لیۆناردۆ هه‌موو شتێكی له‌باره‌ی نه‌یماره‌وه‌ ئاشكراكرد

31-08-2019
ئیحسان تاهیر
A+ A-

رووداو ـ هه‌ولێر

لیۆناردۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزشیی پاریس سانجێرمان، له‌ دوای یاری یانه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر میتز، كه‌ 2 به‌ هیچ بردیانه‌وه‌، هه‌موو شتێكی له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی یانه‌ی بارسێلۆنا بۆ گرێبه‌ستكردن له‌گه‌ڵ نه‌یمار داسیلڤای ئه‌ستێره‌ی به‌رازیلی یانه‌كه‌یان ئاشكراكرد.

لیۆناردۆ، گوتی "سه‌باره‌ت به‌ نه‌یمار، رۆژی 27ی ئاب یه‌كه‌م ده‌سته‌واره‌ی فه‌رمیمان له‌ بارسێلۆناوه‌ پێگه‌یشت، ئێمه‌ ئاماده‌بووین بۆ دانوستان، به‌ڵام تاوه‌كو ئه‌مڕۆ نه‌گه‌یشتووینه‌ته‌ هیچ رێككه‌وتنێك".

به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزشیی پاریس سانجێرمان، هه‌روه‌ها گوتی "ئێمه‌ رێككنه‌كه‌وتووین، كاره‌كه‌ به‌ده‌ست بارسێلۆناوه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئێمه‌ به‌ر له‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ فرۆشتنی نه‌یمار ده‌مانه‌وێ شوێنی ئه‌و به‌ یاریزانێكی دیكه‌ پڕبكه‌ینه‌وه‌، له‌ مانگی ئابدا پێیانڕاگه‌یاندین كه‌ عوسمان دێمبێلی له‌نێو گرێبه‌سته‌كه‌دا ده‌بێت، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ فه‌رمی هیچ شتێكمان له‌ بارسێلۆناوه‌ پێنه‌گه‌یشتووه‌ ئه‌وه‌ دووپات بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و یاریزانانه‌ی خراونه‌ته‌ نێو گرێبه‌سته‌كه‌وه‌ رازی بوونه‌ بێنه‌ پاریس سانجێرمان".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی یانه‌ی پاریسی په‌سنی نه‌یماریشی دا و گوتی "نه‌یمار یاریزانێكی جیاوازه‌، پێشتر من نه‌مده‌ناسی، من زۆر رێزی لێده‌گرم، چونكه‌ هه‌ر یاریزانێك تواناكانی ئه‌وی هه‌بێت هه‌میشه‌ زۆر گرنگ ده‌بێت".

لیۆناردۆ له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا، گوتی "بارسا له‌ سه‌ره‌تای مێركاتۆدا گرێبه‌ستی گرنگی كردووه‌، تاكه‌ یانه‌شه‌ كه‌ بایه‌خ به‌ كڕینی نه‌یمار ده‌دات، هه‌ڵوێستی نه‌یمار روونه‌ و هه‌روه‌ها یانه‌كه‌شی، زیاتر له‌ جارێك دووپاتمانكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ رێگری له‌ رۆیشتنی ناكه‌ین ئه‌گه‌ر ده‌سته‌واره‌یه‌كی گونجاومان پێگه‌یشت، ئه‌وه‌ش تاوه‌كو ئێستا رووینه‌داوه‌. نه‌یمار به‌پێی گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ ئێمه‌دایه‌، هێشتا له‌سه‌ر فرۆشتنی رێكنه‌كه‌وتووین، هه‌ڵوێستی ئێمه‌ بۆ هه‌مووان روونه‌".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە