رووداو دیجیتاڵ
یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە سوود لە گواستنەوەی سێرخیۆ رامۆسی بەرگریکاری ئیسپانی وەربگرێت، لەوەتەی بە بێبەرامبەر لە ریال مەدریدی ئیسپانییەوە گواستوویەتییەوە ریزەکانی.
رامۆس نەیتوانیوە بەشداری لە هیچ یەکێک لەو 5 یارییەدا بکات، کە یانە فەرەنسییەکە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی داهاتوو ئەنجامی داون، ئەویش بەهۆی بوونی کێشەی جەستەیی، بەر لەوەی تووشی پێکانێکی ماسوولکەیی ببێت، کە بەهۆیەوە ناتوانێت بەشداری لە یاریی جامی سوپەری فەرەنسا بکات، کە لە نێوان پاریس سانجێرمان و لیل بەڕێوەدەچێت.
سێرخیۆ رامۆس مێژوویەکی دوور و درێژی لەگەڵ پێکانەکان هەیە، کە لەوانەیە ئەمە هەڕەشە لە کاروانەکەی لەگەڵ یانەی پاریسی بکات.
وەرزی رابردوو خراپترین وەرز بوو لە مێژووی رامۆسی تەمەن 35 ساڵیدا، کە لە ماوەی 200 رۆژدا بەهۆی پێکانەوە نەیتوانی بەشداری لە 32 یارییدا بکات.
لە کاتێکدا لە وەرزی 2019 - 2020ـیشدا، رامۆس تەنیا بەشداری لە 4 یاریی ریال مەدرید نەکرد، بەهۆی پێکان لە پاژنەپێی، کەچی لە وەرزی 2018 - 2019 بەهۆی پێکان لە ئەژنۆ لە 7 یارییدا یاریی نەکرد.
لە وەرزی 2017 - 2018 کە ریال مەدرید دوایین نازناوی چامپیۆنزلیگی تێدا بردەوە، رامۆس بەهۆی پێکانەوە لە 10 یاریی یانەکەی بێبەش بوو.
لە وەرزی 2016 - 2017 رامۆس 12 یاریی نەکرد، کە لەو وەرزەدا ریال مەدرید نازناوی لالیگا و چامپیۆنزلیگی بردەوە، کە لە وەرزی 2015 - 2016 بەشداری لە 11 یاریی یانەکەیدا نەکردبوو.
لە وەرزی 2014 - 2015 ریال مەدرید لە 9 یارییدا لە تواناکانی بەرگریکارەکەی بێبەشبوو، هەروەها لە لە وەرزی پێش ئەویشدا لە 6 یارییدا بەشداری نەکرد، بەڵام لە وەرزی 2011 - 2012 ریال مەدرید تەنیا 3 یاریی بەبێ رامۆس ئەنجامدا.
بەشێوەیەکی گشتی سێرخیۆ رامۆس لە وەرزی 2009 - 2010ـەوە بەهۆی پێکانەوە نەیتوانیوە بەشداری لە 98 یاریی ريال مەدريددا بکات، کە 32 لەو یارییانە لە وەرزی رابردوودا بوون.
چاودێران بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بارودۆخەی سێرخیۆ رامۆس لەگەڵ پێکانەکان و هەروەها بەو پێیەی خولی فەرەنسا بە هێزی جەستەیی و خێرایی یاریزانەکانی ناسراوە، بەتایبەتی کە ژمارەیەکی زۆر یاریزانی ئەفریقی یاریی تێدا دەکەن و یانەکان زۆر پشت بە هێرشی هەڵگەڕاوەی خێرا دەبەستن، پێشبینی دەکەن رامۆس لەم تەمەنەیدا نەتوانێت سەرکەوتوو بێت، تەنانەت هەندێکیان پێشبینی دەکەن گرێبەستێکی سەرکەوتوو نەبێت و رامۆس نەتوانێت رووبەڕووی یاریزانەکانی بچووکتر و خێراتر لەخۆی ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ