رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 1ی تشرینی دووەمی 2022، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کرد.
بەپێی راگەیێندراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی جەنگی رووسیا - ئۆکراینا و پرسە ناوچەییەکان کراوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیوەندییەکەدا رایگەیاندووە کە لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەردەوامن لە دەستپێشخەریی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشە پەیوەندیدارەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئیستەنبووڵ لەبارەی هەناردەکردنی دانەوێڵە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کردووە کە دڵنیایە کێشەی گواستنەوەی دانەوێڵە بە هاوئاهەنگیی چارەسەر دەکرێت و رێگە بەوە نادەن بگاتە ئاستی قەیران و بە شێوازێکی بونیاتنەرانە چارەسەری دەکەن و لایەنەکان لە سەرخستنی پرۆسەکە دڵنیا دەکەنەوە. جەختی لەسەر ئەوەش کردووە کە دوای ئەوە هانی هەنگاوەکانی گەڕانەوە بۆ دانوستاندن دەدەن.
هاوکات نووسینگەی رۆژنامەڤانیی کریملین لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەردۆغان و پووتین رایگەیاند، سەرۆکی رووسیا بە سەرۆککۆماری تورکیا راگەیاندووە، لە ئەگەری لێکۆڵینەوە لە هێرشی ئۆکراینا بۆسەر ناوچەی سیڤاستۆبۆل و پێشکێشکردنی گەرەنتیی لەلایەن کیێڤ بۆ پاراستنی رێڕەوی دەریایی بۆ گواستنەوەی دانەوێڵەکان، ئەوکاتە لە بڕیاری هەڵپەساردنی رێککەوتننامەی ئیستەنبووڵ پاشگەز دەبێتەوە.
پووتین هۆکاری هەڵپەساردنی تاکلایەنەی مۆسکۆ-ی بە ئەردۆغان راگەیاندووە کە حکومەتی کیێڤ لە رێگەی کەشتییەکان بەپاڵپشتیی چەکی وڵاتانی رۆژئاوا، ناوچەی سیڤاستۆبۆلی کردووەتە ئامانج و مەترسی خستووەتە سەر رێڕەوی دەریایی بۆ گواستنەوەی دانەوێڵە.
هەر ئەمڕۆ، مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە تویتێکدا رایگەیاندبوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی کێشەی هەڵپەساردنی کارکردن بە رێککەوتننامەی ئیستەنبووڵ بۆ گواستنەوەی دانەوێڵەی ئۆکراینا، پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ پووتین و زیلینسکی ئەنجام دەدات.
لەوکاتەوەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا سەریهەڵداوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان نۆ جار پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کردووە و چوار جار کۆبوونەتەوە. هەروەها هەشت جار پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ئەنجامداوە و جارێکیش کۆبوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ