رووداو دیجیتاڵ
هەواڵێکی خۆش دەگاتە هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا و لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێدا، ئەستێرەیەکی یانەکە دەگەڕێتەوە و خۆی بۆ یارییەکانی داهاتووی یانەکە ئامادەدەکات.
لامین یامال، ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنا لە یاریی بەرامبەر یانەی لێگانێس دوای بەرکەوتنی لەگەڵ یاریزانێک لە پاژنەی پێی راستیدا تووشی پێکانبوو و بەو هۆیەوە ماوەیەکە لە یاریگەکان دوورکەوتووەتەوە و بەشداریی لە دوو یاریی رابردووی یانەکەدا نەکردووە.
لەو یارییەدا بارسێلۆنا لە یاریگەی خۆیدا دۆڕا و دوای ئەوەش بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید سێ خاڵی دیکەی لەدەستدا و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەشەوە دابەزی بۆ پلەی سێیەم.
دوای 17 رۆژ لە تووشبوونی بەو پێکانە، سەرچاوە نزیکەکان لە یانەی بارسێلۆنا باس لە هەواڵێکی خۆش بۆ هاندەرانی یانەکە دەکەن و بە ئەگەری زۆرەوە رۆژی چوارشەممە، یەکەم رۆژی ساڵی 2025، لامین یامال دەگەڕێتەوە نێو مەشقە بە کۆمەڵەکان و خۆی بۆ یارییەکانی داهاتووی یانەکە ئامادەدەکات.
یامال لە ماوەی رابردوودا چووە دوبەی بۆ وەرگرتنی چارەسەرییەکانی پێکانەکەی و هەر لەوێش لە ئاهەنگی گڵۆب سۆکەردا، خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی بۆ ساڵی 2024 پێدرا.
یانەی بارسێلۆنا خۆی بۆ یاریی بەرامبەر یانەی بارباسترۆ لە جامی شای ئیسپانیا ئامادەدەکات، کە رۆژی 4-1-2025 بەڕێوەدەچێت، لامین یامال بەشداری لەو یارییەدا ناکات، بەڵام چاوەڕواندەکرێت یاریزانەکە بۆ بەشداریکردن لە جامی سوپەری ئیسپانیا لەگەڵ شاندی یانەکە بچێتە سعودیە و بۆ یاریی قۆناخی پێشکۆتایی جامەکە بەرامبەر یانەی ئاتلێتیک بیلباو ئامادەبێت کە رۆژی 8ـی مانگ بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ