رووداو دیجیتاڵ
مادە فلۆری و پۆلیفلۆرە ئەلکیلەکان، لە هەزاران مادەی دەستکردی کیمیایی پێکدێن؛ لە پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە خۆراک و بەرهەمەکانی دیکەدا بەکاردەهێنرێن. بەپێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان بوونەتە هۆی چەندین نەخۆشیی "کوشندە."
ئەو مادانە لە سەرانسەری جیهاندا بوونەتە هۆی پیسبوونی خۆراک و ئاوی خواردنەوە و مەترسیی گەورەیان بۆ سەر ژیانی مرۆڤ دروستکردووە.
پێکهاتەیەکی کیمیایی هاوبەش لەو مادانەدا هەیە، ئەویش بەندی نێوان کاربۆن و فلۆرە کە یەکێکە لە بەهێزترین بەندەکان لە کیمیای ئەندامیدا و وا دەکات ئاو و گەرما کاریان تێنەکات و بە ئاسانی لە ژینگەدا شی نەبنەوە، بۆیەش پێیان دەگوترێت مادە کیمیاییە هەمیشەییەکان.
ئەو مادانە لە زۆر شتی ژیانی رۆژانەماندا بەکاردەهێنرێن، لەوانە بۆ پێچانەوەی خواردەمەنی، ناوپۆشکردنی تاوە و مەنجەڵەکان بۆ ئەوەی خواردنیان پێوە نەنووسێت، بەرهەمەکانی جوانکاری، جلی دژە ئاو، کەرەستەی ئاگرکوژێنەوە و دەرمانی مێروو قڕکەر.
ئەم مادە زیانبەخشانە لە جەمسەری باکوورەوە تا جەمسەری باشوور لە تەواوی گۆی زەوی هەن و ئاوی خواردنەوە و خۆراکیان پیسکردووە، لەوانەش میوە، سەوزە، ماسی، گۆشت و هێلکە.
ئەو مادانە هەروەها چوونەتە خوێنی مرۆڤیشەوە و لە رێگەی وێڵاشەوە بۆ کۆرپەلە و لە رێگەی شیرەوە بۆ منداڵ دەگوازرێنەوە.
لێکۆڵینەوە زانستییەکان دەری دەخەن کە ئەم مادانە بوونەتە هۆی زیادبوونی شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی رژێنی دەرەقی، جگەر و گورچیلە و کەمبوونەوەی کێشی کۆرپە و نەزۆکی.
بۆ خۆپاراستن لەو مەترسیانە، لە هەندێ بەرهەمدا مادەی دیکەی بێ زیان بەکاردەهێنرێن و هەندێ وڵاتیش بەشێکی ئەو مادە کیمیاییە مەترسیدارانەیان قەدەخەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ