ڤیدیۆ؛ یانه‌كه‌ی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ دۆڕا

28-07-2019
ئیحسان تاهیر
.
.
A+ A-
رووداو ـ هه‌ولێر

یانه‌ی پۆرتلاند توانی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ و یانه‌كه‌ی کە لۆس ئه‌نجلس گالاكسییە تووشی شکست بکات و بە ئەنجامێکی گەورە لێیبردەوە.

یانه‌ی پۆرتلاند لە خولی یانەکانی ئەمریکا و لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، لە کۆمەڵەی رۆژئاوا میوانداری لۆس ئه‌نجلس گالاكسی كرد و به‌ 4 گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر له‌ زڵاتان و هاوڕێكانی برده‌وه‌.

كریسیان پارادێس له‌ خوله‌كی 37دا گۆڵی یه‌كه‌می بۆ پۆرتلاند تۆماركرد. 

دوای ته‌نیا 3 خوله‌ك ده‌رفه‌تێكی زێڕین بۆ زڵاتان ره‌خسا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كه‌ یه‌كسان بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئیبرا به‌پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی جاران له‌ده‌ستیدا.

دیێگۆ ڤیلێرا له‌ خوله‌كی 41دا گۆڵی دووه‌می بۆ پۆرتلاند تۆماركرد و ئه‌ركی لۆس ئه‌نجلس گالاكسی بۆ گێمی دووه‌م زۆر قورسكرد، كه‌ زڵاتان و هاوڕێكانی له‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كانیاندا شكستیان هێنا و ته‌نانه‌ت ئیبرا كارتێكی زه‌ردی وه‌رگرت و نزیكبوو له‌وه‌ی ناوبژیوان  كاره‌ته‌كه‌ی بۆ بكاته‌ سوور.

دوای خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی گالاكسی، پۆرتلاند له‌ رێگه‌ی پارادێس و ئیبۆبیسییه‌وه‌ له‌ خوله‌كه‌كانی 81 و 88 دوو گۆڵی دیكه‌ی تۆماركرد و یانەی پۆرتلاند سەرکەوت بۆ پلەی حەوتەمی ریزبەندی و 31 خاڵی هەیە، بەڵام دوو یاری کەمتری کردووە، تیپەکەی ئیبراهیمۆڤیچیش لە پلەی چوارەمە بە کۆکردنەوەی 37 خاڵ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە