رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رزگارکردنی بارمتەیەکی ئەمریکی لە دەستی رفێنەرەکانی بەبێ زیان راگەیاند. وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەش ئاشکرایکرد، هێزە تایبەتەکانی کۆماندۆزی وڵاتەکە، لە کردەیەکی نهێنی سەرکێشانەدا، توانیوویانە بارمتەیەکی وڵاتەکەیان لە دەستی رفێنەرەکانی رزگار بکەن.
سەرۆکی ئەمریکا لە یەکێک لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی خۆیدا بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی وڵات،، پاش راگەیاندنی هەواڵی رزگارکردنی بارمتە ئەمریکیییەکە گوتی، ئەو ئێستا لە نێو ماڵ و منداڵەکەی خۆیدایە و دڵخۆشە.
بڵاوکراوەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لەبارەی رووداوەکەوە، هیچ وردەکارییەکی نەدرکاند، تەنیا ئاشکرایکرد بارمتەکە لەمیانی کردەیەکی سەربازیدا لە باکووری نایجیریا ئازادکراوە.
جۆناسان هۆفمان، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکرد، بارمتە ئەمریکییەکە لەدەستی کۆمەڵێک چەکداردا بووە و ئازادکراوە، ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە و لە کردەکەدا، هیچ سەربازێکی ئەمریکی بریندارنەبووە.
میدیای ئەمریکی، ئەوکات ئاشکرایانکرد، بارمتەکە بەر لە چەند رۆژێک لە باکووری نایجیریا کەوتووەتە دەستی رفێنەران، لە نزیک سنووری نێوان نەیجەر و نایجیریا.
رۆژنامەی 'گاردیان'ی بەریتانی، وردەکاری پرۆسەی رزگارکردنەکەی ئاشکراکردووە، نووسیویەتی ئێوارەی دووشەممەی پێشوو، لە دەوروبەری گوندێکی ناسراو بە Massalata لەباشووری نەیجەر، کە 10 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی نایجیریاوە دوورە، لە کێڵگەیەکدا کە گەنجێکی ئەمریکی و هاوسەرەکەی و منداڵە دوو ساڵانەکەی دەژیان، بارمتە ئەمریکییەکە لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە رفێنراوە، ئەوان بارمتەکەیان بۆ باکووری نایجیریا گواستەوە، بۆ ناوچەیەک کە چەکدارانی قاعیدە تێیدا چالاکن و داعشیش تێیدا باڵادەستە.
رۆژنامە بەریتانییەکە گوتوویەتی، پاش دڵنیابوونەوە لە گەیشتن بەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان، رفێنەرەکان دواتر پەیوەندییان بەباوکی بارمتەکەوە کردووە، کە 30 ساڵە وەک موژدەبەخشێکی مەسیحی لە نەیجەردا کاردەکات، ئەوان پێیانڕاگەیاندووە کوڕەکەی کە ناوی فیلیپ والتۆنە، لەژێر دەستی ئەواندایە.
بەپێی 'گاردیان' رفێنەرەکان باوکی فیلیپیان ئاگادارکردووەتەوە، ئەگەر یەک ملیۆن دۆلاریان سەرانە نەداتێ، کوڕە 27 ساڵانەکەی رادەستی قاعیدە یان داعش دەکەن.
رۆژنامەی گاردیان ئەوەی خستووەتە روو، کە ویستی چەکدارەکان بەو شێوەیە نەکەوتووەتەوە کە هیوایان بۆ خواستووە، بەڵکو لەبری ملیۆنێک دۆلار، ژمارەیەک ئەندامی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا داویەتی بەسەریاندا.
پاش پەیوەندیکردنی باوکی رفێنراوەکە، بە دەزگا فەرمییەکانی وڵاتەکەیەوە، ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا 'سی ئای ئەی'، شوێنپێی رفێنەرەکانی بەهۆی ئەو تەلەفۆنەوە هەڵگرتووە، کە رفێنەرەکان پەیوەندییان بە باوکی فلیپ کردووە. بەدواداچوونی مانگە دەستکردەکان بۆ شوێنی تەلەفۆنەکە، دەریخستووە لە نیوەشەوی هەمان ئەو رۆژەدا کە فیلیپی تێدا رفێنراوە، سیگناڵی تەلەفۆنی چەکدارەکان لە ناوچەیەکی دارستانی باکووری نایجیریاوە بەکارهێنراوە.
بەپێی رووداوەکانی پاشتری چیرۆکەکە، تیمی رزگارکردنی فیلیپس، لە یەکەکانی کۆماندۆزی ئەمریکا دروستکراوە، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو تیمەی بۆ رزگارکردنی بارمتە ئەمریکییەکە دروستکراوە، ئەندامی تیمی SEAL Team Six کە پرۆسەی کوشتنی ئوسامە بن لادن، سەرۆکی رێکخراوی قاعیدەیان 9 ساڵ لەمەوپێش لە پاکستان ئەنجامدا.
تیمەکە بەهێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا، گەیەندراونەتە باکووری نایجیریا و لە ناوچەکانی نزیک سنووری نێوان نایجیریا و نەیجەر دابەزیوون، دواتر لە تاریکیی شەودا، روویانکردووەتە ئەو ناوچەیەی سیگناڵی مۆبایلەکەی لە نێو دارستانە چڕەکانەوە لێهاتووە.
رۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز'ی ئەمریکی گوتوویەتی، دەستنیشانکردنی سیگناڵی تەلەفۆنی بەکارهاتوو، لە پەیوەندی رفێنەرەکان بە باوکی فیلیپەوە، رۆڵی یەکجار گرنگی هەبووە لە دەستنیشانکردنی شوێنی چەکدارە رفێنەرەکاندا.
ئەوەشی ئاشکراکردووە تیمی پێکهێنراو بۆ رزگارکردنی بارمتەکە نزیکەی 30 کۆماندۆس بوون، "ئەوان کاژێرێک بەرلە خۆرهەڵاتن، هێرشیان کردووەتە سەر چادرەکانی رفێنەرەکان، ئەمەش پاش ئەوەی بەهۆی درۆنەکانی چاودێرییەوە، توانیویانە لە بوونی ژمارەیەکی بەرچاوی چەکدار لە چادرەکاندا دڵنیا ببنەوە".
رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتە روو، چیرۆکەکە بە پێکدادانی نێوان کۆماندۆزەکان و چەکدارە نەیجەرییەکان کۆتاییهاتووە، لەو شەڕەدا 6 چەکدار کوژراون.
تۆڕی 'ئەی بی سی نیوز'ی ئەمریکی، گوتوویەتی چەکدارەکان کاتێک بەئاگاهاتوون، کۆماندۆزەکانیان بەسەر سەری خۆیانەوە بینیووە، لە کۆی حەوت رفێنەر، شەشیان کوژراون، بارمتەکەش هیچ زیانێکی پێنەگەیشتووە.
پێنتاگۆن دواتر روونیکردەوە، بارمتەکە لەپاش ئازادکردنی، بەیاوەریی تیمی کۆماندۆزەکە بەرەو نیامی پایتەختی نەیجەر براوە و لەوێ، بە ماڵباتەکەی شاد بووەتەوە. ئەوەشی ئاشکراکردووە کردەی رزگارکردنەکە، بە رەزامەندی ترەمپ کراوە.
دۆناڵد ترەمپ لە تویتێکیدا لەدوای پرۆسەکەوە گوتی: "لەوڵاتێکی دوور.. هاووڵاتییەکی ئەمریکییان رفاند و وامانلێکردن هیوابخوازن هەرگیز ئەو کارەیان نەکردایە. لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری چەکداردا پێکیاندادا، ژمارەی قوربانییەکانمان سفر بوو، هاووڵاتییە ئەمریکییەکەش ئازادکرا".
سەرۆکی ئەمریکا، لە کاتی راگەیاندنی هەواڵی ئازادکردنی بارمتە ئەمریکییەکەدا گوتی: "نەتەوەکەمان سڵاو بۆ سوپاکەی دەنێرێت، ئەو سوپایەی کردەی رزگارکردنەکەی زۆر لێهاتووانە جێبەجێکرد، ژمارەیەکی کەمی خەڵک دەتوانن ئەو کارە مەزنە بکەن".
کردەی رفاندنی هاووڵاتییە ئەمریکییەکە، پاش نزیکەی شەش مانگ هات لە کردەیەکی تۆقێنەر لە نەیجەر، کاتێک لە ئابی رابردوودا چەکدارانی سەرپشتی مۆتۆڕسکیل، هێرشیان کردە سەر کارمەندانی فریاگوزاری فەرەنسی و نەیجەری لە باخچەیەکی ئاژەڵانی خشۆک، لە نزیک نیامی پایتەخت و 6 کەسیان کوشت.
هەرچەندە تائێستا ناسنامەی هێرشکارەکان دیار نییە، بەڵام چاودێران پێشبینی تێوەگلانی ئەندامانی بزووتنەوە یاخیبووە پەرگیرەکانی ناوچەی کەناراوەکانی ئەفریقیا بە ئەنجامدەری کارەکە دەزانن.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، چەندجارێکە هۆشداری لەبارەی چالاکبوونی رێکخراوەکانی قاعیدە و داعش لە ئەفریقیا پێدەگات. پێشتر 'سەنتەری ئەفریقیا بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان' ئاشکرایکردبوو، نزیکەی 25 گرووپی ئیسلامیی پەرگیر لە ئەفریقیادا چالاکن، لە کاتێکدا ساڵی 2010 ژمارەی گرووپە چالاکەکان لە ناوچەکەدا تەنیا 5 گرووپ بوو.
رۆژنامەی 'تایمز'ی بەریتانی گوتوویەتی، چالاکبوونی گرووپە چەکدارییەکان، سەرئێشەی بۆ هێزەکانی وڵاتان لە ناوچەکەدا دروستکردووە، بەتایبەت فەرەنسا کە نزیکەی 5 هەزار سەربازی نیشتەجێی بەردەوامی لە نجامینای پایتەختی چاد هەیە.
بەپێی هەمان رۆژنامە، ئەمریکا دوو بنکەی سەربازیی هەمیشەیی و 4 پێگەی نیمچە هەمیشەیی لە نەیجەردا هەیە. هەروەها ئەمریکا سەرقاڵی بونیادنانی فڕۆکەخانەیەکی تایبەت بەدرۆنەکانیەتی لە نەیجەر، کە تێچووەکەی 100 ملیۆن دۆلارە و لە نزیک شاری ئاگادیز لە باکووری نەیجەر دروستدەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ