وەزیری بەرگریی ئەمریکا سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات

03-03-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا گەشتێک بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات و سەردانی سێ وڵاتی ناوچەکە بکات.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، "لۆید ئۆستن گەشتێك بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات سەردانی وڵاتانی ئیسرائیل، میسر و ئوردن دەکات." 
 
بەپێی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، سەردانی وەزیرەکەیان لە چوارچێوەی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکایە، لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەمەبەستی زیاترکردنی پێکەوەکاردن و فراوانکردنی هاوئاهەنگییەکانیان لە بوارە جیاجیاکاندا.
 
گەشتەکەی ئۆستن لە رۆژی یەکشەممە، 5ی ئەم مانگە لە ئوردونەوە دەستپێدەکات، پاشان سەردانی میسر دەکات، لەدوایین وێستگەشی دا، رۆژی پێنجشەممە سەردانی ئیسرائیل دەکات.
 
لەو کاتەی کە پۆستەکەی وەرگرتووە، ئەمە دووەم سەردانی ئۆستنە بۆ ناوچەکە و پێشبینی دەکرێت پرسی ئێران، شەڕی ئۆکراینا، سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر رووسیا و کێشەی نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیل تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی بن لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە.
 
سەردانەکەی ئۆستن لە دوای چەند سەردانێکی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا لە مانگی کانوونی دووەم و شوباتی ئەمساڵ دێت کە تێیدا لاڤرۆڤ هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی و کۆکردنەوەی پاڵپشتی و دروستکردنی هاوپەیمانێتی نێوان ئەو وڵاتانە و رووسیای دا. 
 
یەکێک لە پەڕاوە جێی نیگەرانییەکانی ئیدارەی بایدن، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە، کە رۆژی سێشەممە 28ـی شوباتی 2023، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پشتڕاستی کردەوە چەند گەردیلەیەکی یۆرانیۆمیان لە وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێراندا بەدیکردووە، کە پوختەکردنەکەیان گەیشتووەتە 83.7٪. ئەوەش لەکاتێکدایە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆم، ئێران پێویستی بە پوختەکردنی یۆرانیۆمەکەیە بە رێژەی 90٪. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە