وەزیری دارایی بەریتانیا: هانی هەولێر و بەغدا دەدەین ناکۆکییەکانیان لەسەر پرسی وزە چارەسەر بکەن

02-09-2022
دیار کوردە @diyarkurda
نەدیم زەهاوی، وەزیری دارایی بەریتانیا
نەدیم زەهاوی، وەزیری دارایی بەریتانیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دارایی بەریتانیا رایگەیاند، هانی هەولێر و بەغدا دەدەن کێشەکانیان چارەسەر بکەن، چونکە باشبوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا هەوێنی خۆشگوزەرانی و سەقامگیریین بۆ هەموو عێراق.
 
نەدیم زەهاوی، وەزیری دارایی بەریتانیا، لە لێدوانێکی تایبەتدا وەڵامی دیار کوردە، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و رایگەیاند: "بەدڵنیاییەوە من هانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەدەم، کە سووربێت لەسەر هەنگاوەکانی بۆ گەیشتن بەوەی کە بتوانن بە یەکەوە کاربکەن تاوەکو هەموو عێراق سەقامگیر و جێگیر و خۆشگوزەران بێت".
 
نەدیم زەهاوی، وەزیری دارایی بەریتانیا بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی وزە و چارەسەرکردنی قەیرانی وزە، کە بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە دروستبووە، سەردانی واشنتنی کرد، بڕیاریشە ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ وەزیرانی دارایی گرووپی حەوت کۆببێتەوە و لە کۆبوونەوەکەی گرووپی حەوتیش باس لە پرسی نەوت و چۆنێتیی چارەسەرکردنی قەیرانی وزە دەکەن.
 
ناکۆکییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی وزە زیاتر بوون، کاتێک لە شوباتی ئەمساڵدا دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارێکی لە دژی هەرێمی کوردستان دەرکرد و رایگەیاند: یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان "نادەستوورییە."
 
وەزیری دارایی بەریتانیا دەڵێت: "من سەرۆکوەزیرانی عێراق دەناسم و ئەویش پشتیوانکارێکی گەورەیە لەوەی کە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق سەرکەوتووبن و ببنە هۆکاری خۆشگوزەرانی بۆ هەموو عێراق."
 
سەبارەت بە پلانی ناردنی کۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ رواندا، رووداو پرسیاری لە وەزیری دارایی بەریتانیا کرد، کە ئەو پرسە بە کوێ گەیشت؟ نەدیم زەهاوی گوتی: "بڕیاری ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا شوێنی خۆی گرتووە و دڵنیادەبینەوە لە جێبەجێکردنی".
 
دەقی پرسیار و وەڵامی دیار کوردە لەگەڵ نەدیم زەهاوی:
 
رووداو: ئێوە باستان لەوە کرد کە کاردەکەن بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانی وزەدا، هەروەها ئەم پرسە لە کۆبوونەوەکەتان لەگەڵ وەزیرانی دارایی گرووپی حەوت باس دەکەن. هەروەها رەنگە ئاگاداربن هەرێمی کوردستان رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەکانی نەوت دەکات، ئێستا حکومەتی عێراق دەیەوێت ئەمە بوەستێنێت و دەڵێت، یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان نادەستوورییە، گوشار لە کۆمپانیاکانی نەوت، کۆمپانیاکانی ئەمریکا و کۆمپانیا بیانییەکانی دیکە دەکەن لە وەبەرهێنان بوەستن، ئێوە هانی هەولێر و بەغدا دەدەن یان گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەن تاوەکو ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن؟  
 
نەدیم زەهاوی: زۆر هانیان دەدەین، پێموایە زۆر گرنگە سەرۆکوەزیرانی عێراق کە من دەیناسم پشتیوانکارێکی گەورەیە لەوەی کە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق سەرکەوتوو بن و ببنە هۆکاری خۆشگوزەرانی بۆ هەموو عێراق. بەدڵنیاییەوە من هانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەدەم کە بەردەوام بێت لەسەر ئەم هەنگاوانەی بۆ گەیشتن بەوەی بتوانن بە یەکەوە کاربکەن تاوەکو هەموو عێراق سەقامگیر و جێگیر و خۆشگوزەران بێت. ئەوەش دەزانم کە سەرۆکوەزیرانی کوردستان، بارزانی پێداگرە لەسەر ئەوەی دڵنیاببێتەوە کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت هایدرۆکاربۆنە بەنرخەکەیان هەناردەی تەواوی جیهان بکات، ئەمەش لەکاتێکدا ئێمە هەموومان پێویستمان بەوەیە بەیەکەوە کاربکەین بۆ هەبوونی سەقامگیری لە کەرتی نەوتدا، یەکێکیش لە هۆکارەکانی سەردانەکەی منە بۆ ئێرە و کۆبوونەوەم لەگەڵ وەزیری ئێلن. هەروەها بەشێک لەو قسانەش کە بیستت لەسەر جێگیری نرخی نەوت، ئێمە نامانەوێت شۆکێکمان لە کەرتی نەوتدا لە ساڵی 2023 و دواتریش هەبێت.
 
رووداو: پلانی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا بە کوێ گەیشت؟
 
نەدیم زەهاوی: ئەو بڕیارە شوێنی خۆی گرتووە و دڵنیادەبینەوە لەوەی کە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، حکومەت سوورە لەسەر ئەو بڕیارە و لەگەڵ حکومەتی رواندا لە کارکردنداین. رواندا شوێنێکە کە پێویستی بە کۆچبەری زیاتر هەیە. ئابووریی خۆی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بنیات دەنێت. پێموایە ئەوە بڕیارێکی دروستە و وڵاتانی دیکەی ئەوروپاش دەیانەوێت لەگەڵ حکومەتی رواندا و وڵاتانی دیکەش رێککەوتنی هاوشێوە بکەن. ئێمە ئەوە یەکەم وڵات بوو کە سەرنجمان لەسەر دانا، بەڵام وڵاتی دیکەش دەبن لە داهاتوودا.
 
رووداو: ئەمە هاوکار دەبێت لە چارەسەری قەیرانی کۆچبەریدا؟
 
نەدیم زەهاوی: پێموایە ئەمە وا دەکات ئەو مۆدێلە بازرگانییە تێکبشکێنێت کە مافیاکان و تاوانکاران دروستیان کردووە و قۆرخی خەڵکی بێ تاوان لە شوێنی جیاوازی جیهانەوە دەکەن و ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە لە رێگەی ئەو بەلەمە بچووکانەوە. بەڕاستی ئەمە زۆر خراپە و زۆر دڵشکێنە کە دەبینی ژیانی گەنج و خەڵکی بێ تاوان بەو شێوەیە لە دەست دەدرێن، خەڵکی بەو شێوەیە قۆرخیان دەکەن. بۆیە دەمانەوێت کۆتایی بەو بازرگانییە بهێنین. لەبەر ئەوەشە پێموایە بڕیارەکەی رواندا بڕیارێکی دروستە، چونکە ئەوە پەیامێکی زۆر روون دەنێرێت کە ئەگەر دەتەوێت بێیت بۆ شانشینی یەکگرتوو بە شێوەیەکی یاسایی داوای هاتن بکە، ئێمە تەماشای داواکارییەکەت دەکەین، بەڵام ئەگەر بە نایاسایی بێیت ئەوا راستەوخۆ دەنێردرێیتە رواندا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کۆچبەری ئەفغانستانی لە ئێران.

باڵیۆزی ئێران لە UN: تێچووی ساڵانەی کۆچبەرانی ئەفغانی لە ئێران 10 ملیار دۆلارە

سەعید ئیرەوانی، باڵیۆزی ئێران و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، شەوی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش رایگەیاند، ئێستا زیاتر لە 6 ملیۆن هاووڵاتی ئەفغان لە ئێران دەژین و تێچووی ساڵانەیان بۆ حکومەتی ئێران زیاتر لە 10 ملیار دۆلارە.