رووداو دیجیتاڵ
فەرەنسا دوای 7 ساڵ کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی بورخان لە ساحلی ئەفریقیا هێنا کە لە 5 وڵاتی ئەفریقی دژی گرووپە تووندئاژۆ ئیسلامییەکان بەڕێوەی دەبرد.
لەو ماوەدا 55 سەربازی فەرەنسا کوژران. فەرەنسا بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنێکی فراوانتر بەناوی تاکوبا دەکات کە لەلایەن چەند وڵاتی ئەفریقی بەڕێوەدەچێت. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت، ئەمە تەنیا شەڕی فەرەنسا نییە و دەبێت وڵاتانی دیکەش تێیدا بەشداربن، بەڵام ئەمریکا تاوەکو ئێستا راستەوخۆ بەشداری نەکردووە و تەنیا بە لۆجیستی بەشدارە. کشانەوەی هێزەکانی فەرەنساش ئەو مەترسییەی دروستکردووە کە گرووپە چەکدارە تووندڕەوەکان کەڵک لەو بۆشاییە ئەمنییە وەربگرن و هێرشەکانیان زیاتر بکەن.
فەرەنسا هێزەکانی خۆی خستووەتە پاڵ ئۆپەراسیۆنێکی فراوانتر بەناوی تاکوبا کە لەلایەن ژمارەیەک وڵاتی ئەفریقی بەڕێوەدەچێت، ماکرۆن پێیوایە کۆنتڕۆڵکردنی هەرەشەی گرووپە چەکدارییەکانی ئەفریقا بەتەنیا ئەڕکی فەرەنسا نییە.
فەرماندە ستیفان گۆوڤرنێت، فەرماندەی بەتاڵیۆنی هێزی ئیکۆنێکس لە مالی دەڵێت، "ئێمە شایەتی دووژمنان بووین دەیانویست شەریعە بەسەر خەڵکی بسەپێنن، نەیان دەهێشت منداڵان یاری تۆپی پێ بکەن، پانتۆڵی گوندنیشانیان کورت دەکردەوە، جلوبەرگی تایبەتیان بەسەر خەڵکدا سەپاند. بەچاوی خۆمان ئاسەواری برین بەسەر شان و پشتی خەڵکدا بینی کە نەچوونەتە ژێر باری ئەو یاسایانە."
کشانەوەی بەشێک لە سەربازانی فەرەنسا لەکاتێکدایە، ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر هەڕەشەی گرووپە چەکدارییە ئیسلامییەکان لە ئەفریقیا زوڵالترە، هەریەک لە قاعیدە، بۆکۆ حەرام و داعش لە مالی، چاد و بورکینیا فاسۆو نایجێر و چەند وڵاتێکی دیکەی ساحلی ئەفریقیا ناوە بەناوە گورزی گەورە دەوەشێنن و بەدەیان کەسی سڤیل و حکومی دەرفێنن.
ترس هەیە کشانەوەی هێزەکانی فەرەنسا لەم کاتەدا بۆشایی ئەمنی دروستبکات و گرووپە چەکدارەکانیش دەرفەتی لێ بقۆزنەوە. یان مالارد، فەرماندەی یەکەی هێلیکۆپتەر دەڵێت، "ئەوەی پەیوەندیی بە منەوە هەیە هێزەکانی نایجێرییەیە، لە مالی و چاد و وڵاتانی دیکەش بەهەمان شێوەیە، بۆیە بونیادنانی ئەو هاوبەشیەیە، واتا بونیادنانی توانا و متمانە و یارمەتیدانی ئەو هێزانەیە بۆ ئەوەی باش شەڕی گرووپە چەکدارییەکان بکەن. ئەم شەڕەش درێژە دەکێشێت، چونکە وەکو گوتم ئەمە ناوچەیەکی بەرفراوانە و سەرجەم گرووپە تیرۆرستییەکانێش بەسەر وڵاتدا دابەشبوونە."
دوای حەوت ساڵ لە ئۆپەراسیۆنی بورخان و خەرجکردنی ملیاران یۆرۆ، فەرەنسا لەژێر بەرپرسیارییەتییە گەورەکە هاتە دەرەوە.
ساحلی ئەفریقا خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنێکی گەورەتر بەبەشداری 13 وڵاتی ئەورووپی ئامادەدەکات، تاقیکردنەوەیەکی دیکە لەلایەن هێزە بیانییەکان و ئەو خەڵکەی کە لە 2013ەوە بوونەتە قوربانی شەڕی گرووپە جیهادییەکان.
داوا لە وڵاتی زیاترکراوە بێنە نێو ئۆپەراسیۆنی تاکوبا، لەنێویاندا ئەمریکا کە تاوەکو ئێستا رەزامەندی دەرنەبڕیوە، تەنیا پاڵپشتی لۆجیستی پێشکێشکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ