هەنگاوە مەترسیدارەکە دەستپێدەکات.. سعودیە بە لێشاو ئەستێرەکانی پرێمەرلیگ دەگوازێتەوە

29-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خولی سعودی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی خولی سعودی لە گواستنەوەی بەلێشاوی ئەستێرەکان لە ئەوروپاوە بۆ خولی وڵاتەکەیان ناوەستن و دەیانەوێت لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا ژمارەیەکی دیکەی یاریزانە بەنێوبانگەکان ببەنە ریزی یانە جیاوازەکانیان.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی بەریتانیا، 9 یاریزانی پرێمەرلیگ بۆ گواستنەوەی هاوینی داهاتوو لە پلانی یانەکانی سعودیەدان و لەنێویاندا یاریزانی بەنێوبانگ و گەورە هەن.
 
دیارترین ئەو یاریزانەی یانەکانی سعودیە ماوەیەکی زۆرە رکابەری لەسەر گواستنەوەی دەکەن، محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی میسری و یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزییە، کە هاوینی رابردووش یانەی ئیتیحادی هەوڵی زۆری دەدا بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە، بەڵام لیڤەرپوول ئامادەنەبوو دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت.
 
بۆ هاوینی ئەمساڵ یانەکانی ئیتیحاد و هیلال رکابەری لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە دەکەن، ئەحمەد حوسام میدۆ، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی میسر و هاوڕێی محەممەد سەڵاح چەند رۆژێک لەمەوبەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیبووی "وەرزی داهاتوو محەممەد سەڵاح لە خولی سعودیە دەبێت."
 
یەکێکی دیکە لە یاریزانە بەنێوبانگەکان کە سعودییەکان هەوڵی گواستنەوەی دەدەن، کیڤن دیبرۆین، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتییە، کە یەکێکە لە ئامانجەکانی یانەی نەسڕی سعودی لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوو.
 
گرێبەستی دیبرۆین لەگەڵ مانچێستەر سیتی لە هاوینی 2025 تەواو دەبێت، یاریزانەکە هێشتا بڕیاری نەداوە لەگەڵ یانەکەی بەردەوامدەبێت یان دەڕوات، پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مان سیتی دەڵێت "نازانم هیچ دەستەوارەیەکی پێشکێشکراوە یان نا، بەڵام پێمخۆشە یاریزانەکە لە یانەکە بمێنێتەوە، هەرچەند دەبێت خۆی بڕیاری کۆتایی بدات کە دەیەوێت لەگەڵ یانەکە بەردەوامبێت یان نا."
 
ڤیرجل ڤان دایک، بەرگریکاری یانەی لیڤەرپوول، ئالیسۆن بیکەر، گۆڵپارێزی هەمان یانە، رافایێل ڤاران، کاسێمیرۆ و برونۆ فێرناندێز، یاریزانانی یانەی مانچێستەر یونایتد، بێرناردۆ سیلڤا، ناوەڕاستکاری یانەی مانچێستەر سیتی و ئاندریاس پێرێرا، بەرگریکاری یانەی فولهام، یاریزانەکانی دیکەن، کە یانەکانی سعودیە دەیانەوێت لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا رکابەری لەسەر گواستنەوەیان بکەن.
 
هەوڵی سعودییەکان بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەم یاریزانانە لەکاتێکدایە، بەشێکی یاریزانەکان گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەکانیان بەرەو کۆتاییدەچێت و یانەکانیشیان نایانەوێت بێبەرامبەر دەستبەرداریان ببن، بۆیە دەکرێت یانەکان لەبەرامبەر پارەیەکی باش بیر لە فرۆشتنی ئەو یاریزانانە بکەنەوە، ئەگەر یاریزانەکان رۆیشتن هەڵبژێڕن.
 
سعودیە لە دوای گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ یانەی نەسڕ، بەلێشاو ئەستێرەی لە خولەکانی ئەوروپاوە بردە یانەکانی وڵاتەکەی، ئێستا لە پاڵ کریستیانۆ، کەریم بنزیما، نەیمار داسیلڤا، ئێنگۆلۆ کانتێ، سادیۆ مانێ، فابینیۆ، ئەلیکساندەر میترۆڤیچ، مالکۆم ئۆلیڤێرا، میلینکۆڤیچ ساڤیچ، یاسین بونۆ، رۆبن نێڤێز، ئۆتاڤیۆ، رۆبێرتۆ فیرمینۆ، ریاز مەحرز و چەندین ئەستێرەی دیکەی بەنێوبانگ لەسەر ئاستی جیهان لە خولی وڵاتەکەدا یاریی دەکەن.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە