمان هەبێت وەکو کورد."
دوای چەند کاژێرێک چێشتەکانی سەر ئاگری دار ئامادەن و خوانەکەیان پێ دەڕازێننەوە. کۆرۆنا بۆ نزیکەی دوو ساڵ جەژن و شادی لە کوردانی دیاسپۆرا تێکدا، بەڵام ئێستا دەرگەکان کراوەن و ئەم خێرانانەش شادن بە دووبارە کۆبوونەوەیان بە کۆمەڵ لەگەڵ یەکدا.
بەهار شەرەف نورەڵڵا، کارمەندی پەروەردەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "بەڕاستی من زۆر زۆر لام گرنگە کە لە جەژندا بەیەکەوە کۆدەبینەوە، ئیتر جەژنی نەورۆزبێت، بێگومان جەژنی نەورۆز تایبەتترە، بەڵام ئێستاش هەر خۆشحاڵ بووین کە لێرە کۆبووینەتەوە و نامانەوێت دابونەریتی خۆمان لەبیر بکەین، فێری منداڵەکانیشمان دەکەین کە جلی کوردی لەبەر بکەن، جلی کوردی بباپرێزن و کولتور و دابونەریتی وڵاتی خۆمان بپارێزن، چونکە ئەگەر ئێمە نەمێنین و فێریان نەکەین، کولتورەکەمان لە ناودەچێت."
ئارڤین، تەمەنی 13 ساڵە و بە رووداوی گوت، "من هەموو رەمەزان بە رۆژوو بووم، ئێستا زۆر زۆر خۆشە لەگەڵ خێزانەکەم کۆبووینەتەوە و جەژن دەکەین. جەژن لە هەموو خەڵکی کوردستان پیرۆزبێت."
نزیکەی چوار ملیۆن و 700 هەزار موسڵمان لە ئەڵمانیا دەژین، واتا 5.7% دانیشتووی ئەڵمانیا موسڵمانن، بوونی ئەم رێژەیەش وایکردووە کە خوێندکارانی موسڵمان، یەکەم رۆژی جەژنیان پشوو بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ