ڤیدیۆ؛ بەلجیکا لەنێو خاکی ئەڵمانیادا لە هەڵبژاردەی مانشافتەکانی بردەوە

29-03-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی بەلجیکا هەڵبژاردەی ئەڵمانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە یارییەکی دۆستانەدا، هەڵبژاردەی بەلجیکا لەنێو خاکی ئەڵمانەکاندا لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیای بردەو، کە بووە یەکەمجار لە 1954ـەوە ئەڵمانیا بەرامبەر بەلجیکا بدۆڕێت.
 
یارییەکە لەسەر یاریگەی راين ئینرگی ستاديۆن لە شاری کۆڵنی ئەڵمانی بەڕێوەچوو، کە تێیدا تیپی میوان بە ئەنجامی 3-2 لە تیپی خاوەن ماڵی بردەوە.
 
بەلجیکییەکان هەر زوو ویستییان تواناکانیان پیشانی ئەڵمانەکان بدەن و لە خولەکی 6 یانیک کاراسکۆ لە هەوڵێکی تاکەکەسیی جواندا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ میوانان تۆمارکرد.
 
دوای تەنیا 3 خولەک لەو گۆڵە، رۆمیلۆ لوکاکۆ گۆڵی دووەمیشی بۆ بەلجیکا تۆمارکرد و ئەنجامەکە بووە دوو بە هیچ لە بەرژەوەندی تیپی میوان، بەڵام تیپی خاوەن ماڵ نەیهێشت نیوەی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتایی پێبێت و نیکلاس فولکروگ خولەکێک بەر لە فیکەی ناوبژیوان گۆڵی یەکەمی بۆ ئەڵمانیا تۆمارکرد.
 
لە نیوەی دووەمدا یاریزانانی هانسی فلیک زۆر هەوڵیاندا ئەنجامەکە یەکسان بکەنەوە، بەڵام کیڤن دیبرۆین لە خولەکی 78 ئەنجامەکەی کردە 3-1 لە بەرژەوەندی بەلجیکادا.
 
تەنیا 3 خولەک بەر لە کۆتاییهاتنی کاتی ئاسایی یارییەکە، سێرج نابری گۆڵی دووەمی بۆ ئەڵمانیا تۆمارکرد، بەڵام خۆی و هاوڕێکانی فریای یەکسانکردنەوە نەکەوتن و ناوبژیوان فیکەی کۆتایی یارییەکە و سەرکەوتنی بەلجیکا بەسەر ئەڵمانیا بە ئەنجامی 3-2 لێدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە