رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی 158 درۆنی ئۆکراینای خستووەتەوە خوارەوە، کە دووانیان لە ئاسمانی مۆسکۆی پایتەخت بوون.
46 لەو درۆنانە لە ئاسمانی هەرێمی کورسک خراونەتە خوارەوە؛ ئەو هەرێمەی مانگی رابردوو ئۆکراینا هێرشی کردە سەر.
هەروەها 34 درۆنی دیکە لە هەرێمی بریانسک، 28 لە ڤۆرۆنێژ و 14ی دیکە لە هەرێمی بێگۆرۆد خراونەتە خوارەوە، کە ئەم هەرێمانە هەموویان هاوسنووری ئۆکراینان.
9 درۆنی دیکە لە قووڵایی خاکی رووسیا، لە ئاسمانی هەرێمەکانی دەوروبەری مۆسکۆ خراونەتەوە خوارەوە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، هێرشە درۆنییەکەی ئۆکراینا فراوان بووە و لە 15 هەرێم بەرپەرچی دراوەتەوە.
سێرگی سۆبیانین، شارەداری مۆسکۆ رایگەیاند، پاشماوەی تێکشکێنراوی یەکێک لەو دوو درۆنەی لە ئاسمانی شارەکە خراونەتە خوارەوە، بەر پاڵاوگەیەکی نەوت کەوتووە و بووەتە هۆی گڕگرتنی.
هێرشە درۆنییەکانیانی ئۆکراینا شەڕەکەیان گواستووەتەوە نێوجەرگەی رووسیا و دوور لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ. لە سەرەتای ئەم ساڵەوە ئۆکراینا هێرشەکانی بۆ سەر خاکی رووسیا زیادکردووە و کۆگا و پاڵاوگەکانی نەوتی بەئامانجکردووە بۆ ئەوەی هێرشی هێزەکانی رووسیا بۆ سەر خاکەکەی خاوبکاتەوە.
هەر لە رووسیا، ڤیاچسلاڤ گلادکۆڤ، پارێزگاری هەرێمی بێگۆرۆد گوتی، 11 کەس بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئۆکراینا بۆ سەر هەرێمەکەی برینداربوون.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، هەردوو شارۆچکەی پیڤیشنی و ڤیمکای لە هەرێمی دۆنێتسکی ئۆکراینا کۆنترۆڵکردووە.
سوپای رووسیا لە پێشڕەوی بەردەوامدایە و لە شاری پۆکرۆڤسک نزیکدەبێتەوە کە ناوەندێکی لۆجستیی هێزەکانی ئۆکراینایە لەو ناوچەیە.
بەرپرسانی ئۆکراینا دەڵێن، لە دووری 33 کیلۆمەتر لەو شارەوە 3 کەس بە تۆپبارانی رووسیا کوژراون.
بە گوێرەی هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا، لە شوێنەکانی دیکەی وڵاتەکە، 8 لەو 11 درۆنەی لە لایەن رووسیاوە هەڵدرابوون، خرانەخوارەوە.
بەرپرسانی هەرێمی سومی باس لەوە دەکەن، کەسێک بەهۆی تۆپبارانی رووسیا بۆ سەر هەرێمەکەیان کوژراوە و چواری دیکەش برینداربوون؛ هەروەها ئۆلێهـ سینیێهبۆڤ، پارێزگاری خارکیڤ برینداربوونی پێنج کەسی لە هەرێمەکەی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ