رووداو هەولێر
یەکێتیی تۆپی پێی رۆژئاوای ئاسیا، بەشێوەیەکی فەرمی داواکەی عێراقی بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا بۆ خوار تەمەن 23 ساڵ قبوڵکرد، بڕیارە یارییەکانی سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە هەردوو شاری هەولێر و بەغدا بەڕێوەبچن.
دوای پێدانی مافی یارییەکان بە عێراق، یەکێتئی تۆپی پێی ئاسیا دەرگای بۆ هەموو هەڵبژاردەکانی سنوری رۆژئاوای کیشوەری ئاسیا کردەوە و بەشێوەیەکی فەرمی داوایکرد هەر وڵاتێک دەیەوێت بەشداری بکات دەبێت تا کۆتای مانگی شوباتی ئەمساڵ نوسراوی بەشداریکردن پێشکەشی یەکێتییەکە بکات.
چوارەمجارە وەشانی پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا بۆ ئاستی خوار تەمەن 23 ساڵی ئەنجام دەدرێت، یەکەمجار پاڵەوانێتییەکە لە قەتەر لە 2015 سازکراوە، دواتر سعودیە لە 2021 و 2022 میوانداری یارییەکانی کردووە.
فیراس بەحرلعلوم، ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئێمە ئامادەین بەشێوەیەکی سەرکەوتوو میوانداری یارییەکانی رۆژئاوای ئاسیا لە هەولێر و بەغدا بکەین، لەسەر داوای خۆشمان مافی میوانداریمان وەرگرتووە".
یارییەکانی جامی کەنداوی 25 لە بەسرە کۆتایهات، بەڵام ئەوەی بۆ عێراق بووە جێگای شانازی بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو پاڵەوانێتییەدا ریکۆردی ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاندەران لە یارییەکان بوو کە 700 هەزار هاندەری تێپەڕاند، هەروەها هەڵبژاردەی عێراق نازناوەکەشی بردەوە.
لە مەراسیمی جامی کەنداوی 25 چیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا ئامادەبوو، هاتنەکەی لەسەر داوای یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بوو، بۆ ئەوەی گەمارۆی وەرزشی لەسەر یاریگەکانی عێراق هەڵبگیرێت.
ئەو ئەندامەی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق زیاتر روونیکردەوە "لە دوای جامی کەنداو بەشێوەیەکی فەرمی ئابڵۆقەی وەرزشی لەسەر یاریگەکانمان هەڵگیران و دڵخۆشین یارییە نێودەوڵەتییەکان لەنێو خاک و هاندەرانمان ئەنجامدەدەین، زۆر لە وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکە حەز دەکەن یارییەکان میوانداری بکەین، لەبەرئەوەی خەڵکی ئێمە عاشقی تۆپی پێن".
پێشتر عێراق میوانداری یارییەکانی پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیای بۆ ئاستی پێشکەوتووان لە ساڵی 2019 کرد کە یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان لە هەردوو شاری بەسرە و هەولێر بەڕێوەچوون، یاری کۆتایش لە شاری کەربەلا بوو، لە 2021 دا یارییەکانی جامی رۆژئاوای ئاسیا بۆ ئاستی لاوان یارییەکانی لە شارەکانی هەولێر، کەربەلا لەگەڵ بەغدا بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ